رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆژی هەینی گەیشتە ئیسرائیل بۆ ئەوەی لەگەڵ بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئەو وڵاتە کۆبێتەوە.
سەردانەکەی بلینکن چەند کاژێرێک پێش ئەوە هات کە پڕۆژە بڕیارێکی ئەمریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایش بۆ ئاگربەستی "دەستبەجێ" و گەیاندنی یارمەتیی زیاتر بۆ غەززە، بە ڤیتۆی رووسیا و چین رەتبکرێتەوە.
ڤاسێلی نێبێنزیا، باڵیۆزی هەمیشەیی رووسیا لە نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی، پڕۆژە بڕیارەکەی ئەمریکا "گڵۆپی سەوز" بۆ ئیسرائیل هەڵدەکات هێرش بکاتە سەر رەفەح.
لیندا تۆماس گرینفلێد، باڵیۆزی هەمیشەیی ئەمریکاش لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێش دەنگدان بە پڕۆژەکە ئاماژەی بەوە کرد، هەر رۆژێک بێ رێککەوتن لەسەر غەززە بڕوات، "نەهامەتیی زیاتر دەبێت". گوتیشی پەسندنەکردنی پڕۆژە بڕیارەکە، "هەڵەیەکی مێژوویی" دەبێت.
لە گەشتەکەی ئەم جارەیدا بۆ ناوچەکە، بلینکن سەردانی سعودیە و میسریشی کرد، ماوەیەکی کەمیش دوای نیشتنەوەی فڕۆکەکەی لە تەلئەڤیڤ، لەگەڵ نەتەنیاهوو دەستی بە گفتوگۆ کرد.
بەم دواییانە، بەهۆی هێرشەکانی بۆ سەر غەززە، گوشاری واشنتن و هاوپەیمانەکانی دیکەی بۆسەر ئیسرائیل زیادیکردووە.
ئیسرائیل رۆژی هەینی گوتی، بۆ پێنجەم رۆژ بەردەوامە لە ئۆپەراسیۆنەکانی لە نێو و دەوروبەری نەخۆشخانەی شیفا، کە گەورەترین ناوەندی تەندروستییە لە ناوچە فەلەستینییە گەمارۆدراوەکە، لە کاتێکدا کە زۆربەی نەخۆشخانەکانی دیکە چیتر کار ناکەن.
ئەمریکا کە بایی ملیاران دۆلار یارمەتیی سەربازی بە ئیسرائیل داوە، تاوەکو دێت روونتر ناڕەزایی خۆی بەرامبەر کاریگەریی جەنگەکە بۆ سەر خەڵکی سڤیلی غەززە دەردەبڕێت؛ جەنگێک کە نزیکەی شەش مانگە بەردەوامە.
ئیسرائیل هەڕەشەی کردووە کە هێرشی زەوینی گەورە بکاتە سەر شاری رەفەح لە باشووری غەززە.
ناڕەزایی بەرامبەر هێرش بۆسەر رەفەح
لەبەرئەوەی زۆربەی هەرە زۆری دانیشتووانی غەززە پەنایان بردووەتە بەر شاری رەفەح، هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ هێرشکردنەسەری، ناڕەزایی نێودەوڵەتیی بەرفراوانی لێکەوتووەتەوە.
بلینکن لە سەردانەکەیدا بۆ قاهیرە ئاماژەی بەوە کرد، هەر هێرشێکی زەوینیی بەرفراوان بکرێتە سەر غەززە، "هەڵە" دەبێت. گوتیشی، "هیچ شوێنێک بۆ ئەو خەڵکە سڤیلە نییە کە لە رەفەح کۆبوونەتەوە بۆ ئەوەی خۆیان بپارێزن. رێگەیەکی دیکە هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ هەڕەشە بەردەوامەکانی حەماس".
سەرکردەکانی 27 وڵاتەکەی یەکێتیی ئەوروپاش رۆژی پێنجشەممە دژایەتیی خۆیان بۆ ئۆپەراسیۆنی زەوینی بۆ سەر رەفەح دەربڕی و رایانگەیاند، هێرشەکە "دۆخە مرۆییە کارەساتبارەکە خراپتر دەکات".
بڕیاربوو دەیڤید بەرنیاع، سەرۆکی دەزگای مۆسادی ئیسرائیلی لە دەوحەی پایتەختی قەتەر لەگەڵ ویلیەم بێرنز، سەرۆکی دەزگای سی ئای ئەیی ئەمریکی، محەممەد بن عەبدولرەحمان ئالسانی، سەرۆکوەزیرانی قەتەر و عەباس کامل، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی میسری کۆبێتەوە.
نێوەندگیرەکان دەیانەوێت ئیسرائیل و حەماس رازی بکەن بۆ ئەوەی جەنگ بوەستێنن، بزووتنەوە فەلەستینییەکە بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات، ئیسرائیلیش بەندکراوە فەلەستینییەکان ئازاد بکات و رێگەبدات یارمەتیی زیاتر بگاتە کەرتی غەززە کە 2.4 ملیۆن کەس تێیدا لە ژێر هەڕەشەی مسۆگەری قاتوقڕیدا دەژین.
بلینکن رۆژی پێنجشەممە لە قاهیرە باسی لەوە کرد، "کەلێنەکان بچووک دەبنەوە" و واشنتن لە دەوحە بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە رێککەوتن.
بلینکن گوتیشی، "زەحمەتە بەوە بگەین، بەڵام بە بڕوای من دەکرێت بکرێت".
ئەمە شەشەم سەردانی بلینکنە بۆ ناوچەکە لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکە کە لە دوای هێرشێکی حەماس بۆ سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری غەززە لە 7ی ئۆکۆتۆبەری 2023 دەستیپێکرد.
بەرپرسێکی حەماس گوتی، وەڵامی ئیسرائیل بۆ دوایین پێشنیازیان "زۆر نەرێنی بووە".
لە هێرشەکەی ئۆکتۆبەری حەماسدا بۆ سەر ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران کە زۆربەیان سڤیل بوون.
چەکدارە فەلەستینییەکان 250 کەسی دیکەشیان بە بارمتە گرت؛ ئیسرائیل پێیوایە 130یان لە غەززە ماون.
بەهۆی بۆردوومانی چڕ و هێرشی بەرفراوانی زەوینیی ئیسرائیلیش بۆ نێو غەززە، لانیکەم 31 هەزار و 988 فەلەستینی کوژراون، کە زۆربەی هەرە زۆریان ژن و منداڵن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ