رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، لەماوەی یەک ساڵی رابردوودا لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان، راهێنانیان بە زیاتر لە 17 هەزار سەربازی ئۆکراینا کردووە، کە تەواویان پەیوەندییان بە سوپای ئۆکرایناوە کردووەتەوە.
رۆژی دووشەممە 26-6-2023، وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا بڵاویکردەوە، ساڵی رابردوو 17 هەزار سەربازی ئۆکراینی بەشدارییان لە راهێنانێکی 5 هەفتەیی "زۆر هیلاککەردا" کرد.
ئەو ناوەندی مەشقپێکردنە کە راهێنانی سەربازەکانی ئۆکراینای تێدا کراوە، حوزەیرانی ساڵی رابردوو لەلایەن بەریتانیا و 9 وڵاتی دیکەوە کە پێکهاتوون لە: کەنەدا، ئوسترالیا، نیوزیلاند، نەرویج، فینلاند، سوێد، دانیمارک، لیتوانیا و هۆڵەندا کراوەتەوە.
لە راهێنانەکەدا سەربازەکان لەسەر چەند توانستێکی تایبەت رادەهێنرێن، کە بریتین لە بەکارهێنانی چەک، پێشکێشکردنی خزمەتگوزاریی سەرەتایی مەیدانی شەڕ و تاکتیکی ئۆپەراسیۆن.
بێن واڵاس، وەزیری بەرگریی بەریتانیا دەڵێت، "سووربوون و بەهێزیی سەربازە نوێیە ئۆکراینییەکان لە هەموو تەمەنە جیاوازەکاندا بۆ راهێنانە سەربازییەکان لەگەڵ سەربازە بەریتانی و نێودەوڵەتییەکان، جێگەی دڵخۆشییە".
ئەو وەزیرەی بەریتانیا دەشڵێت، "بەریتانیا و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانی بەردەوام دەبن لە پێدانی هاریکاریی سەربازی بە ئۆکراینا؛ یارمەتی ئۆکراینا دەدەین لە بەرامبەر داگیرکاری سوپای رووسیادا بەرگری بکات".
بە گوێرەی وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا، لە سەرەتادا بەریتانیا ئامادەیی بۆ راهێنانی 10 هەزار سەربازی ئۆکراینا نیشاندابوو، بەڵام دواتر پرۆگرامەکە درێژکرایەوە و تاوەکو سەرەتای 2024 بڕیارە 30 هەزار سەرباز مەشق پێ بکات.
هەر ئەو وەزارەتە دەشڵێت، ئاژانسە هەواڵگرییەکانیان ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئەو راهێنانەی بە سوپای ئۆکراینا دەکرێت، گۆڕانکارییەکی گەورە لە کاریگەری سوپای ئۆکراینا لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی رووسیا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ