رووداو دیجیتاڵ
دادوەرێکی ئیسپانیا بڕیاریدا ئەپی تەلەگرام لە سەرانسەری وڵاتەکە قەدەخە بکرێت، ئەمەش دوای ئەوەی کە ژمارەیەک دەزگای راگەیاندن سکاڵایان لەسەری تۆمارکردبوو لەسەر ئەوەی کە ئەپەکە پێشێلی مافی کۆپی رایت و خاوەندارێتیی هزریی ئەوانی کردووە.
سانتیاگۆ پێدراز، دادوەری ئۆدێنشیا ناسیۆنال کە دادگەیەکی باڵای تایبەت بە دۆسیە هەستیارەکانە، فەرمانی "قەدەخەکردنی کاتیی" تەلەگرامی دەرکرد. بڕیارەکە رۆژی هەینی دەرکرا، بەڵام تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممەش ئەپەکە لە ئیسپانیا کاری دەکرد.
گرووپێک بەناوی فاسوا کە داکۆکی لە بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت دەکات، دەڵێت: "بڕیارەکە زیاد لە پێویست تووندە و زیانی گەورە بە ملیۆنان بەکارهێنەری تەلەگرام دەگەیێنێت."
روبن سانچێز، سکرتێری گشتیی گرووپەکە دەڵێت: "ئەمە وەک ئەوە وایە تەواوی ئینتەرنێت دابخەیت لەبەر ئەوەی ژمارەیەک ماڵپەڕ بابەتی کۆپیڕایت بڵاودەکەنەوە."
دامەزراوە میدیاییەکانی Mediaset, Atresmedia, Movistar و Egeda لە پێشكێشکردنی سکاڵاکەدا بەشدار بوون.
تەلەگرام ئەپێکی تایبەت بە نامە ناردنی بەکۆدکراوە (encrypted) کە هەروەها رێگە بە بەکارهێنەران دەدات کەناڵی تایبەت بە خۆیان دابنێن و لەوێوە بابەتەکانیان بڵاوبکەنەوە.
بڕیاری دادوەرەکە دوای ئەوە هات کە بەرپرسانی ڤێرجن ئایلەندز، ئەو شوێنەی کە تەلەگرام وەک کۆمپانیایێک لێی تۆماکراوە، وەڵامی داواکاریێکی تەممووزی 2023ی دادگەیان بۆ پێدانی زانیاری، نەدایەوە.
کۆمپانیا میدیاییەکان گلەیی ئەوەیان کردبوو کە بابەتەکانیان بێ رەزامەندیی خۆیان لەسەر تەلەگرام بڵاودەکرێنەوە.
دادگە داوای لە تەلەگرام کردبوو ئەو هەژمارانە ئاشکرا بکات کە ئەو کارە دەکەن.
لە فەرمانەکەی رۆژی هەینیدا، دادوەر گوتی، نەبوونی هاوئاهەنگی لە لایەن ڤێرجن ئایلەندزەوە وایکردووە کە وەک "هەنگاوێکی خۆپارێزی" بڕیارەکە دەربکات.
تەلەگرام 700 ملیۆن بەکارهێنەری کارای لە سەرانسەری جیهان هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ