رووداو دیجیتاڵ
رووسیا دەڵێت، لانیکەم 20 درۆنی ئۆکراینایان تێكشکاندووە کاتێک هەوڵیانداوە قوڵایی خاکی رووسیا، لەوانەش مۆسکۆ، بکەنە ئامانج.
وەزارەتی بەرگریی رووسیا رۆژی یەکشەممە 26ـی تشرینی دووەم، رایگەیاند لانیکەم 20 درۆنیان لە ئاسمانی مۆسکۆ، تولا، کالوگا، بریانسک و چەند هەرێمێکی دیکە تێکشکاندووە.
بەگوێرەی ئەلێکسی دیومین، پارێزگاری هەرێمەکە، لە ئەنجامی هێرشەکەدا، کەسێک لە هەرێمی تولا برینداربوو، دوای ئەوەی کە پاشماوەی درۆنێکی تێکشکێنراو بەر باڵەخانەیەک کەوت.
هاوکات سێرگی سۆبیانین، سەرۆکی شارەوانیی مۆسکۆ گوتی، "شەوی رابردوو هەوڵی هێرشێکی درۆنیی گەورە درا."
بەرپرسانی دیکەی رووسیا ئاماژەیان بەوە کرد، ژمارەیەک درۆن لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی مۆسکۆ خراونەتە خوارەوە.
چاپەمەنیی رووسیا باس لەوە دەکات کە گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی سەرەکیی مۆسکۆی پایتەخت بەهۆی هێرشەکانەوە دواخران.
هێرشی فڕۆکەی سووخۆی - 25 بۆ سەر چەند پێگەیەکی نێو ئۆکراینا
بەیانیی رۆژی یەکشەممە، وەزارەتی بەرگریی رووسیا هەروەها رایگەیاند کە فڕۆکە جەنگییەکانی لە جۆری سووخۆی - 25 ژمارەیەک پێگە و سەنگەری هێزە ئۆکراینییەکانی لە گۆڕەپانی جەنگ لە هەرێمی دۆنێتسک لە نێوبردووە.
میدیای فەرمیی رووسیا لە زاری وەزارەتەکەوە رایگەیاند، "دەستەی هێرشبردنی فڕۆکەوانیی سووخۆی-25ـی هێزی ئاسمانیی رووسیا، لە سنووری ناوچەی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت، بە مووشەک هێرشیانکردە سەر پێگەی سەربازی و کەرەستەی جەنگیی هێزە چەکدارەکانی ئۆکراینا لە دۆنێتسک. مووشەکەکان دوو دوو، لە بەرزایێکی کەمەوە ئاراستەکران."
میدیاکە باس لەوە دەکات لە پاڵ وێرانکردنی سەنگەرەکان، هێرشەکە ژمارەیەک تانک و زرێپۆشی ئۆکرایناشی لەنێوبردووە.
یەکێک لە فڕۆکەوانە رووسیەکان دەڵێت، "ئەرکێکی شەڕکردنمان پێگەیشت و لە بنکەی ئاسمانیی دەستمان بە فڕین کرد. لە بەرزایێکی زۆر کەمدا گەیشتنە شوێنی ئامانجەکانمان، هێرشمان کردە سەر ئامانجەکە و دواتر ناوچەکەمان جێهێشت."
فڕۆکەی سووخۆی- 25 یاخود Su-25 بۆ پشتیوانیکردنی هێزی وشکانی دروستکراوە، کە دەتوانێت بە شەو و رۆژ کار بکات، هەروەها دەتوانێت بۆ لەنێوبردنی هەر ئامانجێک بەکاربهێنرێت. ئەم فڕۆکانە دەستکارییان تێداکراوە و پێشخراون، کە دیارترین جۆری بریتین لە Su-25SM, Su-25SM3 و جۆری Su-25UB کە تایبەتە بە راهێنان.
لە لایەنی ئۆکرایناش، سوپاسالاری ئەو وڵاتە رایگەیاند، هێزەکانی ئۆکراینا لە 24 کاژێری رابردوودا، 34 هێرشی رووسیایان لە کوپیانسک، باخمووت، ئەڤدیڤکا و مارینکا تێکشکاندووە.
نووسینگەی سوپاسالاری ئۆکراینا گوتی، "لە رۆخی چەپی رووباری دنیپرۆ لە هەرێمی خێرسۆن، بەرگریکارەکانی ئۆکراینا بەردەوامن لە پارێزگاریکردن لە سەنگەرەکانیان و زیانگەیاندن بە هێزەکانی رووسیا."
تەنیا لە رۆژی یەکشەممە، بە گوتەی سوپاسالاری ئۆکراینا، لە 42 شوێن شەڕ لە نێوان هێزە ئۆکراینا و رووسییەکاندا هەبووە، دەشڵێت، "دۆخی ئۆپەراسیۆنەکان لە رۆژهەڵات و باشووری وڵات هێشتا زەحمەتە."
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هێزی ئاسمانیی ئۆکراینا 11 هێرشی کردووەتە سەر سەنگەر و کەرەستەی جەنگیی رووسیا، "یەکینەکانی هێزی مووشەک هاویشتن حەوت پێگەی سەربازان، چەک و کەرەستەی جەنگی، چوار شوێنی تۆپ هاویشتن و کۆگایێکی تەقەمەنییان کردنە ئامانج."
وەکو سوپاسالاری ئۆکراینی باسی دەکات، لە وەڵامی ئەوەدا، رووسیا "3 هێرشی مووشەکی، 99 هێرشی ئاسمانی و 38 تۆپبارانی کردنە سەر پێگەکانی هێزی بەرگری و ناوچە سڤیلنشینەکان، هەروەها بە 75 درۆنی بۆمبڕێژکراوی جۆری شاهید 136/131 هێرشی کردووەتە سەر ئۆکراینا".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ