جیهان
دیمەنی کۆبوونەوەی شاندی ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەڕەنسا و شا عەبدوڵلای دووەم، پادشای ئوردن. وێنە: Reuters
رووداو دیجیتاڵ
بۆ تاوتوێکردنی دۆخی غەززە، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا ئەمڕۆ پێنجشەممە، گەیشتە ئوردن.
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵلای دووەم، بڕیارە ماکرۆن سەردانی سەربازانی وڵاتەکەی بکات کە لە ئوردن جێگیرکراون، هەروەها وەک نەریتێکی ساڵانە بە بۆنەی کریسمس و سەریساڵەوە لەگەڵیان بەشداری لە ئاهەنگێکدا دەکات.
دوای نیشتنەوەی لە شاری عەقەبەی سەر دەریای سوور، ماکرۆن لەلایەن شای ئوردنەوە پێشوازی لێکرا. بڕیاربوو دواتر لە کۆشکێکی شاهانە کۆببنەوە.
لەوەتەی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە دەستیپێکردووە، ئەمە دووەم کۆبوونەوەی نێوان دوو سەرکردەکەیە.
ماکرۆن کۆتایی تشرینی یەکەم، سەردانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی کردبوو بۆ ئەوەی هاوسۆزیی خۆی بۆ ئیسرائیل پێشانبدات.
بەڵام وەک کاردانەوەیەک بۆ بۆردوومانی بەردەوام و چڕی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە سڤیلنشینەکانی غەززە، هەڵوێستی فەرەنسا کەمێک گۆڕاوە و ئێستا داوای وەستاندنی جەنگەکە دەکات، جەنگێک کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی کوژرانی لانیکەم 20 هەزار کەس لە کەرتی غەززە، کە زۆربەیان ژن و منداڵن، وەک وەزارەتی تەندروستیی کەرتەکە دەڵێت.
جەنگەکە دوای ئەوە دەستیپێکرد کە چەکدارانی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە، لەو رۆژەدا هەزار و 140 کەس لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئیسرائیل کوژران و نزیکەی 250ی دیکە بە بارمتە گیران، ئەمە بە گوێرەی نوێترین ئامار کە ئیسرائیل بڵاویکردووەتەوە.
سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا رایگەیاند، ماکرۆن و شا عەبدوڵڵای دووەم "کارکردنی هاوبەش لەسەر یارمەتیی مرۆیی و پزیشکی بۆ خەڵکی سڤیلی غەززە تاوتوێدەکەن."
بڕیارە لەم چەند رۆژەدا، دوو فڕۆکەی فەرەنسیی پڕ لە یارمەتیی مرۆیی بگەنە عەممانی پایتەختی ئوردن تاوەکو لەوێوە بگوازرێتەوە بۆ غەززە.
پێش ئەوەی سەردانی ئوردن بکات، سەرۆکی فەرەنسا رۆژی چوارشەممە گوتی، مافی بەرگری لەخۆکردنی ئیسرائیل بە واتای ئەوە نایەت بتوانێت "غەززە تەخت بکات."
ماکرۆن بە میدیای وڵاتەکەی گوت، "ناتوانین رێگە بە دروستبوونی بیرۆکەی ئەوە بدەین کە شەڕێکی چاکی دژی تیرۆر بە واتای تەختکردنی غەززە یان هێرشی کوێرانە بۆ سەر خەڵکی سڤیل دێت."
ئیلیزێ دەڵێت، لەم سەردانەدا، ماکرۆن جەخت لە "پێویستیی ئاگربەستێکی نوێی کاتی دەکاتەوە بۆ ئەوەی ببێتە هۆی ئاگربەستێکی هەمیشەیی."
چاوەڕواندەکرێت ماکرۆن سەردانی بنکەیەکی ئاسمانی لە ئوردن بکات و لەوێ پابەندبوونی پاریس بە جەنگی دژی "تیرۆری جیهانی" دووپاتبکاتەوە، ئەمە وەک سەرۆکایەتیی کۆماری فەرەنسا باسی دەکات.
ئەو 350 سەربازە فەرەنسییەی کە لە ئوردن جێگیرکراون، بەشێکن لە هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش کە ئەمریکا سەرکردایەتی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ