شارەزایەکی سیاسەتی هۆڵەندا: دەبێت کورد بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو خۆی رێکبخاتەوە

25-11-2023
پەیمان محەممەد
بەختیار بەکر، شارەزای سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی هۆڵەندا و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
بەختیار بەکر، شارەزای سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی هۆڵەندا و نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان
نیشانەکردن دیاسپۆرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

شارەزایەکی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی هۆڵەندا دەڵێت، دەبێ کورد بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەو وڵاتە خۆی رێکبخاتەوە بۆ ئەوەی کاریگەریی زیاتری هەبێت. گوتیشی، ''ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی هۆڵەندا نابێتە مایەی دڵەڕاوکێی پەنابەران.''
 
لەو وڵاتە، لە بەرنامەی دیاسپۆرای تۆڕی میدیایی رووداو کە هێمن عەبدوڵڵا پێشکێشی دەکات، تاوتوێی لێکەوتەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هۆڵەندا و کاریگەرییەکانی لەسەر کوردانی دانیشتووی ئەو وڵاتە کرد.
 
ئەو شارەزایەی سیاسەتی هۆڵەندا دەڵێت، ''دیاسپۆرای کوردی بەشێکە لە کۆمەڵگەی هۆڵەندا و هەموومان هەڵگری رەگەزنامەی وڵاتەکەین، بۆیە جێگەی هیچ دڵەڕاوکێیەک نییە و دەبێت سەرقاڵی خۆڕێکخستنەوە بین، بۆ ئەوەی بتوانین لە هەڵبژاردنی چوار ساڵی داهاتوودا کاریگەرییەکی زیاترمان هەبێت.''
 
بەگوێرەی ئەنجامی هەڵبژاردنی هۆڵەندا کە رۆژی چوارشەممە، 22-11-2023 بەڕێوەچوو، پارتی ئازادی بە سەرۆکایەتیی ڤیڵدەرز، لەکۆی 150 کورسی، 35 کورسی پەرلەمانی بەدەستهێناوە و ئەمەش سەرپشکی دەکات سەرکردایەتیی گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هۆڵەندا بکات. ئەوە لەکاتێکدایە ئەو پارتە بەوە ناسراوە کە داوای داخستنی سنوورەکانی هۆڵەندا بە رووی کۆچبەراندا و کشانەوەی هۆڵەندا لە پەیمانە نێودەوڵەتییەکان بۆ پاراستنی مافەکانی پەنابەران و کۆچبەران دەکات.
 
بەختیار بەکر لەوبارەوە ئاماژەی بە مادەی یەکی دەستووری هەمیشەیی هۆڵەندا کرد کە تێیدا یەکلایی کراوەتەوە ''سەرجەم ئەوانەی لە هۆڵەندا دەژین، هاوتا و یەکسانن و ناتوانرێت جیاکاریی بەرامبەریان بکرێت، واتا کوردێک کە لە هۆڵەندا دەژی، بەرامبەر هاووڵاتییەک کە بە رەچەڵەک هۆڵەندییە، مافی یەکسانیان دەبێت.''
 
''ئەنجامی هەڵبژاردنی هۆڵەندا بۆ پەنابەران مەترسیدار نییە''
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی هۆڵەندا، ''راستە ئەنجامی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتە گۆڕانکاریی گەورە لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتیی چوار ساڵی داهاتووی دانیشتووانی هۆڵەندا دروست دەکات، بەڵام نابێتە مایەی دڵگرانیی ئەو کەسانەی لێرە دەژین، چونکە لەم وڵاتەدا یاسا و دادگە سەروەرن.''
 
بەرنامەی هەڵبژاردنی پارتەکەی ڤیڵدەرز بریتیی بوو لە بەڕێوەچوونی گشتپرسییەک بۆ دەرچوون لە یەکێتیی ئەوروپا. راگرتنی وەرگرتنی تەواوی پەناخوازان و گەڕاندنەوەی سەرجەم کۆچبەران لەسەر سنوورەکانی هۆڵەندا. بەڵام لایەنەکانی دیکەی هۆڵەندا ئامادە نین گفتوگۆی پێکهێنانی حکومەت لەگەڵ ڤیڵدەرز بکەن.
 
بەختیار بەکر باسی لەوە کرد، ''دوای هەڵبژاردن پێکەوەژیانی هۆڵەندا هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە و ئەوەی کە ئێستا باسی لێوە دەکرێت، واتا سنووردارکردنی وەرگرتنی پەنابەریش (پەناهەندە) پۆلێن دەکرێت و لە چوارچێوەی یاسادا کێشەکان چارەسەر دەکرێن.''
 
ئەو شارەزا سیاسییە دەنگدەری هۆڵەندی لەسەر ئاستی جیهان بە نموونەیەکی باش دەزانێت، ''چونکە بە شێوەیەکی گشتی دەنگێکی خۆڵەمێشییان هەیە و دوو رۆژ بەر لە هەڵبژاردنەکە 70٪ـی دەنگدەران هێشتا خۆیان یەکلایی نەکردبووەوە دەنگ بە کامە لایەن دەدەن.''
 
وەک بەختیار بەکر دەڵێت، ''حیزبەکەی ڤیڵدەرز جگە لە خۆی هیچ ئەندامێکی نییە و وەکو دامەزراوە یان رێکخراوێکە کە تەنیا خۆی تێیدا ئەندامە، بەرپرسە، کەسی یەکەمە، کۆنگرە نابەستێت و کۆبوونەوە ناکات، رەنگە تەنیا راوێژکاری هەبێت.'' 
 
زۆرجار دانوستاندنەکان بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێ چەند مانگێک دەخایێنن، بە هۆکاری ئەوەی پارتەکان دەیانەوێت زۆرترین داواکارییان لە کارنامەی حکومەتدا جێبەجێ بکرێت، ئەو شارەزایە سیاسییە پێشبینی ئەوە دەکات زووتر لە کابینەی پێشوو حکومەت پێکبهێنرێت، ''چونکە ئەم جارە دەنگدەر بە روونی قسەی خۆی کردووە و دەنگەکان هەڵگری پەیامی کۆمەڵانی خەڵکی ئەم وڵاتەن، دەبێ بە زووترین کات بە دەنگیانەوە بچن، ئەگەرنا، حیزبەکانی دیکەش تووشی رەخنە و ناکۆکیی نێوخۆیی زیاتر دەبنەوە.''
 
''هۆڵەندا؛ وڵاتی گوڵە جوانەکان''
 
هۆڵەندا بەروارد بە ئەڵمانیا و فەرەنسا و زۆربەی وڵاتانی دیکەی ئەندام لە هاوپەیمانیی ناتۆ و یەکێتیی ئەوروپا وڵاتێکی بچووکترە. بەختیار بەکر پێیوایە، کاریگەری یان پێگەی وڵاتان پەیوەندیی بە رووبەرەکەیانەوە نییە، ''سەرەڕای ئەوەی وڵاتی هۆڵەندا لەسەر نەخشەی جوگرافیی جیهان وڵاتێکی بچووکە، بەڵام لە رووی پێگەی سیاسی و ئابوورییەوە کاریگەرییەکانی یەکجار گەورەن و یەکێکە لە وڵاتە هەرە بەهێزکانی جیهان.''
 
ئەو شارەزایەی سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی هۆڵەندا ئاماژەی بەوە کرد، ''دوای ئەمریکا، هۆڵەندا دووەم وڵاتە بۆ هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵی، ئەم وڵاتە بە وڵاتی گوڵە جوانەکان ناسراوە و ساڵی رابردوو ملیارێک و 600 ملیۆن دەستەگوڵی هەناردەی دەرەوەی وڵات کردووە کە دەبێتە 60٪ـی هەموو گوڵی [هەناردەکراوی] جیهان.''
 
''هۆڵەندا لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاست بەرپرسیارێتییەکەیدا بووە''
 
بەختیار بەکر ئەوەشی خستەڕوو، ساڵی داهاتوو لووتکەی ناتۆ لە هۆڵەندا بەڕێوەدەچێت و رەنگە مارک رووتە، سەرۆکوەزیرانی کاربەڕێکەری ئەو وڵاتەش دوای دەستلەکارکێشانەوەی ببێتە سکرتێری ئەو هاوپەیمانێتییە. 
 
بە گوتەی ئەو شارەزایەی کاروباری هۆڵەندا، وڵاتەکە لە هەموو بوارێکەوە لە هەرێمی کوردستان و عێراق لە ئاست بەرپرسیارێتییەکانیدا بووە و تائێستا بۆ رێکخستنەوەی وەزارەتی پێشمەرگە پڕۆژەی هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.
 
بەختیار بەکر جەختی لەوە کردەوە، ''بە هاتنی ڤیڵدەرزیش ئەو بەرپرسیارێتییانە لە ئاست هەرێمی کوردستان و عێراق ناگۆڕدرێن، چونکە ئەمە پەیوەندی بە بەرژەندیی دوولایەنە هەیە.''

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە