زانایانی ئەوروپی باس لە دۆزینەوەی چینە سەهۆڵێکی گەورە لە ژێر رووی مەریخ دا دەکەن

21-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
پێشبینیدەکرێت چینە سەهۆڵەکەی ژێر رووی مەریخ 3.7 کیلۆمەتر ئەستوور بێت
پێشبینیدەکرێت چینە سەهۆڵەکەی ژێر رووی مەریخ 3.7 کیلۆمەتر ئەستوور بێت
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

مانگی دەستکردی ئەوروپی، مارس ئێکسپرێس، وێنەی ناوچەیەکی هەسارەی مەریخی گرتووە کە زانایان بڕوایان وایە، دەکرێت چینێکی گەورەی سەهۆڵی لە ژێردا بێت. 
 
زانایان دەڵێن، ئەگەر سەهۆڵەکە بتوێنرێتەوە، بە قووڵایی دوو مەتر، ئاوەکە تەواوی مەریخ رووپۆش دەکات. هەبوونی ئەو سەهۆڵە، هیوایێکی دیکە بە مرۆڤ دەدات بەوەی لە داهاتوودا بتوانێت لەسەر هەسارە سوورەکە بژیت. 
 
لەژێر ئەم توێژاڵەی هەسارەی مەریخ دا، زانایان دەڵێن رەنگە چینێکی گەورەی سەهۆڵ هەبێت، کە ئەگەر بتوێتەوە، ئاوەکەی هێندەی دەریای سووری هەسارەی زەوی دەبێت. 
 
وێنەکان لە لایەن مانگی دەستکردی ئەوروپیی مارس ئێکسپرێسەوە گیراون کە بۆ کۆکردنەوەی زانیاری لە بارەی مەریخ، لە ساڵی 2003ـەوە لە خوولگەی هەسارەکەدا دەسووڕێتەوە. 
 
ئەو جۆرە چینانە لە ساڵی 2007 دۆزرابوونەوە، بەڵام روون نەبوو چییان تێدایە. 
 
دوای تێپەڕینی 15، ساڵ ئێستا داتاکان دەریدەخەن، ئەوانە چینی سەهۆڵ و خۆڵن و بە توێژاڵێکی خۆڵەمێشی گڕکانی کە چەند سەد مەترێک ئەستوورە، داپۆشراون. 
 
جیم گرین، بەڕێوەبەری بەشی زانستی هەسارەیی لە ناسا دەڵێت، "ئەمڕۆ، ئێمە تێگەیشتنمان بۆ ئەم هەسارەیە وەرچەرخاندووە. گالیسکەکانمان دەریدەخەن کە شێیەکی یەکجار زۆرتر لەوەی پێشبینیمان دەکرد لە هەوادا هەیە. کە ئێمە خۆڵەکەی شیدەکەینەوە، شێی تێدا دەدۆزینەوە. خۆڵەکەی ئاودارە، پڕە لە ئاو. ئەم دۆزینەوانە زۆر گرنگن."
 
زانایان دەڵێن، ئەوەی جێگەی سەرنجە، پێچەوانەی زەوی، ئاو و سەهۆڵەکە لە جەمسەرەکانی مەریخ نین، بەڵکو دەکرێت لە کەمەرەکەیدا هەبن. 
 
بە گوتەی ئەوان، ئەم چینانە پێشانیدەدەن کە مەریخ ئەو مەریخە نەبووە کە ئێستا دەیبینین، بەڵکو پڕبووە لە بەستەڵەک و دەریاچە و رووبار. 
 
کۆڵن ویڵسن، زانای ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی لە رابردوودا چەند ئاو لەسەر مەریخ هەبووە تا وایکردووە ئاوی سەهۆڵاوی بە ئەستووریی چەند کیلۆمەترێک کۆبێتەوە، کە ئەوە بڕێکی زۆر گەورەی ئاوە."
 
چینە سەهۆڵەکەی ژێر رووی مەریخ، چاوەڕواندەکرێت 3.7 کیلۆمەتر ئەستووربێت، ئەگەر مرۆڤ بتوانێت بیتوێنێتەوە، ئەوا بە قووڵایی دوو مەتر، هەموو مەریخ بە ئاو رووپۆش دەکرێت. 
 
زانایان دەڵێن، ئەوە هیوایێکی دیکەیە بۆ مرۆڤایەتی بۆ رۆژێک لە رۆژان، لەسەر مەریخ بژیت، بەڵام لەبەر ئەوەی چینە سەهۆڵەکە دەکەوێتە قووڵایی 300 مەترەوە، پێویستی بە کاری هەلەکەندن دەبێت. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە