رووداو دیجیتاڵ
دوو هێلیکۆپتەری سەربازیی مالیزیا لە کاتی راهێناندا بەیەکیاندا کێشا و تێکشکان. هەموو فڕۆکەوان و سەرنشینەکانیان کە ژمارەیان 10 کەس بوو، گیانیان لەدەستدا.
سوهەیمی محەممەد سوهەیل، فەرماندەی بەشی ئاگرکوژاندنەوە و فریاکەوتن رایگەیاند: "دوو هێلیکۆپتەر لە کاتی راهێناندا بەیەکیاندا کێشا. گیانلەدەستدانی هەر 10 قوربانییەکانی نێویان لە لایەن کارمەندانی پزیشکییەوە پشتڕاستکرایەوە."
ئەو ڤیدیۆیانەی کە بڵاوکراونەتەوە پێشانیدەدەن کە دوو هێلیکۆپتەرەکە بە نزمی بەسەر یاریگەیەکدا دەفڕن وەک راهێنان و خۆئامادەکاریێک بۆ ئاهەنگی رۆژی هێزی دەریایی کە لە مانگی ئایار بەڕێوەدەچێت.
یەکێک لە هێلیکۆپتەرەکان لە پەروانەی دواوەی هێلیکۆپتەرەکەی دیکە نزیکبووە و یەکتریان بڕی، لە ئەجامدا هەردووکیان کەوتنە خوارەوە و تێکشکان.
وێنەکانی دواتر پێشانیدەدەن کە یەکێکیان لە سەر ریڕەوی یاریگەی هێزی دەریایی تێکشکاوە و کارمەندانی فریاگوزاری لێی کۆبوونەتەوە.
ئەوەی دیکەیان لەنێو مەلەوانگەی بنکەی هێزی دەریایی تێکشکاوە.
ئەنوەر ئیبراهیم، سەرۆکوەزیرانی مالیزیا سەرەخۆشیی لە خێزانی ئەوانە کرد کە لە رووداوەکەدا گیانیان لەدەستدا و گوتی: "وڵات بەهۆی ئەم تراژیدیایە ناخهەژێن و دڵتەزێنە لە پرسەدایە. پێم راگەیێندرا کە لێکۆڵینەوەیەکی دەستبەجێ لە لایەن وەزارەتی بەرگرییەوە دەستپێکراوە."
رووداوی هەلیکۆپتەر لەو وڵاتەی باشووری رۆژهەڵاتی ئاسیا دەگمەن نین.
مانگی رابردوو، هێلیکۆپتەرێکی پاسەوانی کەناراوەکانی مالیزیا لە گەرووی مالاکا تێکشکا بەڵام زیانی گیانی نەبوو.
ساڵی 2016، لە هەرێمی ساراواک، جێگری وەزیرێک لە تێکشکانی هێلیکۆپتەرێکدا گیانی لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ