رووداو دیجیتاڵ
نەتەوە یەکگرتووەکان رایدەگەیێنێت لە 50 ساڵی رابردوودا، رێژەی ئەو کەسانەی بەهۆی کارەساتی سرووشتییەوە گیانیان لەدەستداوە بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە و کارەساتە سرووشتییەکان زیانێکی زۆریان لێکەوتووەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کە سیستەمی ئاگاردارکردنەوەی پێشوەختە خەڵکێکی زۆری لە مردن رزگار کردووە.
رۆژی دووشەممە، 22ـی ئایاری 2023، دەزگای کەشناسیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لە راپۆرتێکدا رایگەیاند "لە ساڵی 1970 تاوەکو ساڵی 2021، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەواوە گیانیان لەدەستداوە و تۆمارکراون، 11 هەزار و 778 کەس بووە".
بەگوێرەی دەزگاکە، کارەساتە سرووشتییەکان، بوونەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە 2 ملیۆن کەس گیان لەدەستبدەن و زیانە ئابوورییەکانیشی بە 4.3 تریلیۆن دۆلار خەمڵاندووە.
پێتێری تاڵاس، سەرۆکی دەزگای کەشناسیی جیهانی، لە بارەگای سەرەکیی دەزگاکە لە شاری ژنێڤی سویسرا رایگەیاند "بەداخەوە، کۆمەڵگە لاوازەکان قورسایی کارەساتەکانی تایبەت بە كەشوهەوایان دەکەوێتە سەر شان".
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەکردووە؛ %90ـی ئەو کەسانەی لە 51 ساڵی رابردوودا بەهۆی کارەساتەکانی کەشوهەوا لە جیهاندا گیانیان لەدەستداوە، لە وڵاتە پێشکەتووەکان بوون؛ بەڵام پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و پێشخستنی ئەو سیستەمانەی خەڵکی لە روودانی کارەساتە سرووشتییەکان ئاگاداردەکەنەوە، بووەنەتە هۆی ئەوەی رێژەی ئەو کەسانەی کە بە کارەساتەکانی پەیوەست بە کەش و هەواوە گیانلەدەستدەدەن، کەم ببێتەوە.
دەزگای کەشناسیی جیهانی، لە راپۆرتێکیدا کە ساڵی 2019 بڵاویکردبوویەوە، ئاماژەی بەوەدابوو لە ساڵانی حەفتاکان، ساڵانە زیاتر لە 50 هەزار کەس بەهۆی کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەواوە گیانیانیان لەدەستداوە، بەڵام لە دوای ساڵی 2010، ئەو کەسانەی بەو هۆکارەوە گیانیان لەدەستداوە، ساڵانە کەمتر لە 20 هەزار کەس بووە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لە نوێترین راپۆرتیدا دەڵێت "لە ساڵی 2020 و 2021، ئەو کەسانەی بە کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەواوە گیانیان لەدەستداوە، 22 هەزار و 608 کەس بووە".
بەگوێرەی پلانێکی نەتەوە یەکگرتووەکان تاوەکو ساڵی 2027، هەموو وڵاتانی جیهان، سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی تایبەت بە کەشوهەوایان دەبێت، ئەوە لەکاتێکدایە تائێستا "تەنیا نیوەی وڵاتانی جیهان سیستەمەکەیان هەیە".
رۆژی دووشەممە، 22-5-2023، کۆنگرەی دەزگای کەشناسیی جیهانی لە شاری ژنێڤ بەڕێوەچوو و سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی کەشوهەوا بۆ وڵاتان، یەکێک بوو لە پرسە هەرە لەپێشنینەکانی کۆنگرەکە.
ئامارەکانی دەزگاکە ئەوە دەردەخەن؛ زیانە ئابوورییەکانی کارەساتەکانی پەیوەست بە کەشوهەوا لەنێوان ساڵی 1970 تا 2019 نزیکەی حەوت ئەوەندە زیادیان کردووە؛ دەزگاکە دەشڵێت لە ساڵانی 1970 زیانە ئابوورییەکانی کارەساتە سرووشتییەکان بۆ هەر رۆژێک 49 ملیۆن دۆلار بووە، بەڵام لە دوای ساڵی 2010، زیانەکان بە 383 ملیۆن دۆلار بۆ هەر رۆژێک خەمڵێندراوە.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، وڵاتانی دەوڵەمەند زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، تەنیا ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە 50 ساڵی رابردوو 1.7 تریلیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، کە دەکاتە %39ـی زیانە ئابوورییەکانی جیهانی پەیوەست بە کەشوهەواوە.
زیانەکانی کەشوهەوا "لە وڵاتە هەژارەکاندا بەراورد بە وڵاتە دەوڵەمەندەکان ئەگەر بە پارە بخەمڵێدرێت، زۆر کەمترە، بەڵام بەراورد بە قەبارەی ئابوورییەکەیان زیانەکە زۆر لە وڵاتە پێشکەتووەکان بەرزتر بوون"، ئەوە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان باسی دەکات.
وڵاتانی پێشکەوتوو زیاتر لە %60ـی زیانەکانی پەیوەست بە کەشوهەوایان بەردەکەوێت، بەڵام لە زیانە ئابوورییەکان یەکسان بوون بە کەمتر لە %0.1ـی کۆی بەرهەمی نێوخۆی وڵاتەکان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ