لە پارێزگایەکی پیرو خەڵک لە رێگەی شەڕە بۆکس کێشەی نێوانیان یەکلایی دەکەنەوە

27-12-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

کۆتایی هەموو ساڵێک لە پارێزگای چومبیڤیلکانۆ لە وڵاتی پیرو لە ئەمریکای لاتین، هەر کەسێک کێشەی لەگەڵ یەکێکی دیکە هەبێت، لە فیستیڤاڵی تاکاناکووی بە شەڕە بۆکس یەکلایی دەکاتەوە.
 
لەم فیستیڤاڵەدا کێشە لەسەر زەوی، میرات و ئەو کێشانەی دەسەڵاتیش نەیتوانیوە چارەسەریان بکات، یەکلایی دەکرێنەوە.
 
خاوەن کێشەکان تەحەدای یەکدی دەکەن، کەسی دۆڕاو دەستبەرداری مافەکانی دەبێت، دواتریش باوەش بە کەسی براوەدا دەکات و پیرۆزباییشی لێدەکات.
 
کریستیان سیالکا، بەڕێوەبەری فیستیڤاڵ دەڵێت، "جاران خەڵك شەڕیان دەکرد لەسەر خاک، لەسەر میرات، یان لەسەر خۆشەویست، دوای ئەوەی دەسەڵاتداران نەیاندەتوانی چارەسەرێک بۆ ناکۆکییەکان بدۆزنەوە، شەڕی چارەسەرکردنیان داهێنایە سەر گۆڕەپان".
 
ئەم فیستیڤاڵە مێژووەکەی بۆ سەدەکانی رابردوو دەگەڕێتەوە، خەڵکی پارێزگای چومبیڤیلکانۆ نایانەوێت کێشە و ناکۆکیی نێوانیان لەگەڵ خۆیان ببەنە ساڵی نوێ. ئەوانەی بەشداری لە فیستیڤاڵەکە دەکەن، باوەڕیان وایە بەم جۆرە ئاشتی و پێکەوەژیان بەرقەرار دەبێت.
 
گویدۆ پریتۆ، دانیشتووی چومبیڤیلکانۆ دەڵێت، "خەڵکی بوێری خاکی چومبیڤیلکاسم، گوندی ڤیلی، ئەمە جێگەی شانازیی منە. کوڕەکەم لە کوسکۆ دادەنیشێت، بەڵام خوێنی چومبیڤیلکانۆ لە جەستەیدایە. ئەو حەزی بەم شەڕەیە، ئێمە بەم جۆرە بەهاکانی خۆمان دەپارێزین".
 
پیرو خاکێکی بەپیتی کشتوکاڵیی هەیە، یەکێک لە پێنج گەورەترین بەرهەمهێنەرەکانی ئەڤۆگادۆ، توتڕک، 10 گەورەترین هەناردەکاری قاوە و کاکاوە لە جیهاندا.
 
زۆربەی کێشەکانی خەڵکی چومبیڤیلکانۆ لەسەر زەوییە کشتوکاڵییەکانە، بەڵام کێشە لەسەر دزینی ئاژەڵ و خۆشەویستی و هاوڕێیەتیش هەر بەم رێگەیە چارەسەر دەکرێن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە