رووسیا بە پێنج مەرج ئامادەیە رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە نوێبکاتەوە

22-07-2023
کامیز شەدادی
دروێنەی گونم لە گوندێکی ئۆکراینا. وێنە: AFP
دروێنەی گونم لە گوندێکی ئۆکراینا. وێنە: AFP
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

نزیکەی هەفتەیەکە رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە کۆتایی هاتووە و بەرپرسانی رووسیاش بۆ نوێکردنەوە یان درێژکردنەوەی رێککەوتنی دانەوێڵە مەرجیان هەیە و دەڵێن، بەبێ جێبەجێکردنی مەرجەکانیان ناچنە هیچ رێککەوتنێکەوە.
 
لەگەڵ تەواوبوونی وادەی هەناردەکردنی دانەوێڵە، نرخی دانەوێڵە لەنێو ئۆکراینا دابەزیوە، نرخی تۆنێک گەنم لە بازاڕە نێوخۆییەکانی ئۆکراینا نزیکەی 270 دۆلاربوو، ئێستا بۆ نزیکەی 120 دۆلار دابەزیوە. پێنج وڵاتی یەکێتیی ئەوروپا بۆ پاراستنی نرخی دانەوێڵە لە بازاڕی نێوخۆییان، هاوردەی دانەوێڵەی ئۆکراینایان قەدەخەکردووە.
 
سێرگەی ڤەرشنین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا گوتی، "ئەو فۆرموڵەی سەرۆکی رووسیا باسی لێکرد، جێبەجێکردنی داواکاریی ئێمەیە. من ئەوە دووپاتدەکەمەوە داواکاریی ئێمە یاساییە و زۆر ئاسانە جێبەجێکردنی. وەک دەزانن ئێمە پێنج مەرجمان هەیە. دوای ئەوە، ئەگەریی هەیە هاوکاری بکەین، بەڵام تەنیا لەدوای جێبەجێکردنی مەرجەکانمان، هاوکاریمان مسۆگەر دەبێت".
 
رووسیا بۆ دەستپێکردنەوەی رێککەوتنی هەناردەکردنی دانەوێڵە دەڵێت، دەبێ هەرپێج مەرجەکەی جێبەجێ بکرێن کە ئەمانەن:
 
- بەستنەوەی بانکی کشتوکاڵیی رووسیا بە سیستمی سویفت
- رێگەدان بە رووسیا بۆ هاوردەکردنی ئامێری کشتوکاڵی
- هەڵگرتنی قەدەخە لەسەر کەشتییەکانی رووسیا
- بەردەوامیدان بە بۆریی گواستنەوەی ئەمۆنیا لە تۆگلیاتی بۆ ئۆدێسا
- هەڵگرتنی سزا لەسەر سامان و هەژمارە بانکییەکانی ئەو کۆمپانیا رووسیانەی خۆراک و پەین هاوردەی دەرەوە دەکەن
 
ئەرکادی زلۆچڤیسکی، سەرۆکی یەکێتیی دەخڵودانی رووسیا باس لەوە دەکات، "جگە لە زیان، هیچ شتێکی دیکە لەو پەیمانە دەست رووسیا نەکەوتووە. ئەوان دەیانویست کاروباری بۆریی ئامونیاکی تۆلیاتی ئۆدێسا، سەرلەنوێ دەستپێبکەنەوە. بۆ ئەوەی پێش هەناردەی پەینی رووسیا بکەونەوە. رووسیاش دەیویست سوود لەو یەکەیە وەربگرێت، بەڵام ئەوان هیچیان نەکرد. زۆرتر تورکیا و یەکێتیی ئەوروپا لەو بڕیارە سوودمەند بوون."
 
لە 22ـی تەممووزی ساڵی رابردوودا رێککەوتنی هەناردەی دانەوێڵە لەنێوان رووسیا و ئۆکراینا لە ئیستەنبووڵ و بە ئامادەبوونی هەریەک لە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان واژۆ کرا.
 
رێککەوتنەکە لە 1ـی ئابی 2022 چووە واری جێبەجێکردنەوە و لەو کاتەوە نزیکەی 33 ملیۆن تۆن دانەوێڵەی ئۆکراینا هەناردەی وڵاتانی جیهان کراوە.
 
تاوەکو ئێستا رێککەوتنەکە سێ جار درێژکراوەتەوە؛ دوایین جار لە مانگی ئایار بوو کە بۆ 60 رۆژ درێژکرایەوە، بەڵام رێککەوتنەکە کاژێر 09:00ـی شەوی 17-07-2023 بە فەرمی کۆتاییهات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە