پەرلەمانی ئەوروپا ژینا ئەمینی بۆ خەڵاتی ساخارۆڤ بەربژێر دەکات

21-09-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

ژینا ئەمینی، کچە کوردی شاری سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان کە ساڵی رابردوو دوای دەستگیرکردنی لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە، گیانیانی لەدەستدا؛ لەلایەن پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپاوە بەربژێرکراوە بۆ بردنەوەی خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی بیرکردنەوە. 
 
ژینا لەلایەن سێ گرووپی پەرلەمانی ئەوروپییەوە بەربژێرکراوە و ئەگەر خەڵاتەکەی پێ بدرێت، دەبێتە سێیەم کچی کورد لە دوای نادیە موراد و لەمیا بەشار خەڵاتەکە بباتەوە. دوو كچە كوردە ئێزدییەکەی رزگاربووی دەستی داعش، لە ساڵی 2016 خەڵاتەکەیان بردەوە. 
 
بە گوێرەی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا، خەڵاتەکە ساڵانە بۆ "رێزلێنان لە تاک و رێکخراوە ناوازە و دیارەکان کە بەرگری لە مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکان دەکەن" دەبەخشرێت. لە ساڵی 2022، خەڵاتەکە بە خەڵکی ئۆکراینا درا.
 
بەربژێرەکان لەلایەن گرووپە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان یان لانیکەم 40 ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپاوە دیاری دەکرێن. 
 
ژینا ئەمینی ئەمینی و ژنانی ئێران لەلایەن (پارتی گەلی ئەوروپا)، (گرووپی سۆسیالیستەکان و دیموکراتەکان) و (گرووپی ئەوروپا نوێ بکەنەوە) بەربژێرکراون.
 
ئەو کچە کوردە تەمەن 22 ساڵە لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 2022 سەردانی تارانی کرد و لەلایەن پۆلیسی رەوشتی ئێرانەوە دەستبەسەرکرا بە تۆمەتی ئەوەی کە باڵاپۆشییەکەی "گونجاو نییە". ژینا دوای چەند رۆژێک گیانی لەدەستدا کە ئەو کات باوکی بە رووداوی راگەیاند، بەهۆی لێدانییەوە بووە لەلایەن پۆلیسەوە. ئێران هەموو ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و راپۆرتێکی پزیشکی بڵاوکردەوە کە گوایە دەیسەلمێنێت لێی نەدراوە و بەشێوەیەکی سرووشتی گیانی سپاردووە.
 
دوای گیانلەدەستدانی ژینا، خۆپێشاندانی بەرفراوان لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان دروستبوو کە ژنان رۆڵی گەورەیان تێدا دەگێڕا؛ لەژێر دروشمی "ژن، ژیان، ئازادی"، ناڕەزاییان دەربڕی. 
 
خەڵاتی ساخارۆڤ بۆ ئازادیی بیرکردنەوە، خەڵاتێکی ساڵانەیە و لە ساڵی 1988ـەوە بە داکۆکیکارانی ئازادی و مافەکانی مرۆڤ دەدرێت. خەڵاتەکە بە ناوی ئەندرێی ساخارۆڤ، فیزیاناس و پەنابەری سیاسیی سۆڤیەتییەوە کراوە و 50 هەزار یۆرۆ بە براوەکانی دەدرێت. 
 
بەربژێرەکانی دیکە کێن؟ 
 
سێ چالاکڤانی پەروەردەی ئەفغانستان بە ناوەکانی مەرزیە ئەمیری، پەرەستوو حەکیم و مەتيعوڵڵا وێسا لەلایەن پەرلەمانتاران پێتراس ئۆسترێڤیچیوس، هانا نیومان و 57 ئەندامی دیکەی پەرلەمانی ئەوروپیەوە بەربژێرکراون. "ئەمیری گەورەترین تۆڕی قوتابخانەی نهێنی ماڵەوەی لە ئەفغانستان دامەزراندووە. پەرەستوو حەکیم یارمەتی دامەزراندنی 90 قوتابخانەی کۆمەڵایەتی لە پارێزگای ئوروزگان داوە. دوای هاتنی تاڵیبان، ئەو دەستپێشخەری دانانی قوتابخانەی نهێنی کرد. مەتيعوڵڵا وێسا کە بەرهەڵستی فەرمانەکانی تاڵیبانی کرد و بەردەوام بوو لە داکۆکیکردن لە خوێندنی کچان، پێنج مانگ لەمەوبەر رفێندرا،" ئەمە وەک لە ماڵپەڕی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا باسکراوە. 
 
گرووپی پارێزەران و چاکسازیخوازانی ئەوروپا خەڵکی جۆرجیای لایەنگری ئەوروپا و نینۆ لۆمجاریا، داکۆکیکاری پێشووی جۆرجیای بەربژێرکردووە، ئەوەش "بەهۆی هەوڵەکانیان بۆ بەرگریکردن لە مافەکانیان و پاراستنی دیموکراسی". لۆمجاریا وەک داکۆکیکارێکی مافی گشتی "داکۆکی لە مافی ئەو کەسانە دەکرد کە رووبەڕووی جیاکاری ببوونەوە، واتە ئەوانەی لە ناوچە داگیرکراوەکانی جۆرجیا لەلایەن ڕووسیاوە هەڵاتوون."
 
گرووپی (ناسنامە و دیموکراسی) ئیلۆن مەسکیان بەربژێر کردووە، بەهۆی ئاشکراکردنی شێوازی بەڕێوەبردنی داتاکانی بەکارهێنەرانی تویتەر (ئێکسی ئێستا) کە "زیانی بۆ ئازادیی رادەربڕینی" بەکارهێنەران هەبووە. پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، "مەسک دەیەوێت کۆتایی بەو جۆرە کارانە بێنێت و دژی ئەوەیە لەسەر بیروباوەڕی سیاسی سەکۆیەک لە کەسێک قەدەخە بکرێت."
 
گرووپی سەوزەکان/هاوپەیمانیی ئازادی ئەوروپی، ڤانێسا ناکاتێیان بەربژێرکردووە کە گەنجێکی ئۆگەندایە و "پابەندە بە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و خەباتکردن بۆ مافەکانی مرۆڤ."
 
تیلی مێتز و 42 ئەندامی دیکەی پەرلەمانی ئەوروپا ڤیلما نونیز دی ئێسکۆرسیا و مۆنسینۆ رۆلاندۆ خۆسێ ئەلڤارێز لاگۆسیان لە نیکاراگوا بەربژێرکردووە. "نونیز دەیان ساڵە خەبات بۆ مافی مرۆڤی خەڵکی نیکاراگوا دەکات. سەرەڕای گۆشەگیرکردنی، بەڵام لە وڵاتەکەی خۆیدا دەمێنێتەوە. ئەلڤارێز، قەشەی ماتاگالپا، یەکێک بووە لە رەخنەگرانی راشکاوانەی رژێمی سەرۆک دانیال ئۆرتیگا. لە مانگی شوباتی ساڵی 2023، دوای ئەوەی کە رەتیکردەوە وڵات جێبهێڵێت، سزای 26 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا و وەڵاتینامەکەیشی لێ وەرگیرایەوە،" وەک ماڵپەڕی پەرلەمانی ئەوروپی ئاماژەی پێ کردووە. 
 
بەربژێری (گرووپی چەپەکان) ئەو ژنانەن کە وەک پەرلەمانی ئەوروپی دەڵێت، "شەڕ بۆ لەباربردنی بەخۆڕایی و سەلامەت و یاسایی منداڵان دەکەن،" کە پێکدێن لە جەستینا ویدرزینسکا، مۆرێنا هێرێرا و کۆلین مەکنیکۆلاس. ویدرزینسکا بەرگریکاری مافی ژنانی پۆڵەندییە و ئەندامی تیمی "خەونەکانی لەباربردنی منداڵە، کە بەهۆی یارمەتیدانی ژنێک بۆ لەباربردنی منداڵ لە پۆڵەندا، سزای هەشت مانگ خزمەتکردنی کۆمەڵایەتی بەسەردا سەپێندرا. هێرێرا چالاکڤانێکی فێمینیست و کۆمەڵایەتییە، داکۆکی لە لەباربردنی منداڵ بە شێوەیەکی سەلامەت و یاسایی لە سلڤادۆر دەکات. مەکنیکۆلاس پزیشکی منداڵبوونی ئەمریکییە و پێشینەیەکی بەهێزی هەیە لە چاودێریکردنی نەخۆش بە کوالیتی بەرز و داکۆکیکردن لە تەندروستیی زاوزێی ژنان."
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە