رووداو دیجیتاڵ
نووسینگەی حکومەتی ئیسپانیا رایگەیاند، پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە، 27ی ئەم مانگە، بە سەردانێکی دوو رۆژی دەگاتە عێراق، بەوەش دەبێتە یەکەمین جار سەرۆکوەزیرانێکی ئەو وڵاتە ئەوروپییە سەردانی عێراق بکات.
ئەم سەردانە لە چوارچێوەی نەریتێکی ساڵانەی سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیادا دێت، کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە، ئەو هێزە ئیسپانییانە بەسەردەکاتەوە کە لە دەرەوەی وڵات جێگیرکراون. پار، سانچێز سەردانی لوبنانی کرد و ئەم ساڵ عێراقی هەڵبژاردووە.
سەردانەکەی بۆ عێراق لە کاتێکدایە کە لە 24ی ئایاری ئەم ساڵەوە ئیسپانیا بە فەرماندەیی ژەنەڕال خۆزێ ئەنتۆنیۆ ئەگوێرۆ مارتینێز، سەرۆکایەتیی هێزی ناتۆی لە عێراق گرتووەتە دەست.
حوزەیرانی ئەم ساڵ، وەزارەتی بەرگریی ئیسپانیا رایگەیاند کە 370 سەربازی ئیسپانی لە چوارچێوەی ئەرکەکانی ناتۆ و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە عێراق جێگیرکراون.
تیمی ناتۆ لە عێراق هیچ ئەرکێکی شەڕکردنی نییە و تەنیا راوێژ و راهێنان بە هێزە خۆجێیەکان دەدات.
ناتۆ دەڵێت، ئەرکی سەرەکیی تیمەکەی بریتییە لە یارمەتیدانی عێراق لە بەهێزکردنی دامەزراوە ئەمنییەکان و بەرەوپێشبردنی توانای هێزە ئەمنییەکانی بۆ ئەوەی بتوانن سەقامگیریی وڵاتەکەیان بپارێزن و رێگری لە گەڕانەوەی داعش بکەن.
دوایین سەردانی باڵای بەرپرسانی ئیسپانی بۆ عێراق، لە کانوونی دووەمی 2019 بوو کاتێک کە شا فلیپی شەشەم سەردانی بەغدای کرد و لە کۆشکی سەرۆکایەتیی سەلام لە بەغدا لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری ئەوکاتی عێراق کۆبووەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ