هەفتەنامەیەکی فەرەنسی بە تۆمەتی رەگەزپەرستی دادگایی دەکرێت

23-06-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە فەرەنسا بە تۆمەتی رەگەزپەرستی، هەفتەنامەیەک دادگایی دەکرێت. ئەمڕۆ پرۆسەی دادگاییکردنی هەفتەنامەکە کە ناوی ڤالۆغ ئەکچوێلە دەستیپێکرد. 
 
هەفتەنامەکە ساڵی رابردوو وێنەی دانیێل ئۆبۆنۆ، ژنە پەرلەمانتاری رەشپێستی چەپڕەوی وەکو کۆیلە پیشاندابوو و بڵاویکردبووەوە. لە وێنەکەدا دەردەکەوێت، تەوقێکی ئاسنین لە ملی ئەندام پەرلەمانەکە کراوە و زنجیرێکی ئاسنی پێوە بەستراوە.
 
دوای ئەو کارە مشتومڕهێنەی هەفتەنامەکە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ دانیێل ئۆبۆنۆ کۆبووەوە و "دژایەتیی روونی خۆی بۆ هەموو جۆرە رەگەزپەرستییەک دەربڕی"، ئەوە بە گوێرەی راگەیێندراوی کۆشکی ئیلیزێ کە ئەو کات بڵاوکرابووەوە.
 
هەفتەنامەی ڤالۆغ ئەکچوێل رەتیکردووەتەوە، وێنەکە هیچ رەگەزپەرستییەکی تێدابێت و گوتووشیەتی، ئەو بابەتە حەوت لاپەڕەییەی لەبارەی پەرلەمانتارەکە بڵاوکراوەتەوە، "کارێکی ئەندێشەییە، بەڵام خراپ نییە."
 
بە تۆمەتی "ئەنجامدانی هێرشی رەگەزپەرستانە،" لە دادگەیەکی پاریس لێپێچینەوە لەگەڵ ئێریک مۆنژەلوو، بەڕێوەبەری هەفتەنامەکە دەکرێت. هەروەها هەریەکە لە جیفۆری لۆژێن، سەرنووسەری هەفتەنامەکە و نووسەری باباتەکەش بە تۆمەتی بەشداربوون لەو کارە دادگایی دەکرێن. دانیێل ئۆبۆنۆ و پارتەکەی کە ناوی "فەرەنسای خۆنەچەمێن"ـە، پێشوازی لەو کارەی دادگە دەکەن.
 
پەرلەمانتارەکە رایگەیاند، بەشداری لە دادگاییکردنەکەدا دەکات بۆ ئەوەی "سەرکۆنەی بەئاساییکردنی کولتووری جیاوازیکردن لەنێوان رەگەزەکاندا، رەگەزپەرستی و ناشیرینکردنی بیانیەکان لە وڵاتدا بکات."
 
دوابەدوای گیانلەدەستدانی جۆرج فلۆید، هاوڵاتیی رەشپێستی ئەمریکی و خۆپێشاندانەکانی دژی رەگەزپەرستی لە ئەمریکا لە ئایاری 2020دا، لە فەرەنساش ژمارەیەک خۆپێشاندان دژی رەگەزپەرستی، تووندوتیژی پۆلیس و داگیرکاری ئەنجامداران. 
 
کاتێک کە ئیمانوێل ماکرۆن لە ساڵی 2019دا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ڤالۆغ ئەکچوێل ئەنجامدا و هەفتەنامەکەی بە "گۆڤارێکی باش" ناوبرد، بەشێکی زۆری فەرەنسییەکان لێدوانی سەرۆکەکەیان بە نامۆ ناوبرد.
 
ماکرۆن بەڵێنیداوە رەگەزپەرستی لە فەرەنسا ریشەکێش بکات، بەڵام دەشڵێت، حکومەتەکەی پەیکەر و مۆنۆمێنتەکانی سەردەمی داگیرکاری و بازرگانیی کۆیلەکان لانابات، پێچەوانەی ئەوەی کە لە وڵاتەکانی دیکەی وەکو ئەمریکا و بەریتانیا روویدا.
 
ئەو وێنەی کە بووە هۆی سزادانی رۆژنامەکە
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە