رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی ژاپۆن گەورەترین بودجەی بەرگریی لە مێژووی خۆیدا پەسندکرد کە 56 ملیار دۆلارە، واتە خەرجییەکانی بەرگریی ئەو وڵاتە لە ساڵی داهاتوودا زیاتر لە 16% زیاد دەکات. ئامانج لەم بودجە زەبەلاحە خێراکردنی جێگیرکردنی ئەو مووشەکە کرووزە دوورمەودایانەیە کە دەتوانن بگەنە چین و کۆریای باکوور.
ئەو بودجەیە کە ئەمڕۆ هەینی پەسندکرا، بە دابینکردنی فڕۆکەی تارمایی ئێف 35 و چەندین جۆری دیکەی چەکی ئەمریکی، سوپای وڵاتەکەی بەهێزتر دەکات، لە کاتێدا کە تاوەکو دێت پێکەوەکارکردنی نێوان سوپاکانی ژاپۆن و هاوپەیمانەکانی زیاتر دەبێت.
پەسندکردنی ئەم بودجەیە بۆ ساڵی دارایی 2024 کە لە مانگی ئادارەوە دەستپێدەکات، بەشێکە لە ستراتیژیێکی نوێی ئەمنیی فومیۆ کیشیدا، سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن کە دوو ساڵە لەسەر یەک لە چوارچێوەی بەرنامەیەکی پێنج ساڵیدا بۆ تۆکمەکردنی سوپای وڵاتەکەی، خەرجییە بەرگرییەکان زیاددەکات.
دیارترین خاڵی ستراتیژییەکە بەهێزکردنی تواناکانی هێرشبردنە، کە ئەمەش دوورکەوتنەوەیەکی گەوەرەیە لەو روانگەیەی ژاپۆن لە دوای جەنگی دووەمی جیهانی هەیبوو، کە بریتیبوو لەوەی تەنیا هێزێکی سنووردار بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەکاربێنێت. ئەو بودجە بەرگرییە بەشێکە لە بودجەیەکی نیشتمانیی گشتیی 794 ملیار دۆلاری کە پێویستی بە گڵۆپی سەوزی پەرلەمان هەیە.
ژاپۆن پلانی وایە، تاوەکو ساڵی 2027، 300 ملیار دۆلار لە بەهێزکردنی سوپاکەیدا خەرجبکات و خەرجییە سەربازییەکانی نزیکەی دوو هێندەی ئێستا زیادبکات و بیگەیێنێتە 68 ملیار دۆلار، بەوەش ژاپۆن دەبێتە سێیەم وڵاتی خاوەن گەورەترین خەرجیی سەربازی لە دوای ئەمریکا و چین.
بە پەسەندکردنی ئەم بودجەیە، ئەمە دەبێتە 12 ساڵ لەسەر یەک کە ژاپۆن خەرجیی کڕینی چەک و تەقەمەنی زیاد بکات.
رۆژی هەینی، ژاپۆن هەنگاوێکی دیکەشی نا کە زیاتر تیشک دەخاتە سەر گۆڕانی روانگەی ژاپۆن و دەستبەرداربوونی لە بنەمای تەنیا بەرگریلەخۆکردن، کە ئەویش هەڵگرتنی قەدەخەی سەر هەناردەکردنی چەکی کوشندە بوو، ئەو چەکەی کە بە مۆڵەت و خواستی وڵاتانی دیکە، لە ژاپۆن بۆیان دروستدەکرێت.
ئەوە یەکەمین گۆڕانکاری و پێداچوونەوەی گەورە بوو بە قەدەخەی سەر هەناردەی چەک کە لە ساڵی 2014ـەوە جێبەجێکراوە. وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن دەڵێت، ئەم گۆڕانە یارمەتیدەر دەبێت لە بەهێزکردنی پێکەوەکارکردنی ئەمنی هەروەها ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەی زەریای هیندی و هێمن، بەڵام دژبەرەکانی دەڵێن، ئەم کارانە وادەکەن چەکی دروستکراوی ژاپۆن ململانێکان ئاڵۆزتر بکات.
دوای هەڵگرتنی قەدەخەکە، ژاپۆن بڕیاریدا یەکەمین بارە چەک بۆ ئەمریکا بنێرێت، کە خۆی لە مووشەکەکانی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی پاتریۆتدا دەبینێتەوە، کە بە مۆڵەتی ئەمریکا لە ژاپۆن بەرهەمهێنراوە.
رام ئیمانوێل، بالیۆزی ئەمریکا لە ژاپۆن لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا نووسیویەتی: "مەودا، ئاست و خێرایی چاکسازییە ئەمنییەکانی ژاپۆن بێوێنەن،" هەروەها ستایشی ئاسانکردنی سیاسەتی گواستنەوەی چەکی ژاپۆن دەکات و بە "مێژوویی" و "نموونەیەکی گرنگی پابەندبوونی ژاپۆن بە بەرگریکردنی هاوبەش" دایدەنێت.
قەدەخەکردنی هەناردەی چەکی کوشندە وایکردبوو کە ژاپۆن هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی چەک و تەکنەلۆجیای سەربازیی پێشکەوتوو سنوردار بکات. ژاپۆن لە ساڵی 2024، 490 ملیۆن دۆلار خەرجدەکات بۆ ئەوەی نەوەیەکی نوێی فڕۆکەی شەڕکەر لەگەڵ بەریتانیا و ئیتاڵیا دروستبکات.
ئامانجی سەرەکیی بودجە بەرگرییە زەبەلاحەکەی ژاپۆن بۆ ساڵی 2024 بریتییە لە جێگیرکردنی مووشەکەکان، کە بەرپرسانی ژاپۆنی دەڵێن پێویستن بۆ تۆکمەکردنی بەرگریی ئاسمانی، بە تایبەتی بۆ پاراستنی دوورگەکانی باشووری رۆژئاوای ژاپۆن لە ئەگەری هەڵگیرسانی شەڕ لە نێوان چین و تایوان.
نزیەکەی 5.15 ملیار دۆلار تەرخانکراوە بۆ کڕین یان پەرەپێدانی مووشەکی کرووزی جۆری Type-12 و مووشەکی تۆماهۆکی ئەمریکی، هەروەها چەند جۆرێکی دیکەی دوورمەودا. ژاپۆن هەروەها 562 ملیۆن دۆلار لە پەرەپێدانی مووشەکی هایپەرسۆنیک کە 3 هەزار کیلۆمەتر دەبڕن، خەرجدەکات.
مینۆرۆ کیهارا، وەزیری بەرگریی ژاپۆن، ئەم مانگە رایگەیاندبوو کە بڕیاردراوە جێگیرکردنی بەشێک لە Type-12 و تۆماهۆکەکان بهێنرێتە پێشەوە و لە ئاداری 2026 جێبەجێبکرێت، واتە ساڵێک پێش ئەو وادەیەی کە سەرەتا بڕیاری لەسەر درابوو. بەرپرسانی ژاپۆنی دەڵێن، ئەم هەنگاوە لە ئەنجامی "گرژبوونی" ژینگەی ئەمنیی ناوچەکە دێت کە هەروەها وایکردووە ژاپۆن مانڕۆە هاوبەشەکانی لەگەڵ ئەمریکا، ئوسترالیا، بەریتانیا و دۆستەکانی دیکەی زیادبکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ