رووداو - هەولێر
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بڕیارەکەی دادگەی باڵای وڵاتەکەی بە "سەرکەوتن بۆ دەستوور، سەروەریی یاسا و سەروەریی ژیان" ناودەبات.
رۆژی هەینی 24-6-2022 دادگەی باڵای ئەمریکا بە زۆرینەی دەنگی دادوەرە نەریتخوازەکانی کۆتایی بە مافی دەستووریی لەباربردنی کۆرپەلە هێنا و دەسەڵاتی رێکخستنەوەی یاسای لەباربردنی بۆ ویلایەتەکان گەڕاندەوە. ئەوەش واتای ئەوەیە، لە نیوەی ویلایەتەکانی ئەمریکادا کە لە لایەن کۆمارییەکانەوە بەڕێوەدەبرێن، ژنان لەماوەی کەمی داهاتوودا چی دیکە ناتوانن کۆرپەلە لەبارببەن.
رۆژی شەممە، 25-6-2022، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکا لە گوتەیەکدا لە ویلایەتی ئیلینیۆی لەبارەی بڕیارەکەی دادگەی باڵای وڵاتەکەی قسەی کرد و گوتی: "دادگەی باڵا سەرکەوتنێکی بەخشییە دەستوور کە سەرکەوتنی سەروەریی یاسا و سەرکەوتنی ژیانە. ئەوەی ئەنجامدرا بریتیبوو لە وەڵامدانەوەی نزای ملیۆنان کەس. ماوەی چەندین دەیەیە ئەو نزایانە دەکرێن و ئێستاش وەڵامی ئەو نزایانە درانەوە".
زۆربەی ئەوانەی لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبوون پێشوازییان لە بڕیارەکەی دادگەی باڵا و گوتەکانی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەکرد و ئەویش رووی دەمی کردە خەڵکەکە و گوتی: "ئەو خۆشەویستییە زۆرە و ئەو قوربانیدان و پابەندبوونەی هەتانبووە وەڵامی درایەوە. پیرۆزباییتان لێدەکەم".
دادگەی باڵای ئەمریکا لە ساڵی 1789 دامەزراوە و باڵاترین دادگەی ئەو وڵاتەیە و سەرۆکێک و هەشت ئەندامی هەیە و تاوەکو لە ژیانیشدا بن ناگۆڕدرێن. سێ کەس لەوان لە لایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی پێشووی ئەمریکاوە دانران و بەو جۆرەش ژمارەی دادوەرە نەریتخوازەکانی دادگەکە بۆ پێنج کەس بەرزبووەوە.
ترەمپ لەبارەی دانانی دادوەرەکان لە سەردەمی ئیدارەکەیدا قسەی کرد و گوتی، کاتێک بانگەشەیە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی دەکرد بەڵێنیدا ئەو کەسانە بۆ ئەندامێتی دادگەی باڵا بەربژێر بکات کە "نوێنەرایەتیی دەستوور دەکەن و راستگۆیانە لێکدانەوە بۆ یاساکان" دەکەن و کە بووە سەرۆکیش ئەو کارەی کرد.
هەروەها رۆژی پێنجشەممە 23-6-2022 دادگەی باڵای ئەمریکا بڕیاریدا مۆڵەتی هەڵگرتنی چەک لە شوێنە گشتییەکان بە هەموو کەس بدرێت.
دۆناڵد ترەمپ لەبارەی ئەو بڕیارەش قسەی کرد و گوتی: "ئێمە سەرکەوتنێکی دیکەشمان لە دادگەی باڵا بەدەستهێنا؛ ئەوەی روویدا سەرکەوتن بوو بۆ ئەوانەی پاڵپشتی لە دووەمین هەموار دەکەن. هیچ کەسێک هاوشێوەی من دووەمین هەمواری دەستووری ئەمریکای نەپاراستووە".
"دووەمین هەموار"ـی دەستووری ئەمریکا دەڵێت: "هاووڵاتی مافی ئەوەی هەیە چەکی هەبێت و ئەو چەکە بۆ مەبەستی یاسایی بەکاربهێنێت، وەک بەرگریکردن لە خۆی لە نێو ماڵەکەیدا".
گوتەکەی ترەمپ لە کاتێکدایە، ماوەی دوو رۆژە خۆپێشاندان و ناڕەزایی لە بەرامبەر بڕیارەکەی دادگەی باڵای ئەمریکا تایبەت بە لەباربردنی کۆرپەلە لە لایەن بەشێک لە هاووڵاتیانی ئەمریکاوە دەستیپێکردووە.
بڕیارەکە لە لایەن بەرپرسانیشەوە کاردانەوەی بەدوادا هاتووە. رۆژی هەینی 24-6-2022 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا گوتی، ئەو سێ دادوەرەی لە لایەن دۆناڵد ترەمپەوە دانران هۆکاری ئەو بڕیارە بوون و ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەو بڕیارە "بیرکردنەوەی تووند و هەڵەیەکی گەورەی دادگەی باڵایە".
نانسی پیلۆسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاش هەمان رۆژ لەو بارەوە قسەی کرد و گوتی: "دادگەی باڵای تووندڕەو ئەمریکییەکانی بێبەشکرد لە مافەکانیان و تەندروستی و سەلامەتییان دەخاتە مەترسییەوە".
باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکاش لە تویتێکدا بڕیارەکەی بە "هێرش بۆسەر ئازادییە بنچینەییەکان" ناوبرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ