مەکگۆرک لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سوودانی پێشوازی لە دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان دەکات

22-09-2023
ئاکار بەختیار @Akarbakhtyar
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا کۆبووەوە. کۆشکی سپی دەڵێت، بەرپرسە ئەمریکییەکە پێشوازی لە ناردنی بەشە بودجەی مانگانەی بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە کردووە. 
 
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە نیویۆرک لەگەڵ برێت مەکگۆرک، جێگری یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا و هاوئاهەنگیکاری کۆشکی سپی بۆ رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا کۆبووەوە. 
 
کۆشکی سپی لە راگەیێندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە دەڵێت، مەکگۆرک پێشوازی لە رێککەوتنەکانی ئەم دواییانەی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی دابینکردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان کردووە. 
 
رۆژی 14-9-2023، بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کرد و لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حیزبیدا کۆبوونەوە. 
 
دوای سەردانەکەی شاندەکەی حکومەت بۆ بەغدا، سەرەتای ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتیی محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دا بڕی دوو تریلیۆن و 100 ملیار دینار بە قەرز بە هەرێمی کوردستان بدات بۆ ماوەی سێ مانگ، واتا مانگانە 700 ملیار دینار، ئەمەش بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان.
 
مەکگۆرک لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سوودانی، کە ئامۆس هۆچستەین، راوێژکاری باڵای سەرۆکی ئەمریکا بۆ وزە و وەبەرهێنان تێیدا بەشداربوو؛ جەختی لە کردنەوەی بۆری نەوتی عێراق - تورکیا "لە زووترین کات"دا کردەوە. 
 
لە 25ـى ئادارەوە هەناردەى نەوتى هەرێمی کوردستان بۆ بەندەرى جەیهانى تورکیا راگیراوە، کە رۆژانە زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوت بوو، ئەوە جگە لە راگرتنى هەناردەى رۆژانەى 75 بۆ 85 هەزار بەرمیل نەوتى کەرکووک کە بە هەمان رێگە هەناردە دەکرا.
 
راگرتنی ئەو هەناردەکردنە بەهۆى ئەنجامی سکاڵایەکەوە بوو کە حکومەتى عێراق لە دادگەى نێودەوڵەتیى نێوبژیوانى پاریس دژى هەناردەکردنى نەوتى هەرێمى کوردستان تۆماری کرد بۆ ئەو نەوتەى لە نێوان ساڵانى 2014 بۆ 2018 لە رێگەى تورکیاوە هەناردەکراوە. بڕیارەکەی دادگەی نێوبژیوانی پاریس ئەوە بوو کە دەبێت تورکیا نزیکەى یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار پێبژاردن بداتە عێراق.
 
کێشەی دیکە لەنێوان هەردوو وڵاتدا هەیە. بۆ نموونە، سکاڵایەکی دیکەی عێراق لەسەر هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لەماوەی نێوان 2018 – 2022 کێشەیەکی دیکەی نێوان عێراق و تورکیایە. 
 
رۆژی 7ی مانگی ئەیلوولیش تورکیا سکاڵای لەسەر عێراق لە دادگەی واشنتن تۆمارکرد و دەڵێت، دەبێت 987 ملیۆن قەرەبوو بداتە ئەنقەرە.
 
ئەو سکاڵایانەش کێشەی نێوان هەردوولای قووڵتر کردووە و چارەنووسی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستانیشی بە ناڕوونی هێشتووەتەوە.  
 
لە بارەی پرسە هەرێمییەکانیشەوە، مەکگۆرک پاڵپشتیی تەواوی ئەمریکای بۆ چارەسەرکردنی کێشەی سنووریی نێوان عێراق و کوێتی دەربڕی؛ لای خۆیەوە، سوودانی پێشوازی لەو پاڵپشتییە کرد و جەختی لە "سیاسەتی روون و درێژخایەتی عێراقی" کردەوە لە دانپێدانانی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی کوێت و پابەندبوونی وڵاتەکەی بە رێککەوتنی دوولایەنەی نێوانیان و یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەنێویدا بڕیارەکانی ئەنجوومەنی ئاسایش. 
 
لە راگەیێندراوێکدا نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتی، هەردوو لا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە بوارە جیاجیاکاندا کردووەتەوە، بەجۆرێک لە بەرژەوەندیی هەردوو وڵاتدا بێت. هاوکات، سوودانی باسی لە هەوڵەکانی هێزە ئەمنییەکانی عێراق لە راوەدوونانی داعش کرد.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەلبانیا دەڵێت، تیکتۆک دەبێتە هۆی تووندوتیژی لە وڵاتەکەی. وێنە: Reuters

حکومەتی ئەلبانیا بۆ ماوەی ساڵێک تیکتۆک رادەگرێت

سەرۆکوەزیرانی ئەلبانیا رایگەیاند، بەهۆی بڵاوکردنەوەی تووندوتیژی و هەراسانکاری، بۆ ماوەی ساڵێک خزمەتگوزارییەکانی تیکتۆک رادەگرن. دەشڵێت، کۆمپانیاکە جیاوازی لەو بابەتانە دەکات کە پێشانی منداڵانی وڵاتەکەی لەگەڵ منداڵانی چینی دەدات.