پەرلەمانی ئەوروپا بۆ رووداو: 3 ملیۆن کەس لە بەریتانیا مافی دەنگدانیان لە هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا دەبێت

22-02-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا بە رووداوی راگەیاند، ئەم ساڵ 3 ملیۆن هاووڵاتیی یەکێتیی ئەوروپا کە لە بەریتانیا دەژین، مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکێتییەکەدا دەبێت. 
 
بە بۆنەی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنەکە، کە 100 رۆژی ماوە، ئەمڕۆ پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دەستی بە هەڵمەتێکی بڵاوکردنەوەی زانیاری و هۆشیاری کرد بۆ ئەوەی خەڵک هان بدەن بەشداری لە دەنگداندا بکەن کە 6 تا 9ی حوزەیرانی ئەم ساڵ دەکرێت.
 
450 ملیۆن کەس لە نێو و دەرەوەی یەکێتییە 27 ئەندامییەکە مافی دەنگدانیان دەبێت بۆ ئەوەی نوێنەرانیان بۆ پێنج ساڵی دیکە لە پەرلەمانەکەدا هەڵبژێرێن، کە ئەوانیش کۆمیسیۆن، ئەنجوومەن و سەرەنجام سیاسەتی نێوخۆیی و دەرەوەی یەکێتییەکە دیاریدەکەن. 
 
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە برۆکسلی پایتەختی سیاسیی یەکێتیی ئەوروپا، لە وەڵامی پرسیارێکی کاروان فەیزی دری، هەواڵسازی دیسکی ئینگلیزیی رووداودا، لەبارەی ئەوەی کە چۆن یارمەتیی میدیا بیانییەکان دەدەن لە رووماڵکردنی هەڵمەتی هاندانی دەنگدەران، ژاومە دوگ گیلیۆت، گوتەبێژی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا گوتی: "هاوکاریتان دەکەین و یارمەتیتان دەدەین، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە یارمەتیی هەر میدیایێکی دیکەی ئەوروپی دەدەین."
 
گیلیۆت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە "ملیۆنان" هاووڵاتیی یەکێتیی ئەوروپا لە دەرەوەی سنووری یەکێتییەکە دەژین، لە نێویاندا 3 ملیۆن کەس لە بەریتانیا کە مافی دەنگدانیان دەبێت. 
 
گوتەبێژەکە بە رووداوی راگەیاند کە "فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی سەربە یەکێتیی ئەوروپا تەواوکاریێکی بۆ کەمپەینەکەمان پێکهێناوە بۆ ئاگادارکردنەوەی ملیۆنان هاووڵاتیی ئەوروپی کە لە دەرەوە دەژین، لە وڵاتانی سێیەم دەژین و مافی دەنگدانیان هەیە،" هەروەها روونیکردەوە کە "هاووڵاتییانی هەموو وڵاتێک مافی دەنگدانیان نییە، دەمێنێتەوە سەر یاسای نیشتمانیی وڵاتەکە، بەڵام زۆربەیان هێشتا مافی دەنگدانیان هەیە. لە بیرتان بێت کە زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی یەکێتیی ئەوروپا لە لە بەریتانیا دەژین کە بێگومان مافی دەنگدانیان دەبێت وەک چۆن لە 2019 هەیانبوو."
 
ئەم جارە دەنگدانەکە هاووڵاتییانی بەریتانیا ناگرێتەوە. ئەو وڵاتە لە ساڵی 2016 لە گشتپرسییەکدا بڕیاریدا یەکێتیی ئەوروپا جێبێڵێت و لە ساڵی 2020 جێبەجێیکرد. جیابوونەوەکە بە برێگزیت دەناسرێت. 
 
بەڵام ئەو کەسانەی کە هەڵگری وڵاتینامەی وڵاتێکی نێو یەکێتیی ئەوروپان و بۆ کارکردن، خوێندن یان هەر مەبەستێکی دیکە لە بەریتانیا ماونەتەوە، مافی دەنگدانیان دەبێت. 
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی پەرلەمانی ئەوروپی:
 
کاروان فەیزی، هەواڵسازی دیسکی ئینگلیزیی رووداو: من کاروانم لە تۆڕی میدیایی رووداو. وەکو خۆتان دەزانن، ژمارەیەکی زۆری ئەوروپییەکان لە دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا دەژین، پلانی ئێوە چییە بۆ میدیا بیانییەکانی وەک ئێمە، چییان لێ چاوەڕوان دەکەن بۆ رووماڵکردنی کەمپەینی 'دەنگتان بەکاربێنن'؟"
 
ژاومە دوگ گیلیۆت، گوتەبێژی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا: "دوو وەڵام بۆ پرسیارەکەت هەن. یەکەم، بێگومان هاوکاریتان دەکەین و یارمەتیتان دەدەین، بە هەمان ئەو شێوەیەی کە یارمەتیی هەر میدیایێکی دیکەی ئەوروپی دەدەین. ئێمە هیچ جیاکاریێک ناکەین لەسەر بنەمای جوگرافی، هەرگیز نەمانکردووە و ئێستاش دەستی پێ ناکەین. چونکە ئەوە شتێکی تەواو گەمژانە دەبێت. دووەم، وەک گوتم، فەرمانگەی هەڵبژاردنەکانی دەرەوەی سەربە یەکێتیی ئەوروپا تەواوکاریێکی بۆ کەمپەینەکەمان پێکهێناوە بۆ ئاگادارکردنەوەی ملیۆنان هاووڵاتیی ئەوروپی کە لە دەرەوە دەژین، لە وڵاتانی سێیەم دەژین و مافی دەنگدانیان هەیە. هاووڵاتییانی هەموو وڵاتێک مافی دەنگدانیان نییە، دەمێنێتەوە سەر یاسای نیشتمانیی وڵاتەکە، بەڵام زۆربەیان هێشتا مافی دەنگدانیان هەیە. لە بیرتان بێت کە زیاتر لە سێ ملیۆن هاووڵاتیی یەکێتیی ئەوروپا لە بەریتانیا دەژین کە بێگومان مافی دەنگدانیان دەبێت وەک چۆن لە 2019 هەیانبوو، کە ئەوکات هاووڵاتیانی بەریتانیش مافیان هەبوو، بەڵام ئەمجارە تەنیا هاووڵاتییانی یەکێتیی ئەوروپا مافیان دەبێت.

 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە