رووداو دیجیتاڵ
داعش ڤیدیۆی هێرشەکەی شەوی هەینیی مۆسکۆی بڵاوکردەوە، کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 133 کەس و برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە.
ڤیدیۆکە خولەکێک و نیو درێژە، وا دەردەکەوێت لەلایەن ئەو چەکدارانەوە گیرابێت کە بە کلاشینکۆف و چەقۆ و دەمانچە هێرشیانکردە سەر هۆڵێکی کۆنسێرتەکان لە باکووری پایتەختی رووسیا.
لە ڤیدیۆکەدا، دەموچاوی هێرشکارەکان لێڵ کراون و دەنگەکانیشیان دەستکاریکراون بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە.
ڤیدیۆکە چەکدارەکان پێشاندەدات کاتێک کە لە لۆبیی هۆلی کرۆکۆس سیتین لە ناوچەی کراسنۆگۆرسک.
هێرشکارەکان دەست بە تەقە دەکەن، ژمارەیەک کەس بێ جووڵە لەسەر زەوی کەوتوون و لە پشتەوە ئاگر دەبینرێت.
ڤیدیۆکە لە کەناڵێکی تەلەگرامەوە بڵاوکراوەتەوە، کە رێکخراوێکی چاودێریی ئینتەرنێت دەڵێت، سەر بە ئاژانسی ئەعماقی داعشە.
ئەوە کوشندەترین هێرشی نێو خاکی کیشوەری ئەوروپا بوو، کە داعش بەرپرسیارێتیی خۆی لێ رابگەیێنێت.
بە گوێرەی کرێملین، 11 کەس دەستگیرکراون. چوار لەوانە ئەوانەن کە دەگوترێت هێرشەکەیان کردووە. مۆسکۆ دەڵێت، دوای هێرشەکە، هەوڵیانداوە بەرەو ئۆکراینا هەڵبێن.
نە ڤیلادمیر پووتینی سەرۆکی رووسیا و نە ئاساییشی وڵاتەکە، داعشیان بە هێرشەکە تۆمەتبار نەکردووە.
کیێڤ بە تووندی رەتیکردووەتەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت.
مارگاریتا سیمۆنیان، سەرۆکی تەلەڤزیۆنی نیشتمانیی رووسیا – RT، دوو ڤیدیۆی لێپێچینەوەی چەکدارە دەستبەندکراوەکانی بڵاوکردەوە. هەردووکیان دان بە هێرشەکەدا دەنێن، بەڵام ناڵێن کێ بۆیانی رێکخستووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ