رووداو دیجیتاڵ
دۆناڵد ترەمپ لە زیندانێکی جۆرجیا خۆی رادەستی پۆلیس کرد، پەنجەمۆری پێکرا و وەکو تۆمەتبار وێنەی گیرا، ئەوەش بۆ یەکەم جارە لە مێژووی وڵاتەکەدا سەرۆکێکی پێشوو وەکو تۆمەتبار وێنەی بگیرێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی (بەکاتی هەولێر)، دۆناڵد ترەمپ لە زیندانی ناوچەی فولتۆن لە ئەتلەنتا کە زیندانەکە ناوبانگی باشی نییە، خۆی بەدەستەوەدا. ئەوەش بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ گۆڕینی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020ـی ئەمریکا کە ترەمپ لە بەرژەوەندیی جۆ بایدن، هەڵبژاردنەکەی لەدەستدا.
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەبوو 200 هەزار دۆلار وەکو دەستەبەر بدات تاوەکو ئازادبکرێت، ئێستاش چاوەڕوانی رۆژی دادگاییەکەی دەکات. دوای ئەوە ترەمپ کەیسەکەی بە "بەلاڕێدابردنی دادپەروەری" ناوبرد.
ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس کە پێشتر بە تویتەر ناسرابوو، بۆ یەکەم جار لە دوای 2021 پۆستێکی کرد، ئەو وێنەیەی بڵاوکردەوە کە پۆلیس گرتبووی و لەسەری نووسیوە: "دەستوەردان لە هەڵبژاردن، هەرگیز خۆت بەدەستەوە مەدە."
ئێستا دۆناڵد ترەمپ لەپاڵ ئەو کەسایەتییە بەنێوبانگە ئەمریکییانەی دیکەیە کە پۆلیس وەکو تۆمەتبار وێنەی گرتوون لەنێویاندا، فرانک سینارتا و مارتن لوسەر کینگ جونیەر هەیە.
دۆناڵد ترەمپ بەربژێری کۆمارییەکانە بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی ئەمریکا و رکابەریی جۆ بایدن دەکات، بۆیە ئەم کەیسانە لە دژی وەکو "هەنگاوی سیاسی" دەبینێت.
بەپێی تۆماری پۆلیس لەدوای دەستگیرکردنەکەی، ترەمپ پیاوێکی سپی پێستە، باڵای شەش پێ و سێ ئینچە کە دەکاتە 192 سانتیمەتر. کێشی 97 کیلۆگرامە، چاوەکانی شینن و قژی زەردە. ژمارەی زیندانییەکەیشی P01135809ـە.
ترەمپ لەکاتی گەڕانەوەی لە زیندان بە رۆژنامەڤانانی گوت، "وا بیرم دەکردەوە کە هەڵبژاردنەکە دزراوە و فێڵی تێداکراوە، بۆیە هەموو مافێکم هەبوو کە ئەو کارە بکەم."
هەفتەی رابردوو دۆناڵد ترەمپ و 18 کەسی دیکە بە تۆمەتی دەستوەردان لە ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی 2020 لە ویلایەتی جۆرجیا تۆمەتبارکران. لەو ویلایەتە ترەمپ بە جیاوازیی 12 هەزار دەنگ هەڵبژاردنەکەی بە بایدن دۆڕاند.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ