چیرۆکی ئەو پیاوە کوردەی لە ئەڵمانیا لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەرکرا

21-08-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

پیاوێکی کورد لە ئەڵمانیا دەڵێ هاوژینەکەی لە ماڵەوە دەریکردووە، هەر ئەو بەتەنیاش نییە، ''بەڵکو 20 پیاوی دیکەی کورد لەو شارەی من لێی دەژیم، هەمان کێشەیان هەیە."
 
ئەو خێزانە کوردانەی دەچنە وڵاتانی ئەوروپا زۆرجار بەهۆی جیاوازیی کولتوور و یاساکانی ئەو وڵاتە تووشی کێشە دەبن، بەشێکی خێزانەکان هەڵدەوەشێنەوە، لە پۆدکاستی ئەمجارەی "بەکاتی دهۆک" کە ناسر عەلی پێشکێشی دەکات، کوردێکی خەڵکی پارێزگای دهۆک چیرۆکی خۆی گێڕایەوە کە چۆن لەلایەن هاوژینەکەیەوە دەرکراوە و منداڵەکانی لێسەندراونەتەوە.
 
مستەفا باسی چیرۆکی ژیانی خۆی کرد، کە ساڵی 2007 لە باشووری کوردستان لەگەڵ کچێکی دهۆکی ژیانی هاوژینی پێکهێناوە، بەهۆی نەخۆشکەوتنی خێزانەکەی، چەند جارێک سەردانی دەرەوەی وڵاتیان کردووە، دواجار لە ساڵی 2018 هەموو شتێکیان لە کوردستان فرۆشتووە و بەرێگەی قاچاخ چوونەتە یۆنان، دوای دوو ساڵ، گەیشتوونەتە وڵاتی ئەڵمانیا.
 
مستەفا باسى سەرەتاى کێشەکانى خۆى لەگەڵ هاوژینەکەی دەکات و دەڵێت "دواى ئەوەی گەیشتینە ئەڵمانیا، لە دوو ساڵى یەکەمدا هاوژینەکەم دەستی بە دروستکردنى کێشە دەکرد، لە کوردستان دوو منداڵم هەبوون، یەکێکیش لە ئەڵمانیا لەدایکبووە ، لەبەرئەوەی بەپێی یاساکانی وڵاتی ئەڵمانیا منداڵ تاوەکو تەمەنی یاسایی تەواو دەکەن لای دایکیان دەبن و حکومەت هاوکارییان دەکات، هاوژینەکەم ئەمەی بەهەل زانی و بۆ دەستکەوتنی پارە منی لەماڵ دەرکرد."
 
وەک ئەو هاونیشتمانییە باسی دەکات جاری یەکەم دوای سێ مانگ ئاشتبوونەتەوە و گەڕاوەتەوە ماڵەوە، بەڵام جارێکی دیکە "شەش مانگ بەر لە ئێستا دیسان دەریکردم و هەرچەندە زۆر هەوڵمدا بگەڕێمەوە ماڵەوە، رێگەی نەدا." 
 
 
ناسر عەلی، پەیوەندیی بە هاوژینی مستەفا کردووە، ئەو پشتڕاستی دەکاتەوە کە لە ماڵەوە دەریکردووە، بەڵام دەڵێ "بۆ پارە و مووچە نەبووە، بەڵکو لەبەرئەوەی قسەی لەگەڵ کچی دیکە کردووە." 
 
مستەفا لە پۆدکاستی بەکاتی دهۆک گوتیشی بۆ ئەوەی دڵی هاوژینەکەی رازی بکات تاوەکو لەماڵەوە دەرینەکات، "قاپ و جلم بۆ دەشووشت، مانگانە تەنیا بە 100 یۆرۆ رازی دەبووم. ئێستا لە کەمپێکى ئەڵمانیا دەژیم و ژیان بۆ من وەک دۆزەخی لێهاتووە، بەهۆى هاوژینەکەمەوە دایک و باوک و خزمەکانم لە کوردستان بەجێهێشت و هاتمە ئەڵمانیا، بەڵام خێزان و منداڵەکانم لەدەستچوون، هەروەها لە سۆزى دایک و باوک کەسوکارم بێ بەش بووم."
 
مستەفا بە چاوى پڕ فرمێسکەوە گوتیشی "من، هەموو شتێکم لێرە (لە ئەڵمانیا) لەدەستدا، لەو شارەی من تێیدا دەژیم، 20 خێزانی دیکەی کورد هەمان کێشەیان هەیە و، هاوژینەکانیان مێردەکانی خۆیان دەرکردووە و بەتەنیا دەژین." 
 
د. عەبدولجەبار عەبدولجەبار، جڤاکناس و پسپۆری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان، لەبارەی چیرۆکی مستەفاوە لەکاتی بەشداریکردنی لە پۆدکاستی 'بەکاتی دهۆک' گوتی "مەرج نییە هەموو ئەو قسانەى ئەو گەنجە راست بن، رەنگە گوناهی ئەویشی تێدا بێت."
 
بەڵام پشتڕاستی کردەوە "بە گشتى خێزانى کورد کە دەچنە ئەوروپا، بەشێکیان ناتوانن خۆیان لەگەڵ کولتوورى ئەو وڵاتانە بگونجێنن، بۆیەش تووشى کێشە دەبن، بەشێکیشیان خۆیان لەگەڵ کولتوورى وڵاتانی ئەوروپا دەگونجێنن و هەندێک شت قبووڵ دەکەن بۆ ئەوەی وەک خێزان بمێننەوە، کە ئەگەر لە کوردستان بمانایەوە ئامادەنەبوون قبووڵی بکەن."
 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئەفسەرانی پۆلیسی ئیتاڵیا لە کەناراوی کارابینێری وڵاتەکەیان کاتێک بەشوێن تەرم و پاشماوەی بەلەمێکی نقومبووی کۆچبەران دەگەڕێن لە 26-2-2023. وێنە: Reuters

ئیتاڵیا بە رێگریکردن لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران تۆمەتبار دەکرێت

سەرۆکی رێکخراوی پزیشکانی بێسنوور رایگەیاند، حکومەتی ئیتاڵیا بە تۆمەتی پێشێلکردنی یاسایەکی تایبەت بە بەهاناوەچوونی کۆچبەرانەوە دەستی بەسەر کەشتییەکیاندا گرتووە و تۆمەتەکەش رەتدەکاتەوە. دەشڵێت، ئەم کارەی حکومەتی ئیتاڵیا رێگریکردنە لە بەهاناوەچوونی کۆچبەران.