رووداو دیجیتاڵ
باڵەخانەی ماڵی تورک لە نیویۆرک رۆژی دووشەممە لەلایەن کەسێکەوە هێرشی کرایە سەر و پەنجەرەکانی شکێنرا.
دیمەنی هێرشکارەکە و ساتی هێرشەکە لەلایەن کامێراکانی چاودێرییەوە تۆمارکراون، بەڵام هێشتا ناسنامەی کەسەکە ئاشکرا نەکراوە و نازانرێت بۆچی ئەو کارەی کردووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
ماتیۆ میلەر، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا گوتی "ئێمە، ئەو هەواڵانەمان بیستووە، کە باس لە تێکدانی ماڵی تورک دەکەن، دەشتوانم پێتان بڵێم تیمی پاسەوانانی سەر بە وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکاندا دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە. ئێمە، سەرکۆنەی ئەو کارە تێکدەرانە دەکەین، تووندوتیژی دژی دیپلۆماتکاران لە ئەمریکا تاوانێكە کە سزای لەسەرە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا شەوی دووشەممە (22-5-2023) لە ئیستەنبووڵەوە داوای لە کاربەدەستەکانی ئەمریکا کرد، کەسەکە دەستگیر بکەن و رێکاری یاسایی بگرنەبەر.
ئەردۆغان گوتی "ئەگەر رووداوێکی هاوشێوە لە تورکیا رووبدات، چۆن لێی دەڕوانن؟ ئێستا ئێمەش بە بەرپرسانی ئەمریکا دەڵێین؛ ماڵی تورک لەوێ ئەمانەتی ئێوەیە، پێویستە ئەو تیرۆریستە بدۆزنەوە، کە جامەکانی ماڵی تورکی بە شیشێکی ئاسن شکاند".
هێرشەکەی سەر ماڵی تورک لە نیویۆرک تەنیا زیانی مادی لێکەوەتەوە. ئێستا دۆخەکە ئاساییە، ژمارەیەکی زۆری دەنگدەر چوونەتە ماڵی تورک و لەو سندووقانەی بۆ خولی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری تورکیا دانراون، لە کەشێكی ئارامدا دەنگ دەدەن. دەنگدان لەو بنکەیە رۆژی 20ـی ئایار دەستیپێکردووە و لە 24ـی ئایاردا کۆتایی دێت.
ماڵی تورک، دامەزراوەیەکە کە لەلایەن حکومەتی تورکیا "بەئامانجی پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بە رەوەندی تورکیا لە ئەمریکا دروستکراوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ