توێژینەوەک: نیویۆرک بەهۆی قورسایی باڵەخانەکانییەوە دەنیشێت

22-05-2023
بەشدار موزەفەر @bashdarmu
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بەگوێرەی نوێترین توێژینەوە، بەهۆی زۆریی باڵەخانەکان و دروستکردنی قورسایی لەسەر خاکەکەی، نیویۆرک رووبەڕووی نیشتن بووەتەوە. 
 
دەزگای جیۆلۆجی ئەمریکی لە نوێترین توێژینەوەیدا دەڵێت، شاری نیویۆرکی ئەمریکا لە داهاتوودا هەڕەشەی ژێرئاوکەوتنی لەسەرە و ئێستاش ساڵانە بە نزیکەی 1 تا 2 میللیمەتر بەشێکی شارەکە دەنیشێت. 
 
دەزگا ئەمریکییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە چەند بەشێکی شاری نیویۆرک، وەک مەنهاتن، برۆکلین، کوینز و ستەیتن دوورگەی ستەیتن نزمبوونەوەی شارەکە زیاترە و ساڵانە 2.75 ملیمەترە.
 
تۆم پاترسن، پسپۆڕی بواری جیۆلۆجی و سەرپەرشتیاری توێژینەوەکە دەڵێت، "نیویۆرک رووبەڕووی چەندین هەڕەشە دەبێتەوە؛ هەڕەشەی لافاو و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی دەریا کە بەراورد بە تێکرای جیهان 3 بۆ 4 جار زیاترە." 
 
پاترسن دەشڵێت، "دەبێت هۆشیاری بە خەڵک بدەین کە دروستکردنی هەر باڵەخانەیەکی بەرز لە لێواری دەریا، رووبار و دەریاچەکان لە داهاتوودا مەترسی لافاو زیاتر دەکات. ئەوە شتێک نییە کە دەستبەجێ تووشی شۆک بیت، بەڵام ئەم پرۆسەیە بەردەوامە و هەیە."
 
توێژەرانی دەزگاکە کێشی سەرجەم باڵەخانەکانی شاری نیویۆرکیان بە نزیکەی 842 ملیۆن تۆن خەمڵاندووە و دەشڵین، "جۆری خاکی ژێر بیناکان هۆکاری سەرەکییە کە نیشتن و نوقمبوونەکە دیاری دەکات؛ ئەو ناوچانەی کە خاکەکەیان بە گڵ دەوڵەمەندە بەهۆی نەرمییانەوە لەژێر گوشاردا دەچنە خوارەوە."
 
توێژینەوەکە، جگە لە نیویۆرک، دەڵێت لە سەرجەم کیشوەرەکاندا چەندین شاری کەنار دەریاکان هەڕەشەی ژێرئاوکەوتنیان لەسەرە و دەڵێت، "لە کاتێکدا کە شارەکانی کەنار دەریا بەردەوام زیاد دەبن و ژمارەی باڵەخانەکان زیاد دەکەن و ئاستی ئاوی دەریاش بەرزدەبێتەوە، شارەکان هەڕەشەی نوقبوونیان زیاتر لەسەرە."
 
شاری نیویۆرک دەکەوێتە باشووری ویلایەتی نیویۆرک و زیاتر لە 8 ملیۆن کەسی تێدا دەژیت و قەرەباڵخترین شاری ئەمریکایە.

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە