رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، ڤلادیمیر پووین، سەرۆکی رووسیا داوای کردووە لەگەڵی کۆببێتەوە و ئێستا سەرقاڵی دیاریکردنی رۆژێکن بۆ کۆبوونەوەکە.
رۆژی پێنجشەممە 9ـی کانوونی دووەمی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ حاکمەکانی سەر بە پارتەکەی لە ماڵەکەی خۆی لە مارالاگۆی فلۆریدا گوتی: "ئەو [پووتین] دەیەوێت کۆببینەوە، ئێستا سەرقاڵی رێکخستنی کۆبوونەوەکەین."
گوتەکانی ترەمپ هەفتەیەک پێش بەر لە دەستبەکاربوونەوەی وەکو سەرۆکی ئەمریکا دێت. ئەو لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردن گوتبووی لە ماوەی 24 کاژێردا کۆتایی بە جەنگی ئۆکراینا دەهێنێت.
سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گوتی: "سەرۆک پووتین دەیەوێت کۆببینەوە، ئەو تەنانەت بە ئاشکراش ئەوەی راگەیاندووە، ئێمە دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنین، ئەم جەنگە گێژاوێکی خوێناوییە."
لەوەتەی جەنگەکە دەستیپێکردووە، ترەمپ هیچ پێشنیازێکی بۆ وەستانی جەنگەکە و راگەیاندنی ئاگربەست نەکردووە، هەروەها رەخنەی لە هاوکارییە سەربازییەکانی ئەمریکا گرتووە کە پێشکێشی کیێڤی کردووە.
بە چەند کاژێرێک پێش گوتەکانی ترەمپ، لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە ئەڵمانیاوە بڕی 500 ملیۆن دۆلاری دیکەی پاڵپشتی سەربازی بۆ ئۆکراینا نارد.
شەڕی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە مانگی دووی ساڵی 2022ـەوە بەردەوامە، لەو کاتەوە ئەمریکا بە بەهای زیاتر لە 66 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازی پێشکەش بە ئۆکرانیا کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ