خەڵکی گوندێکی نزیک کانە داڕماوەکەی ئەرزنگان؛ ناوێرین ئاوی کانیی گوندەکە بەکاربهێنین

20-02-2024
راوین ستێرک
راوین ستێرک
پیسبوونی ئاوی کانیی گوندەکانی نزیک کانە داڕماوەکەی ئەرزنگان
پیسبوونی ئاوی کانیی گوندەکانی نزیک کانە داڕماوەکەی ئەرزنگان
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

گوندی باهچەچک سەر بە ئێلیچە لە پارێزگای ئەرزنگان و دەکەوێتە قەدپاڵی ئەو چیایەی بەشێکی کە کانێکی زێڕە، داڕماوە. دوای ئەو کارەساتە کە هێشتا نۆ کرێکار لەژێر کانە داڕماوەکەدا رزگارنەکراون، مەترسیی ژەهراویبوون لەسەر گوندەکە زیاتریش بووە.
 
خەڵکی گوندەکە لە ترسی مادەی سیانید، ئاوی کانییەکان ناخۆنەوە، چونکە کانییەکان لە چیاکەوە هەڵدەقوڵێن. ئێستا خەڵکی گوندەکان بۆ خواردنەوە و تەنانەت بەکارهێنانی رۆژانەش، دەچن ئاو لە گوندەکانی دیکە بە تانکەر دەهێنن.
 
محەممەد تەکین، گوندنشینی باهچەچکە، بە رووداوی گوت "ئاوی گوندەکەمان لە ژێرەوەی ئەو کانەوە دێت بۆ نێو کۆگەی ئاو، لەوێشەوە بەسەر گوندشینان دابەشدەکرێت، لەبەرئەوەی سەرچاوەی ئاوەکەمان نزیکە لە کانەکە و کانزاکان، ئێمە گومانمان بۆ دروست بووە لە ژەهراویبوونی ئاوەکە بۆیە ئەو ئاوە بەکارناهێنین بۆ خواردنەوە."
 
محەممەد هەروەها دەڵێ "تائێستا لایەنی بەرپرس هیچیان نەکردووە، بەڵام ئەمڕۆ موختاری گوندەکەیان ئاگادارکردووەتەوە کە دێن لە چوار شوێنەوە نموونەی ئاوەکە وەردەگرن."
 
هەفتەیەک بەسەر کارەساتی کانە زێڕەکەی ئەرزنگانی باکووری کوردستاندا تێپەڕدەبێت، کاتێک تیمی رووداو لە گوندەکە بوون، تیمێک هاتن و نموونەی ئاوی گوندەکەیان وەرگرت، خەڵکی گوندەکانی دەوروبەری کانەکە گلەییان هەیە و دەڵێن لەدوای کردنەوەی کانەکە، ژیانیان سەخت بووە.
 
کەمال یڵدرم، گوندشینە و رەشبینە بە دۆخەکە، دەڵێ "بەخوا هەموو شتێک گۆڕاوە، تەنانەت هەوای گوندەکەش گۆڕاوە، بەڵام ئێمە لە بەکارهێنانی ئاو بۆ خواردنەوە زیاتر نیگەرانین، هەموو شتێک گۆڕاوە، وەک خۆتان بینیتان ئێمە بە تانکەر ئاو دەکڕین."
 
ئایشە ئاڵتینای تەمەن 77 ساڵ، هەموو ژیانی لەو گوندە بووە، بە قسە گلەیی دەکات، بەڵام ئەوەی لە قسە زیاتر دیارە، ئەو خەمەیە کە لەنێو چاوەکانیدا بەدیدەکرێت.
 
عائیشە دەڵێ "هیچ شتێک نەماوە لە گوندەکەمان نەگۆڕابێت. ئێمە کشتوکاڵمان دەکرد، زەویمان هەبوو و ئاژەڵمان بەخێودەکرد، بەختەوەر بووین، لەو کاتەی ئەو مادانەیان هێنایە ئێرە ئارامیمان تێکچوو. چۆن دەبێ ئاو نەبێت، ئەو مادانەی هێنایان چی بوون، چیان کرد؟ تەنیا ئێمەیان ژەهراوی کرد، بەخوا تەنیا ئێمەیان ژەهراویکرد." 
 
گوندەکە لایەکی چیایە و لایەکەی دیکەشی رووباری فوراتە، ئێستا خەڵکەکەی ترسیان هەیە لە ئاوخواردنەوە و تەنانەت دەترسن هەواکەش ژەهراویبووبێت. 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دوو وێنەی نارین.

دوای 19 رۆژ تەرمی نارینی هەشت ساڵان لە ئامەد دۆزرایەوە؛ باوک و برایەکی دەستگیرکراون

مورات زۆرئۆغڵو، پارێزگاری ئامەد رایگەیاند: "بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەکان، نارین گورانی ونبوو، دوای کوشتنی خراوەتە ناو توورەکەیەکەوە و فڕێدراوە لێواری رووبارەکە. هەروەها بە بەرد و لق و پۆپی دار شاردبوویانەوە، بۆ ئەوەی هەر کەسێک لەوێوە تێپەڕێت، هیچ گومانێک نەکات."