رووداو دیجیتاڵ
ئەڵمانیا رایگەیاند، مانگی ئاب کەشتییەکی دیکەی سەربازی دەنێرێتە دەریای سوور بۆ پاراستنی کەشتییە بازرگانییەکان کە لە دوای جەنگی غەززە، کەوتوونەتە ژێر هێرشی ناوبەناوی حووسییەکانی یەمەن.
بۆریس پیستۆریۆ، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاند، کەشتییەکی سەربازیی وڵاتەکەی، بە ناوی هێسن، رۆژی شەممە دەستی بە گەڕانەوە کردووە و کەشتییەکی دیکە بە ناوی هامبۆرگ شوێنی دەگرێتەوە.
کەشتیی هێسن لە 23ـی شوباتی ئەمساڵ لە دەریای سوور جێگیرکرابوو بۆ ئەوەی لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی "ئاسپیدێس" کەشتییەکانی ناوچەکە بپارێزێت.
راگەیێندراوێکی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا باس لەوە دەکات، کەشتیی هێسن یاوەریی 27 کەشتیی بازرگانی کردووە و چوار جار بەرپەرچی هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی حووسییەکانی داوەتەوە.
ئەو هێزەی لەسەر کەشتییەکە دانرابوو، لە 240 کەس پێکهاتبوو.
پێنجشەممەی رابردوو، حووسییەکان رایانگەیاند، لە چەند مانگی رابردوودا، هێرشیان کردووەتە سەر لانیکەم 100 کەشتی لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەن.
ئەو هێزە چەکدارە لە تشرینی دووەمی پار دەستیان بە هێرشەکانیان کرد، بە گوتەی خۆیان ئەو کارەیان پاڵپشتیێکە بۆ فەلەستینییەکانی کەرتی غەززە، کە لە ژێر هێرشی خوێناوی و وێرانکەری ئیسرائیلدان.
ئەمریکا و بەرتیانیا بە هێرشی ئاسمانی وەڵامی هێرشی حووسییەکانیان داوەتەوە.
پار، ئەمریکای هاوپەیمانی نزیکی ئیسرائیل هاوپەیمانییەکی فرەنەتەوەیی بۆ "پاراستن"ـی کەشتییەکانی دەریای سوور پێکهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ