جیهان
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە نیویۆرک.
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی راگەیاند، نێردە تایبەتەکەیان لە دانوستاندنەکانی ئەستانەدا لە بارەی سووریا گفتوگۆی بونیادنەری هەبووە.
رۆژانی 24 و 25ی ئەم مانگە، لە پایتەختی کازاخستان 21ـەمین گەڕی دانوستاندنەکانی ئەستانە لە نێوان سێکوچکەی تورکیا، رووسیا و ئێران بە بەشداریی نوێنەرانی سووریا، لوبنان و ئوردن بەڕێوەچوو.
ستێفان دوجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداوی لە نیویۆرک راگەیاند، کە نەجات روشدی، نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری سووریا، لە دانوستاندنەکاندا بەشدار بووە.
دوجاریک لەو بارەیەوە گوتی، "خاتوو روشدی لە پایتەخی کازاخستان چەند گفتوگۆیەکی بونیادنەری لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتەکانی سووریا، رووسیا و تورکیا، لوبنان و ئوردن ئەنجامدا."
بە گوتەی دوجاریک، لەو کۆبوونەوانەدا نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان "جەختی لە گرنگیی کەمکردنەوەی دەستبەجێی گرژییەکان لەنێو سووریا بەتایبەتی و ناوچەکە بە گشتی کردەوە."
ئامانج لەم گفتوگۆیانە کۆتاییهێنانە بە شەڕی نێوخۆی سووریا کە لە ساڵی 2011 دەستیپێکرد و دواتر ژمارەیەک هێزی هەرێمی و نێودەوڵەتیش چوونەنێوی.
یەکەمین گەڕی ئەو گفتوگۆیانە لە سەرەتای ساڵی 2017 لە ئەستانە بەڕێوەچوو. رووسیا، تورکیا و ئێران وەک گەرەنتیکار و نەتەوە یەکگرتووەکانیش وەک چاودێر تێیاندا بەشدارە. لایەنی سەرەکیی گفتوگۆکانیش، حکومەتی سووریا و لایەنە سووریە دژبەرەکانیەتی.
تووندوتیژیی و جەنگەکە کەمبووەتەوە بەڵام تەواو نەبووە، لە کاتێکدا 20 گەڕی رابردووی دانوستاندنەکان شکستیان هێناوە لە گەیشتن بە چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ ململانێکە، کە بووەتە هۆی کوژرانی نیو ملیۆن کەس، ئاوارەبوونی 6.6 ملیۆن کەس لە نێوخۆی وڵاتەکە و کۆچبەربوونی 5.6 ملیۆنی دیکە.
ستێفان دوجاریک بە رووداوی گوت، نێردە تایبەتەکەیان پەیامی ئەوەی بە وڵاتانی بەشداربووی گفتوگۆکان گەیاندووە کە "کاری هەرە لەپێشینەی هاوبەش بریتین لە پاراستنی هاووڵاتییانی سیڤیل، دەستپێکردنەوەی کارەکانی لیژنەی دەستووری، پەرەدان بە دروستکردنی متمانە، پشتیوانیکردنی خەڵکی سووریا لە هەموو شوێنێک و جێبەجێکردنی بڕیاری 2254ـی ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکانە.
ئامانجی دانوستاندنەکان خۆیان لە چوار خاڵدا دەبینێتەوە کە بریتین لە:
- وەستاندنی تەواوەتیی جەنگ
- دروستکردنی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان
- ئاسانکاری بۆ گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان
- گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسیی درێژخایەن بۆ ململانێکە.
ئەنجوومەنی ئاساییشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە 18ی کانوونی یەکەمی 2015، بڕیارنامەی 2254ی پەسندکرد بۆ ئەوەی ئاگربەست لە سووریا رابگەیێندرێت، حکومەتێکی راگوزەر دابمەزرێنرێت، دەستوور هەمواربکرێتەوە و هەڵبژاردن بکرێت، بەڵام ئەوەش بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتووە لە کاتێکدا کە لیژنەیەکی تایبەتمەند بە ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ بۆ وڵاتەکە کە حکومەت و ئۆپۆزیسیۆن تێیدا بەشدارن، لە گەیشتن بە رێککەوتنێک لەسەر بنەما سەرەکییەکانی دەستوورەکە شکستیهێناوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ