خەڵاتەکانی ئۆسکار؛ براوە دەتوانێت خەڵاتەکە بفرۆشێت؟

26-04-2021
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
نیشانەکردن ئۆسکار 2021
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

93یەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە وێستگەی ینیۆن و هۆڵی شانۆگەریی دۆلبی لە لۆس ئەنجلس بەڕێوەچوو، سینەماکاران بەسەر فەرشی سووردا رۆیشتن، بۆ نمایشکردنی خۆیان و جلوبەرگەکانیشیان ساتێک لەبەردەم کامێراکاندا وەستان.
 
رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکار کاژێر 03:00ی بەیانی بە کاتی هەولێر دەستیپێکرد، ئاهەنگەکە نە پێشکێشکاری هەیە نە ئامادەبوو، ئەمەش بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لەنێو سینەماکاراندا، ماسک لەو رێوڕەسمەدا نەکرابووە ناچاری.
 
ڤایرۆسی کۆرۆنا گۆڕانکارییەکی گەورەی لە بنەماکانی ئامادەکاری بۆ خەڵاتەکانی ئۆسکار کردووە، کە لە ئەمساڵدا زۆرتر نەرمیی تێدا پەیڕەو کراوە، بنەماکانی ئەکادیمیاکە بۆ چەندین ساڵی دوور و درێژ سوور بووە لەسەر ئەوەی کە پێویستە بەرهەمەکان لانیکەم بۆ ماوەی مانگێک لە یەکێک لە هۆڵی سینەماکانی لۆس ئەنجلس نمایش بکرێت، بۆئەوەی شایستەی ئەوەبێت بەربژێر بکرێت، کە وایکردووە ماڵپەڕە ئەلکترۆنییەکانی وەکو نێتفلێکس نموونەیەکی کورتی فیلمەکان پێشکێش بکات بۆئەوەی بەربژێر بکرێت بۆ گرنگترین خەڵاتە سینەماییەکان.
 
براوەی باشترین خەڵاتەکانی ئۆسکار بەمشێوەیە بوون:
 
1- فیلمی "Promising young women" خەڵاتی باشترین سیناریۆی ئۆریجیناڵی بردەوە.
2- فیلمی The father" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین سیناریۆی وەرگیراو بردەوە.
3- فیلمی Anothor Round خەڵاتی ئۆسکاری بۆ فیچەری نێودەوڵەتی بردەوە.
4- دانیێل کالویا ئۆسکاری بردەوە بۆ باشترین ئەکتەری یاریدەدەر لە فیلمی "Judas and the black Messiah".
5- سێرجیۆ لۆپێز، مایا نیل و جامیکا ویڵسن ئۆسکاریان بۆ باشترین مەیکئەپ و هەیرستایڵ لە فیلمی "ma rainey's black bottom" بردەوە.
6- ئان رۆس خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین دیزاینەری جلوبەرگ بردەوە.
7- ستۆدیۆی "Motion Picture & Television Fund" خەڵاتی ئۆسکاری رێزلێنانی بەبۆنەی 100 ساڵەی خزمەتکردنی لە کەرتی سینەما پێبەخشرا.
8- کڵۆوی چاو، خەڵاتی باشترین دەرهێنەری بۆ فیلمی "Nomadland" بردەوە.
9- فیلمی "Sound of Metal" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین سیستەمی دەنگی بردەوە.
10- فیلمی "Two distant strangers" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ کورتەفیلمی ئاکشنی زیندوو بردەوە.
11- فیلمی "If anything happens I love you" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین کورتەفیلمی ئەنیمەیشن بردەوە.
12- فیلمی "Soul" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلمی فیچەری ئەنیمەیشن بردەوە.
13- فیلمی "Colette" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ کورتە دۆکیۆمێنتاری بردەوە.
14- فیلمی "Tenet" خەڵاتی باشترین ڤیژواڵ ئیفێکتی بردەوە و هەریەکە لە ئەندرو جاکسن، دەیڤد لی، ئەندرو لۆکلی و سکۆت فیشەر، ئەو خەڵاتەیان لە کارکردنیان لەسەر ڤیژواڵ ئیفێکتی فیلمی تێنەت پێبەخشرا.
15- یون یوژون خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین خانمە ئەکتەری یاریدەدەر بردەوە بۆ رۆڵی لە فیلمی میناری.
16- فیلمی مانک خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین دیزاینی بەرهەمهێنان بردەوە.
17- فیلمی "My Octopus Teacher" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیچەری دۆکیۆمێنتاری بردەوە.
18- فیلمی "Sound of Metal" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئێدیت بردەوە. ئەم فیلمە لە دەرهێنانی دەرهێنەری ئەمریکی داریوس ماردەر-ە و ریز ئەحمەد ئەکتەری بەریتانیی بە رەچەڵەک پاکستانی رۆڵی ئەکتەری سەرەکیی تێدا دەگێڕێت. فیلمەکە یەکێکە لە فیلمە دیارەکانی ئۆسکاری ئەمساڵ و بۆ شەش خەڵات بەربژێر کرابوو، کە دیاترینیان باشترین ئەکتەر و باشترین فیلمە.
19-  فیلمی "Mank" بوو بە خاوەنی خەڵاتی ئۆسکار بۆ باشترین وێنەگرتنی سینەمایی. فیلمی مانک فیلمێکی درامیی کۆمیدییە و لە دەرهێنانی دەیڤد فینچەر-ە، ئەمە دووەمین خەڵاتە دەیباتەوە، دوای ئەوەی خەڵاتی باشترین دیزاینی بەرهەمهێنانی بردەوە.
20- فیلمی "Soul" بە وەرگرتنی خەڵاتی باشترین ئۆریجناڵ سکۆر بۆ بواری میوزیکی فیلم  بوو بە خاوەنی دووەمین خەڵاتی ئۆسکار. ئەم فیلمە فیلمێکی ئەنیمەیشنە و  فیلمێکی خێزانیی کۆمیدییە و پێتی دۆکتەر و کێمپ پاوەرس کاری دەرهێنانیان بۆ کردووە. هەریەکە لە ترێنت رێزنەر، جۆن باتیست و ئاتیکوس رۆس کاری میوزیکیان بۆ ئەم فیلمە ئەنیمەیشنە کردووە.
21- فیلمی "fight for you" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین گۆرانیی ئۆریجیناڵ بردەوە.
22- فیلمی "Nomadland" خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین فیلم بردەوە.
23- ئانتۆنی هۆپکینس خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین ئەکتەر بۆ فیلمی "The father" بردەوە.
24- فرانسیس ماکدۆرماند خەڵاتی ئۆسکاری بۆ باشترین خانمە ئەکتەر بۆ فیلمی "Nomadland" بردەوە.
 
براوەکانی خەڵاتی ئۆسکار چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
 
ملیۆنان کەس لە سەرتاسەری جیهان ساڵانە بینەری رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار دەبن، بەڵام زۆربەیان نازانن براوەکانی ئۆسکار چۆن هەڵدەبژێردرێن.
 
ئەکادیمیاکە 9300 راوێژکاری هەیە، دەنگ بە بەربژێر و براوەکان دەدەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمانە کێن و چۆن بوون بە دەنگدەر؟
 
دامەزراوەی ئەکادیمیا لە لۆس ئەنجلس 9362 ئەندامی هەیە، ئەندامان بەسەر 17 بەشی سینەما دابەشکراون، لە بەشی ئەکتەر و دەرهێنەرانەوە بگرە تاوەکو دەگاتە پرۆدیوسەر و دیزاینەر و ئەوانی دیکە.
 
هیچ ئەندامێک بۆی نییە لەو بەشەی خۆی دوورکەوێتەوە و لە بەشێکی دیکە دەنگ بە بەربژێرەکان بدات.
 
ئەوانەی دەیانەوێت ببنە ئەندام لە دامەزاوەی ئەکادیمی، دەبێت لەلایەن دوو ئەندامی هەریەکێک لەو 17 بەشەی ئەکادیمیاکە پاڵپشتی بکرێن، براوەی خەڵاتەکانی ئۆسکار و بەربژێرەکان دەتوانن بەبێ سپۆنسەر و پاڵپشتی ببنە ئەندام لەو دامەزراوەیە.
 
هەموو ساڵێک لەلایەن بۆردێک بەناوی بۆردی پارێزگاران چاو بە فایلی یەکە بەیەکەی ئەندامانی ئەکادیمی دەخشێندرێتەوە و بڕیاری کۆتایی لەسەر ئەندامبوونیان دەدرێت.
 
ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە، هەموو 10 ساڵ جارێک مۆڵەتیان بۆ نوێدەکرێتەوە، ئەمەش بۆ ئەوەیە ئەوانەی چالاک نین، لە دامەزراوەکە دووربخرێنەوە.
 
هەر ئەندامێکی دامەزراوەکە توانیی بۆ سێ دەیە بەسەر یەک چالاک بێت، مۆڵەتی هەمیشەیی بۆ دەنگدان پێدەدرێت.
 
ئەندامانی ئەکادیمی کێن؟
 
ماوەیەکی زۆر بوو دامەزراوەی ئەکادیمی ناسنامەی دەنگدەرانی ئاشکرا نەدەکرد، بەڵام لە ساڵی 2015دا و دوای ئاشکرابوونی سکانداڵێک کە دەرکەوت 93%ی شەش هەزار کارمەندەکەی ئەکادیمی سپیپێست بوون و 76%یان رەگەزی نێر بوون، هەرایەکی گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەو هۆیەشەوە گۆڕانکاریی تێدا کرا و ژمارەی کەمینەکان و ژنان لە دامەزراوەکە تاوەکو ساڵی 2020 دوو هێندە بوون، ئەکادیمیاش ئەمەی بە گەورەترین چاکسازی لە مێژووی خۆی ناساند تاوەکو رێوڕەسمەکە پڕچێژترین و پڕبینەرترین بمێنێتەوە.
 
دوای ئەو چاکسازییانە، ئێستا ئەکادیمیا یەک لەسەر سێی رەگەزی مێن، 19%ی ئەندامانیشی کەمینەن، 2100 ئەندامیشی کەسانی دەرەوەی ئەمریکان.
 
براوەکان چۆن هەڵدەبژێردرێن؟
 
هەموو ئەندامانی دامەزراوەکە مافی دەنگدانیان هەیە، ئەو بەربژێرەی زۆرترین دەنگ دەباتەوە، براوەیە، تەنیا بۆ بەشی خەڵاتی باشترین فیلم نەبێت کە سیستەمێکی تایبەتی دەنگدان بەکاردێت، فیلمەکان دابەشدەکرێن بەسەر زۆرترین خوازراو و کەمترین خوازراوەکان، فیلمەکان بە پاڵاوتن دەگەنە قۆناخی کۆتایی تاوەکو یەکێکیان سەرووی 50%ی دەنگەکان بەدەستدەهێنێت و دەبێتە خاوەنی خەڵاتی باشترین فیلم.
 
کاریگەریی پەتای کۆرۆنا لەسەر رێوڕەسمی ئۆسکار
 
کۆرۆنا بە ئاشکرا کاریگەریی بەسەر رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئەکادیمیی ئەمساڵ هەبوو، رێوڕەسمەکە نە پێشکێشکاری هەبوو نە ئامادەبوو، بەڵام سینەماکاران پێشبینی دەکەن کاریگەریی پەتای کۆرۆنا بەسەر رێوڕەسمەکەی ساڵی ئایندەش هەر بمێنێت.
 
بڕیاربوو 93یەمین رێوڕەسمی ئەکادیمی لە مانگی شوبات بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی کۆرۆناوە بۆ مانگی نیسان دواخرا، دامەزراوەی ئەکادیمی سوورە لەسەر ئەوەی ساڵی داهاتوو رێوڕەسمەکە لەکاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، ئەگەر لە ئێستاوە هەژماربکرێت تەنیا 10 مانگی ماوە، ئەو پرسیارە دروستبووە، کەرتی سینەما دەتوانێت لەو ماوە کەمەدا باشترین بەرهەمەکانی خۆی ئامادەبکات؟
 
سینەماکاران گەشبین نین بە وەڵامی ئەو پرسیارە، پێیانوایە ساڵی ئایندە رێوڕەسمی خەڵاتەکانی ئۆسکار کاریگەریی کۆرۆنای لەسەر دەمێنێت.
 
دەیڤ کارگەر، پێشکەشکار دەڵێت "کاتی هاتنی رێوڕەسمی ساڵی ئایندە بە 10 مانگ مەزەندە دەکرێت، چونکە ئەم رێوڕەسمە 14 مانگی خایاند، بۆیە کاتێکی کەم ماوە بۆئەوەی فیلم دەربهێندرێن و ببنە دەستپێک. کاتی بڵاوکردنەوەی فیلمەکان هێشتا نادیارە. خەڵکێکی زۆر ئەگەر سینەماکانیش بکرێنەوە، بەڕاستی بە ئاسوودەیی بۆیان ناچن. کاتێک ئەم هاوین یاخود پاییزە فیستیڤاڵی سینەمایی بەڕێوەدەچن، ئایا ئەستێرە گەورەکان بۆی دەچن؟ ئامادەی دەبن؟ دەیانەوێت بچن؟ لەبەر ئەم پرسیارانە پێموانیە رێوڕەسمی ساڵی ئایندە ئاسایی ببێتەوە. کاریگەریی کۆرۆنای بەسەرەوە دەمێنێت".
 
کۆرۆنا گەرموگوڕی و قەرەباڵخیی 93یەمین رێوڕەسمی دابەشکردنی خەڵاتەکانی ئۆسکاری کزکرد، بەڵام سینەماکاران دڵیان بەوە خۆشە کە سەرەڕای ئەو پەتایە، ئەمساڵ زۆرترین فیلم و بەربژێر بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا کرد، کێبڕکێکەیان بە زیندوویی هێشتەوە.
 
هۆکارێکی بۆ ئەوە دەگەڕێندرێتەوە، ئەم خەڵاتە 14 مانگ نێوانی هەبوو لەگەڵ رێوڕەسمەکەی ساڵی پار کە لە مانگی شوبات و بەبێ هیچ کێشەیەک بەڕێوەچوو.
 
دەیڤ کارگەر پێیوایە بردنەوەی خەڵاتی ئۆسکار بردنەوەی ئۆسکارە، "تۆ نازناوەکەت پێوە دەلکێت. ئینجا بەدەستی خۆت وەریدەگریت یاخود لەڕێگەی بەرنامەی زووم وەریدەگریت. ئەمساڵ زیاتر لە هەموو ساڵێک فیلم پێشکێش کران. لەبەر ئەم هۆکارە کێبڕكێکە لەنێوان بەربژێران بەرتەسکتریش بوو".
 
تێچووی دروستکردنی خەڵاتی ئۆسکار
 
رەنگە بەشێکی زۆر لە خەڵک وا پێشبینی بکەن، کە خەڵاتی ئۆسکار زیاتر لە ملیۆنێک دۆلاری تێبچێت، بەڵام خەڵاتی ئۆسکار 34 سم بەرزە و 3850 گرامە و دروستکردنی بە هەمووی تەنیا 500 دۆلاری تێدەچێت.
 
لە ساڵی 1950وە، بڕیارێک هەیە، کڕین و فرۆشتنی بە خەڵاتی ئۆسکار قەدەخە کردووە. کەسی فرۆشیار لە سەرەتادا دەبێت ئاگاداری ئەکادیمیا بکاتەوە و ئەگەر ئەکادیمیا بیەوێت خەڵاتەکە بۆ خۆی بە نرخی تەنیا "دە دۆلار" هەڵبگرێتەوە، دەبێت بە ئەوان بفرۆشرێت. ئەگەر ئەکادیمیا ئامادە نەبێت بەو بڕە پارەیە خەڵاتەکە بکڕێت، خاوەنەکەی دەتوانێت لە بازاڕ بیفرۆشێت.
 
لە ساڵی 1955ەوە، هەموو پەیکەرەکان ژمارەی زنجیرەیان لەسەر نووسراوە، بۆئەوەی کۆپی نەکرێنەوە. لە هەمان کاتدا، فرۆشتنی خەڵاتەکانی پێش ساڵی 1950 رێگەپێدراوە. لە ساڵی 1999 مایکڵ جاکسن خەڵاتی فیلمی (ئەولاتری با)ی بە نرخی یەک ملیۆن و 540 هەزار دۆلار کڕی. لە ساڵی 1996 ستیڤن سپیڵبێرگ پەیکەری فیلمی (لە یەک شەو ئەوە روویدا)ی بە نرخی 578 هەزار دۆلار کڕی، هەروەها خەڵاتی فیلمی (Jezebel)ی ساڵی 1938 بە 607 هەزار دۆلار لە مەزادخانەیەک کڕی و هەردوو پەیکەری پێشکێش بە مۆزەخانەی ئەکادیمیا کردەوە.
 
لە مێژوودا چوار جار ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتی ئۆسکار دواخراوە
 
دوای ئەوەی ئەکادیمیای هونەر و زانست و وێنەی جوڵاو و ناسراو بە ئۆسکار، بەهۆی کۆرۆنا ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکانی بۆ 26ی نیسانی ساڵی 2021 دواخست، لەکاتێکدا بڕیاربوو لە 28ی شوباتی 2021 بەڕێوەبچێت. ئەمەش یەکەمجار نییە ئەم رێوڕەسمە دوادەخرێت، بەڵکو لە مێژوودا چوار جار بە هۆکاری جیاجیا دواخراوە.
 
یەکەمجار لە ساڵی 1938 بووە، ئەویش بەهۆی لافاوی لۆس ئەنجلس دواخراوە، جارێکی دیکە لە ساڵی 1968 بەهۆی تیرۆرکردنی مارتن لوسەر کینگ، رابەری جووڵانەوەی مەدەنی لە ئەمریکا، و سێیەمجار لە ساڵی 1981 دوای هەوڵی تیرۆرکردنی رۆناڵد رێگان دواخراوە، جاری چوارەمیش ئەمساڵ بوو کە بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بوو.
 
بڕیاری دواخستنی خەڵاتەکانی ئۆسکار لە کۆبوونەوەیەکی تایبەتدا بڕیاری لەبارەوە دراوە، کە 54 کەس لە ئەندامانی ئەکادیمیاکە ئامادەی ببوون، لەوانە ستیڤن سپیلبێرگ و لورا دیرن و وبی گۆڵدنبێرگ، بەشێوەیەک کە سەرجەمیان رێککەوتوون لەسەر ئەوەی بەڕێوەچوونی ئاهەنگی دابەشکردنی خەڵاتەکان لە مانگی شوباتی ساڵی داهاتوودا جێگەی مەترسییە. بۆیە بۆ مانگی نیسان دوایان خستووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە