حکومەتی ئەڵمانیا پاکێجێکی هاوکاریی 15 ملیار یۆرۆیی رادەگەیێنێت

20-05-2022
ئاڵا شاڵی
ئاڵا شاڵی
حکومەتی ئەڵمانیا پاکێجێکی هاوکاریی 15 ملیار یۆرۆیی رادەگەیێنێت
حکومەتی ئەڵمانیا پاکێجێکی هاوکاریی 15 ملیار یۆرۆیی رادەگەیێنێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لێکەوتەکانی شەڕی ئۆکراینا، گرانی و هەڵاوسان لە ئەڵمانیا، تەنگی بە هاوڵاتییان هەڵچنیوە. حکومەت بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە، پاکێجێکی هاوکاریی 15 ملیار یۆرۆیی راگەیاند.
 
بەراورد بە ساڵی رابردوو، لەم مانگەدا نرخی یەک لیتر بەنزینی سوپەر لە ئەڵمانیا 1.46 یۆرۆ بوو، ئێستا بە 2.05 یۆرۆیە. نرخی یەک لیتر گازیش 1.33 یۆرۆ بوو، بەڵام ئێستا بووەتە 196.0 یۆرۆ. 

 

حکومەت بڕیاریدا باجی سەر بەنزین 30 سەنت و گاز 15 سەنت بۆ ماوەی سێ مانگ کەمبکاتەوە. هەروەها لە مانگی داهاتووەوە بۆ سێ مانگ تیکیتی نۆ یۆرۆیی بۆ هاتووچۆ بە پاس و شەمەندەفەر دابینبکات.
 
لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، جگە لە شەمەندەفەرە خێراکانی ICE ،intercity ،Eurocity، هاتووچۆی نۆ یۆرۆیی بە پاس و شەمەندەفەر لە سەرتاسەری ئەڵمانیا بەردەست دەبێت.
 
لە زۆربەی هەرێمەکان لە ئێستاوە دەستیان بە فرۆشتی ئەو تیکتە کردووە و داواکاری زۆری لەسەرە. بەشێوەیەک تەنیا لە شاری ڤوپەرتالی هەرێمی نۆردراین ڤێستفالن، لە ماوەی 24 کاژێردا هەزار و 700 تیکت فرۆشراوە.
 
ئۆلاف لێمان، ئەندامی پەرلەمانی نۆردراین ڤێستفالن لە پارتی کریستیان دیموکراتەکان بە رووداوی گوت، "ئەوەی زۆر پۆزەتیڤە ئەوەیە کە ئەم پرۆژەیە هاندانێکە بۆ هاتووچۆی نزیک و بەکارهێنانی پاس و شەمەندەفەر، بەڵام ئەو ترسەی هەرێمەکان هەیانە ئەوەیە کە ئەو پاکێجی هاوکارییەی بۆ هەرێمەکان و بۆ هاوڵاتییان بەش نەکات. پرۆژەی تیکتی نۆ یۆرۆیی کە لە ئەنجوومەنی فیدراڵ پەسەندمان کرد، دروست و گرنگ بوو، بەڵام نابێت لەبیری بکەین کە دەمانەوێت چی بەدەست بهێننین. لە لایەک دەمانەوێت ئەرکی سەر شانی هاوڵاتییان کەمبکەینەوە، لە لایەکی دیکەش دەمانەوێت پەرە بە بەشی هاتووچۆی نزیک بدەین. ئەم تیکتی نۆ یۆرۆییە زیان بە داهاتی بەشی هاتووچۆی نزیک دەگەیێنێت. حکومەت دەبێت قەرەبوویان بکاتەوە و بەڵێنەکانی جێبەجێبکات تاوەکو خەڵک هانبدەین بە پاس و شەمەنەدەفەر هاتووچۆ بکەن." 
 
ئەو پاکێجە وەکو زۆربەی بڕیارەکانی دیکەی حکومەت، لایەنگر و دژبەری هەیە. فەرهاد شەمۆ کە هاونیشتمانییەکی دانیشتووی ئەڵمانیایە لەو بارەوە دەڵێت، "هاوکاری تیکت بە نۆ یۆرۆ ئەمە زۆر باشە، پێشتر زۆر گرانبوو، بەڵام بۆ سێ مانگ کەمە. بۆ نموونە باشە، بەڵام با درێژی کەنەوە." 
 
کێرستن نۆیمان، کارمەندە لە فرۆشگایەک و باس لەوە دەکات، "بەڕای من ئەم هاوکارییە هیچ سوودێکی ئەوتۆی نییە، چونکە لێرە شتێکت پێدەدەن و لەولا لێت دەستێننەوە. واتا هیچمان بەهیچ نەکرد. هەموو شتەکان گرانبوون، خۆراک، کەرە، سپاگێتیش وەکو زێڕ گرانبووە، نازانم بۆ." 
 
حکومەتی ئەڵمانیا هەروەها بە راگەیاندنی پاکێجی هاوکاریی وزە بۆ ئەو کەسانەی باج دەدەن، لە بەرامبەر هەندێک مەرج، تەنیا جارێک بەبڕی 300 یۆرۆ هاوکارییان دەکات. بۆ ئەوانەی کار ناکەن و سۆشیال وەردەگرن، 200 یۆرۆ و بۆ ئەو خێزانەشی کە منداڵیان هەیە، بۆ هەر منداڵێک 100 یۆرۆ پارەی هاوکاری دەدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە