رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا وڵاتانی رۆژئاوا تۆمەتبار دەکات بەوەی یارمەتیی ئەو کەسانەیان داوە کە هەینیی رابردوو هێرشیان کردە سەر هۆڵێکی ئاهەنگەکانی مۆسکۆ و 133 کەسیان کوشت.
رووسیا پێیوایە ئۆکراینا بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستی لە هێرشەکەدا هەبووە. ڤیلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا دەڵێت، هێرشکارەکان "ئیسلامیی تووندڕۆن."
ئەلێکساندەر بۆرتنیکۆڤ، سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا رۆژی سێشەممە 26-03-2024 هەواڵگریی ئەمریکا و بەریتانیای تۆمەتبار کرد بەوەی یارمەتیی هێرشکارەکانیان داوە و گوتی، "بڕوامان وایە هێرشەکە لەلایەن ئیسلامییە تووندڕۆکانەوە ئامادە کراوە، بێگومان لەلایەن هەواڵگرییەکانی رۆژئاواوە کارئاسانیی بۆ کراوە و هەواڵگریی ئۆکرایناش پەیوەندیی راستەوخۆی بەوەوە هەبووە."
سەرۆکی ئاسایشی نیشتمانیی رووسیا باسی لەوەش کرد، هێرشکارەکان هەوڵیان داوە بچنە ئۆکراینا؛ کیێڤ ئەوە رەت دەکاتەوە. بۆرتنیکۆڤ گوتی، "نهێنییەکی بچووکتان پێ دەدەم: لەو دیوی سنوورەوە وەکو قارەمان پێشوازییان لێ دەکرا."
بۆرتنیکۆڤ ئاماژەی بەوەش کرد، ئەگەرچی رووسیا دەزانێت کێ هێرشەکەی کردووە، بەڵام "ئەوانەی کە فەرمانیان پێ کردوون هێشتا نەدۆزراونەتەوە."
دوای هێرشەکە، داعش چەند جارێک بەرپرسیارێتیی خۆی راگەیاند و ژمارەیەک وێنە و ڤیدیۆیشی بڵاوکردنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ