رووداو دیجیتاڵ
سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی رووسیا هۆشداری بە ئەڵمانیا دەدات کە ئەگەر دەست بەسەر سامانی رووسیادا بگرن، ئەوا مۆسکۆش شتێکی لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی دەستی بەسەردا بگرێت.
لاڤرۆڤ رۆژی پێنجشەممە، لە سەردانێکیدا بۆ توونس، قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد و گوتی، ئەمریکا لە پەیوەندییە نهێنییەکانیدا رێنمایی بە وڵاتانی ئەوروپی داوە لەسەر چۆنیەتیی گۆڕینی یاساکان بۆ ئەوەی دەست بەسەر سامانی رووسیادا بگرن.
وەزیری دەرەوەی رووسیا لەو بارەیەوە هۆشداری بە بەرلین دەدات و دەڵێت، "ئەگەر دەستبەسەرداگرتنێکی لەو جۆرە رووبدات، ئێمەش شتێکمان هەیە بۆ ئەوەی لە وەڵامدا دەستی بەسەردا بگرین".
داواکاری گشتیی ئەڵمانیا سکاڵایەکی بەرزکردووەتەوە بۆ دەستبەسەرداگرتنی زیاتر لە 720 ملیۆن یۆرۆی سڕکراوی رووسیا.
نووسینگەی داواکاری گشتیی ئەڵمانیا رۆژی چوارشەممە رایگەیاند، ئامانج لەو سکاڵایە کە 7ی تەمووز تۆمارکراوە، دەستبەسەرداگرتنی پارەی دامەزراوەیەکی دارایی رووسیایە کە لە هەژمارێکی بانکیی فرانکفۆرتدا هەڵگیراوە. داواکاری گشتیی فیدڕالیی ئەڵمانیا پێیوایە، ئەو دامەزراوە رووسییە هەوڵیداوە یاسای سزاکان بشكێنێت.
لە دوای دەستپێکردنی شەڕی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا کە مۆسکۆ بە "ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تایبەت" ناویدەبات، یەکێتیی ئەوروپا چەندین سزای بەسەر رووسیادا سەپاندووە.
سزاکان کەرتی وزە، بانکەکان، کۆمپانیاکان و بازاڕەکانیانی گرتووەتەوە و زیاتر لە هەزار بەرپرسی رووسی کەوتوونەتە ژێر باری سڕکردنی سامان و قەدەخەی گەشتکردن بۆ ئەوروپا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ