لە ئەفغانستان تائێستا 160 کەس بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستداوە

27-01-2023
هاوار عەبدولڕەزاق @HawarAAli
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

ماوەی دوو هەفتەیە ئەفغانستان رووبەڕووی شەپۆلێکی سەختی سەرما و سۆڵە بووەتەوە، بەو هۆیەوە تائێستا 160 کەس گیانیان لەدەستداوە.
 
رۆژی پێنجشەممە 26ی کانوونی دووەمی 2023، دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ئاشکرایانکرد، بەهۆی ئەو شەپۆلی بەفربارین و سەرماوسۆڵە کە لە رۆژی 10ی ئەم مانگەوە رووی لە هەندێ ناوچەی ئەو وڵاتە کردووە، 162 کەس رەقبوونەتەوە کە 82یان تەنیا لە ماوەی حەوت رۆژی رابردوو بووە.
 
شەفیعوڵڵا رەحیمی، گوتەبێژی ئیدارەدانی قەیرانەکانی ئەفغانستان رایگەیاند، زستانی ئەمساڵ ساردترین زستانە لە ئەفغانستان لە ماوەی 15 ساڵی رابردوودا، بە جۆرێک لە هەندێ ناوچەی شاخاوی ئەو وڵاتە پلەی گەرمی بۆ 34 پلە ژێر سفر دابەزیوە. 
 
ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵە و بەفربارینە هاوکاتە لەگەڵ ئەو قەیرانە ئابووری و سووتەمەنییەی رووبەڕووی ئەفغانستان بووەتەوە و زۆربەی خەڵکەکە بەهۆی هەژارییەوە توانای کڕینی سووتەمەنی و گەرمکردنەوەی ماڵەکانیان نییە.
 
هەروەها زۆر لە رێکخراوە خێرخوازییەکان بەهۆی بڕیارەکەی بزووتنەوەی تاڵیبانی دەسەڵاتدار بۆ قەدەخەکردنی کارکردنی ئافرەتان، کارەکانیان لەو وڵاتە هەڵپەساردووە، ئەمەش وایکردووە ئەو رێکخراوانەش نەتوانن هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەفغانییەکان دابین بکەن.
 
مارتن گریفس، بەرپرسی کاروباری هاوکارییە مرۆییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، لە گوشارەکانیان بەردەوامن بۆ ئەوەی تاڵیبان لەو بڕیارە پاشگەز ببێتەوە و رێکخراوەکان بتوانن هاوکاریی مرۆیی بۆ ئەفغانییە هەژارەکان دابین بکەن. 
 
هەروەها بەرپرسانی تاڵیبان ئاماژەشیان بەوە کردووە، بێجگە لە قوربانی مرۆیی، ئەو شەپۆلی سەرماوسۆڵەیە بووەتە هۆی رەقبوونەوەی زیاتر لە 70 هەزار سەر ئاژەڵ و مەڕوماڵات. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە