رووداو دیجیتاڵ
ڤلادیمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، رۆژی پێنجشەممە، لە مینسکی پایتەختی بێلارووس بەشداریی لە لووتکەی رێکخراوی "پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵ" کرد و باسی لەوە کرد کە تواناکانی ئەو کۆمەڵە وڵاتە بۆ جێگیرکردنی هێز و وەڵامدانەوەی هەڕەشەکان زیادبووە.
پووتین لە کۆبوونەوەکەدا بە سەرکردەی وڵاتە هاوپەیمانەکانی گوت: "ژمارەیەک رێوشوێن گیراونەتەبەر لە پێناو بەهێزکردنی ئامادەیی بۆ دۆخی جەنگ، باشکردنی سیستمی فەرماندەیی و کۆنترۆڵ و زیادکردنی راهێنانی سەربازی."
ئەو هاوپەیمانییە ئەمنییە، کە رووسیا سەرکردایەتیی دەکات، بێ ئامادەبوونی ئەرمینیای ئەندامی، لووتکەکەی ئەنجامدا. ئەرمینیا بەهۆی نەبوونی پشتیوانی بۆ وڵاتەکەی لە ململانێی ناگۆرنۆ قەرەباخدا، لە رووسیا ناڕازییە.
پووتین بە ستایشەوە باسی لە رۆلی هاوپەیمانییەکە کرد و گوتی ئاشتی و ئاساییشی ناوچەکەی پاراستووە.
سەرۆکی رووسیا باسی لەوە کرد، "وڵاتەکانمان، لە نێویاندا رووسیا، بە هیچ شێوەیەک و لە هیچ شوێنێکی جیهان تیرۆر قبووڵناکەن. ئێمە بەیەکەوە ژمارەیەک رێکارمان دانا بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندڕۆیی، تاوانی نێونەتەوەیی، کۆچی نایاسایی و بەقاچاخبردنی مادەی هۆشبەر."
نیکۆل پاشنیان، سەرۆکوەزیرانی ئەرمینیا و بەرپرسانی دیکەی وڵاتەکەی جەختیان کردووەتەوە کە ئەرمینیا بەنیاز نییە لە هیچ کۆبوونەوەیەکی گرووپەکەدا بەشداربێت.
ئەرمینیا پێشتریش رەتیکردووەتەوە لە مانۆڕە سەربازییەکانی رێکخراوی پەیمانی ئاسایشی بەکۆمەڵدا بەشدار بێت، کە رووسیا، کازاخستان، قیرغزستان و تاجیکستان تێیدا ئەندامن.
بەرپرسانی ئەرمینیا هێزی ئاشتیپارێزی رووسیا کە لە دوای جەنگی 2020ـەوە لە هەرێمی ناگۆرنۆ قەرەباخ جێگیرکراون، تۆمەتباردەکات بەوەی نەیتوانیوە هێرشی ئازەربایجان بوەستێنێت، کە ئەیلوولی ئەمساڵ لە ئۆپەراسیۆنێکی 24 کاژێریدا، هەرێمەکەی لە دەستی ئەرمەنەکان دەرهێنا.
مۆسکۆ تۆمەتەکان رەتدەکاتەوە و باس لەوە دەکات کە سەربازەکانی ئەرکی ئەوەیان نەبووە دەستوەردان بکەن، هەروەها دەڵێت کە پاشنیان بە خۆی لە رێگەی داننان بە سەروەریی ئازەربایجان بەسەر ناگۆرنۆ قەرەباخدا، رێگەی بۆ رووخانی دەسەڵاتی ئەرمەنە جووداخوازەکان لە هەرێمەکە خۆشکردووە.
گرژییەکانی نێوان رووسیا و ئەرمینیا لەوێ نەوەستاونەتەوە، بەڵکو مۆسکۆ یەریڤان تۆمەتبار دەکات بەوەی کە لە رۆژئاوا نزیکبووەتەوە؛ بەڵام ئەلێکساندەر لوکاشینکۆ، سەرۆکی بێلارووس راشکاوانەتر رەخنەی لە ئەرمینیا گرت و بێ ئەوەی ناوی پاشنیان بێنێت گوتی، "پرسە کێشەلەسەرەکان پێویستە لەسەر مێزی دانوستاندن چارەسەربکرێن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ