رووداو دیجیتاڵ
داعش دەڵێت، چوار لە چەکدارەکانی هێرشەکەی مۆسکۆیان ئەنجامداوە کە بووە هۆی کوژرانی لانیکەم 133 کەس.
رێکخراوە پەڕگیرەکە لە نامەیەکی تەلەگرامدا دەڵێت: "هێرشەکە لە لایەن چوار لە شەڕکەرەکانمانەوە ئەنجامدرا کە تفەنگ، دەمانچەیەک و چەقۆ و بۆمبی ئاگرینیان پێ بووە."
داعش ئاماژە بەوە دەکات، ئەو هێرشە بەشێک بوو "لە جەنگی ئاسایی" دژی ئەو ولاتانەی "شەڕ لە دژی ئیسلام دەکەن."
هێرشەکەی شەوی هەینی کە کرایە سەر هۆڵێکی ئاهەنگگێڕانی باکووری مۆسکۆ، بوووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە 100 کەسی دیکە.
چەند کاژێرێک دوای هێرشەکە، داعشی خوراسان بەرپرسیارێتیی خۆی لە هێرشەکە راگەیاند. بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکاش بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، داعش لە پشت هێرشەکەوە بووە.
رۆژی شەممە، ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا، لەسەر رووداوەکە، پەیامێکی ئاراستەی خەڵکی رووسیا کرد و ئاماژەی بەوە کرد، دامودەزگە ئەمنییەکان 11 کەسیان دەستگیرکردووە، لە نێویاندا ئەو چوار کەسە کە لە هێرشەکەدا بەشدار بوون.
پووتین باسی لەوە کرد کە هێرشکارەکان هەوڵیانداوە بپەڕنەوە بۆ سنووری ئۆکراینا، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆکراینا هەوڵیداوە "پەنجەرەیەکیان" بۆ بکاتەوە بۆ ئەوەی بتوانن هەڵبێن.
ئۆکراینا رەتیدەکاتەوە دەستی لە هێرشەکەدا هەبووبێت و مۆسکۆ تۆمەتباردەکات بەوەی دەیەوێت هێرشەکە بۆ خۆشکردنی ئاگری جەنگ بەکاربێنێت.
وەزارەتی ناوخۆی رووسیا رۆژی شەممە، رایگەیاند کە گومانلێکراوە دەستگیرکراوەکان، هەڵگری ناسنامەی بیانین.
هێرشەکە کە خوێناویترینی چەندین ساڵی رابردووی رووسیا بووە، چەند رۆژێک دوای ئەوە هات کە پووتین جارێکی دیکە بە سەرۆکی رووسیا هەڵبژێردرایەوە، لە کاتێکدا کە شەڕی ئۆکراینا پێی نایە سێیەم ساڵییەوە.
بەشێک لە ئەندامانی پەرلەمانی رووسیا یەکسەر پەنجەی تۆمەتیان ئاراستەی ئۆکراینا کرد. بەڵام میخایلۆ پۆدۆلیاک، راوێژکاری ڤۆلۆدمیر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا، رەتیکردەوە هیچ رۆڵێکیان هەبووبێت.
راوێژکارەکە لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "ئۆکراینا هەرگیز پەنای نەبردووەتە بەر بەکارهێنانی شێوازی تیرۆرستی. هەموو شتێکی ئەم جەنگە، لە گۆڕەپانی جەنگ بڕیاری لەسەر دەدرێت."
راگەیێندراوێک کە لە لایەن ئاژانسی ئەعماقی سەر بە داعشەوە بڵاوکراوەتەوە، باس لەوە دەکات کە چەکدارەکانی هێرشیان کردووەتە سەر کۆبوونەوەیەکی "کرستیانەکان" لە کراسنۆگۆرسک.
بەرپرسێکی هەواڵگریی ئەمریکا بە میدیای وڵاتەکەی گوتووە، ئاژانسەکانی هەواڵگریی وڵاتەکەیان لەم چەند هەفتەی رابردوودا زانیارییان پێ گەیشتبوو لەسەر ئەوەی کە لقەکەی داعش پلان بۆ هێرشێک لەنێو مۆسکۆدا دادەنێت، هەروەها بەرپرسانی ئەمریکا بە نهێنی ئەو زانیارییانەیان داوەتە هاوتا رووسییەکانیان.
رۆژی هەینی، ئەنجوومەنی ئاساییشی نێودەوڵەتی سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد و بە هێرشێکی "تیرۆستیی دڕندانە و ترسنۆکانە" ناویبرد و گوتی، پێویستە ئەنجامدەرانی رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکرێنەوە. هەروەها ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە "توندترین شێوە" سەرکۆنەی هێرشەکەی کرد.
هاوکات، وەزارەتی تەندروستیی رووسیا رایگەیاند، سەدان کەس رۆژی شەممە، لە مۆسکۆ ریزیان بەست بۆ ئەوەی خوێن و پلازما بە بریندارەکان بدەن.
پووتین پێشتر بە ئاشکرا هۆشداریی وڵاتانی بیانی لە بارەی هێرشی چاوەڕوانکراو رەتکردنەوە و بە هەوڵێک بۆ ترساندنی هاووڵاتیانی رووسیا ناویبردن.
پووتین هەفتەی رابردوو گوتی: "هەموو ئەو شتانە لە چاوسوورکردنەوە و هەوڵێک بۆ ترساندن و ناسەقامگیرکردنی کۆمەڵگەکەمان دەچن."
ئۆکتۆبەری ساڵی 2015، بۆبمێک کە لە لایەن داعشەوە دانرابوو، بووە هۆی تێکشکانی فڕۆکەیەکی نەفەرهەڵگری رووسی لە بیابانی سینا، کە هەر 224 کەسەکەی نێوی گیانیان لەدەستدا؛ زۆربەیان رووسی بوون و لە میسر لە گەشتکردن دەگەڕانەوە.
داعش هەروەها لە رابردوودا بەرپرسیارێتیی خۆی لە ژمارەیەک هێرش لە قەوقاز و ناوچەکانی دیکە دەربڕیوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ