رووداو دیجیتاڵ
دەنگدانی رەوەندی تورکیا و باکووری کوردستان بۆ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا بەردەوامە؛ تاوەکو ئێستا زیاتر لە یەک ملیۆن کەس دەنگیان داوە.
دەستەی باڵای هەڵبژاردنەکانی تورکیا شەوی رابردوو بڵاویکردەوە، تاوەکو کاژێر 19:35 خولەکی رۆژی یەکشەممە 21-05-2023 یەک ملیۆن و 38 کەس لە دەرەوەی وڵات لەمیانی بەشداریکردنیان لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماردا دەنگیان داوە.
ئەم دەنگدانە رۆژی شەممە 20ی ئایار لە دەرەوەی تورکیا دەستیپێکرد و لە نوێنەرایەتییەکانی تورکیا لە دەرەوە تاوەکو رۆژی 24ی ئایار و لە دەروازە سنوورییەکانیش تاوەکو کاژێر 17:00ی رۆژی یەکشەممە 28ی ئایار بەردەوام دەبێت.
لە گەڕی یەکەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار و پەرلەمانی تورکیا کە رۆژی 14ی ئایار بەڕێوەچوو، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی ئاکپارتی و سەرۆککۆماری تورکیا کە لە هەمان کاتدا بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوورە، 49.52%ی دەنگەکان و کەمال کڵچدارئۆغڵو، سەرۆکی جەهەپە و بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت 44.88%ی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
بە هۆکاری ئەوەی هیچکام لە بەربژێرەکانی سەرۆککۆمار 50 کۆ یەکی دەنگەکانیان بەدەستنەهێنا، هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کەوتە گەڕی دووەم، کە بڕیارە 28ی ئایار بەڕێوەبچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ