رووداو 7 خەڵاتی جیهانی بەدەست دەهێنێت

22-05-2024
نیشانەکردن خەڵاتی رووداو
A+ A-
تۆڕی میدیایی رووداو سەرکەوتنێکی گەورەی تازە لەسەر ئاستی جیهان تۆمار دەکات، لە رێگەی بەدەستهێنانی 7 خەڵاتی تێلی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. دوو بەرنامە و دوو بەڵگەفیلمی رووداو ئەو 7 خەڵاتەیان بردەوە. رووداو لە خولی 45ـی راگەیاندنی خەڵاتەکانی تێلی دا، لەنێوان 13 هەزار رکابەر لە 56 وڵاتی جیهانەوە، توانی 7 خەڵاتی زێڕین، زیوین و برۆنزی بباتەوە. 
 
رووداو لەگەڵ ژمارەیەک دەزگای نێوداری جیهان دا بووە براوەی خەڵاتەکانی ئەم ساڵی تێلی، لەوانەش: مێتا، نێتفلێکس، ناسا، فۆکس نیوز، بی بی سی، ئێن بی سی نیوز، ئێم تی ڤی، جەزیرە، سکای نیوز عەرەبیە، شەرق و چەندان دەزگا و کۆمپانیای نێوداری دیکە. لیژنەی داوەریی ئەم ساڵی خەڵاتی تێلی لە 200 جێبەجێکاری دەزگا و کۆمپانیا نێودارەکان پێکهاتبوو.  
 
دامەزراوەی خەڵاتی ساڵانەی تێلی، لە ساڵی 1979 دامەزراوە و ساڵانە خەڵات دەداتە باشترین بەرهەمە ڤیدیۆیی و تەلەڤیزیۆنییەکان. دامەزراوەی خەڵاتی تێلی دەڵێت "براوەکانی خەڵاتی تێلی نوێنەرایەتیی کاری هەندێک لە رێزدارترین دەزگاکان و کەناڵە تەلەڤیزیۆنییەکان و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنان و بڵاوکەرەوەکان دەکەن لە سەرانسەری جیهان دا". ئەماندا نیدهام، بەڕێوەبەری گشتیی خەڵاتەکانی تێلی لە نامەیەک دا پیرۆزبایی لە تۆڕی میدیایی رووداو کرد و هیوای سەرکەوتنی زیاتری بۆ ستافی رووداو خواست.  
 
بەرنامەی (دوا زەنگی زەوی)، خەڵاتی زێڕینی لە چوارچێوەی بەرنامە ژینگەییەکان بەدەستهێنا، هەروەها خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتی بەرنامەکانی ژینگە و دارستان دا بردەوە. بەرنامەی (دوا زەنگی زەوی) لە وەرزی رابردووی رووداو دا بایەخی بە ژینگە و گۆڕانی کەشوهەوا دەدا. ئەڵقەی تایبەت بە زۆنگاوەکانی جبایش لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق، خەڵاتی بەدەستهێناوە.  
 
بەرنامەی (نێکست) خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی تەندروستیی گشتی و سەلامەتی دا بەدەستهێنا. بەرنامەی (نێکست)ـی رووداو بایەخ بە پێشکەوتنەکانی جیهان دەدات لە بوارە جیاوازەکان دا و باسی ئاییندە دەکات. ئەڵقەی تایبەت بە گەنجیمانەوە کە لە ئەمریکا و ئەورووپا وێنەگیراوە، خەڵاتەکەی بردەوە. 
 
بەڵگەفیلمی (خانووی سپی) خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کاریگەریی کۆمەڵایەتی دا بەدەستهێنا. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، چیرۆکی خانووێکە لە شاری موسڵ کە ژمارەیەک ژنی کوردی ئێزدی لەلایەن داعشەوە تێیدا دەستبەسەرکرابوون. 
 
بەڵگەفیلمی (هەنگوینی هۆشبەر) خەڵاتی زیوینی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی بەڵگەفیلمی کورت و، هەروەها خەڵاتی برۆنزی لە چوارچێوەی خەڵاتەکانی کولتوور و شێوازی ژیان دا بردەوە. ئەو بەڵگەفیلمەی رووداو، باسی هەنگوینێکی تایبەت لە وڵاتی نیپاڵ و چۆنیەتی دەرهێنانی لە شاخ و کاریگەرییەکەی دەکات. 
 
عەلی جاف، بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکانی رووداو، لەبارەی بەدەستهێنانی ئەو 7 خەڵاتەی تێلی دەڵێت "ئەم خەڵاتانە نیشانەی ئاستی بەرزی کارکردنی هاوکارانی رووداوە، هەروەها بەڵگەی جیهانین لەسەر ئاستی بەرزی بەرهەمی رووداو. ئەم خەڵاتانە ناوی رووداو و میدیای کوردییان بردووەتە ریزی گەورەترین دەزگا میدیاییەکانی جیهانەوە، ئەو پێشەنگییە بۆ رووداو شانازییەکی گەورەیە."  
 
ئەم خەڵاتانە هێز و توانایەکی زیاتر دەدەنە رووداو بۆ ئەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی بەرزتر بکاتەوە و کار و بەرهەمی نوێی بەردەوام پێشكێش بکات. 
 
تۆڕی میدیایی رووداو 
22ی ئایاری 2024

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە