رووداو دیجیتاڵ
پارتەکەی کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان هەڵبژاردنی پەرلەمانی بردەوە و بە جیاوازییەکی روون و ئاشکرا پێش پارتی ئۆپۆزیسیۆن کەوت. سەرۆکوەزیرانیش بردنەوەکەی بە "بومەلەرزەیەکی سیاسی" ناودەبات.
رۆژی یەکشەممە، 21ـی ئایاری 2023، هەڵبژاردنی پەرلەمانیی یۆنان بەڕێوەچوو. تاوەکو ئێستا %88ی دەنگەکان جیاکراونەتەوە و بەگوێرەی ئەنجامە بەرایەکان کە لەلایەن وەزارەتی نێوخۆی یۆنانەوە بڵاوکراونەتەوە، پارتی 'دیموکراسی نوێ'ی سەرۆکوەزیران کە پارتێکی نیمچە راستڕۆی دژە کۆچبەرە، لە کۆی 300 کورسیی پەرلەمان 145 کورسی بەدەستدەهێنێت، بەوەش تەنیا 5 کورسیی دەمێنێت بۆ ئەوەی زۆرینەی پەرلەمانی مسۆگەر بکات.
لەکاتێکدا پارتی 'سیریزا'ی ئەلێکسیس سیپراسی سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆن 72 کورسی بەدەستدەهێنێت. هاوکات، کۆمیونیستەکان 26 کورسی بەدەستدەهێنن و پارتەکانی دیکەش 57 کورسی دەبەنەوە.
چاوەڕواندەکرێت هەر 6 پارتە سیاسییەکەی دیکەی یۆنان بەربەستی %3 تێپەڕێنن بۆ ئەوەی پێ بنێنە پەرلەمانەوە.
ئەگەر هاتوو ئەم ئەنجامە پشتڕاستکرایەوە، میتسۆتاکیس سێ رۆژی لەبەردەست دەبێت بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لەگەڵ پارتەکانی دیکە هاوپەیمانی بۆ پێکهێنانی حکومەت دروستبکات، بەپێچەوانەوە، سێ رۆژ دەدرێتە دووەم پارت لە یۆنان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی هاوپەیمانی، ئەگەر هیچ کامیان بەدی نەهات، هەڵبژاردن دەچێتە گەڕی دووەم.
پارتی دیموکراسیی نوێ کە هەڕەشەی دیپۆرتکردنەوەی کۆچبەران و دروستکردنی دیوار لەسەر سنووری یۆنان و تورکیا دەکات، ئاماژەی بەوە داوە کە خوازیاری ئەوەن لە هەڵبژاردنی خوولی، بردنەوەیەکی یەکلاکەرەوە بەدەستبێنن بۆ ئەوەی سەربەخۆیانە بتوانن حکومەت پێکبێنن.
هەڵبژاردنی رۆژی یەکشەممەی یۆنان یەکەمە لەدوای ئەوەی وڵاتەکە داڕمانی ئابووری راگەیاند و قەرزدەرانی نێودەوڵەتی پاڵپشتی دارایی وڵاتەکەیان کرد بۆ ئەوەی لەو قەیرانە رزگاری بێت کە نزیکەی دەیەیەکە دووچاری هاتووە.
بەهۆی ئەو قەیرانەوە وڵاتەکە سیستەمی سکهەڵگوشینی پەیڕەوکردووە و مووچەی خەڵک کەمکراوەتەوە و هەڵاوسانیش بەرزبووەتەوە.
جگەلە پرسی کۆچبەران، داواکارییەکی دەنگدەران لەم هەڵبژاردنە، باشکردنی دۆخی ئابووریی وڵات و نەهێشتنی بێکاری بوو.
لەو 10 ساڵەدا رێژەی بێکاری لە یۆنان %15.24 بووە، ساڵی پار %12.70 بوو، مانگی ئایاری 2023 بۆ %10.90 دابەزیوە.
میستۆتاکیسی تەمەن 55 ساڵ کە ئەگەری هەیە ببێتەوە سەرۆکوەزیرانی یۆنان، دەرچووی زانکۆی هارڤاردی ئەمریکایە و شارەزای کەرتی بانکییە و لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکانیشدا بەردەوام لەپێش سیپراسی رکابەرەکەیەوە بووە، بەڵام لەدوای 28ی شوباتی ئەمساڵ رەزامەندی جەماوەرەکەی کەمیکرد دوای ئەوەی لە هەڵەیەکی تەکنیکی دوو شەمەندەفەڕ لەسەر هەمان هێڵ بەیەکیاندا کێشا و 57 کەس گیانیان لەدەستدا کە دوای لێکۆڵینەوەکان دەرکەوت ستافی وێستگەکەی شەمەندەفەڕ وەکو پێویست نەبووە و سیستەمی سەلامەتی شکستی هێناوە و بەسەریشچووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ