رووداو - زاخۆ
جەمیل غازی جووتیارێکی گوندی بانکێیە لە ناحیەی دەرکاری لە زاخۆ، دوای پێنج ساڵ لە شەڕ و بۆردوومانی تورکیا و پەکەکە، بەهۆی پرۆسەی ئاشتییەوە توانیی بە ئارامی بچێتەوە نێو زەوییەکەی.
جەمیل غازی، جووتیار دەڵێت، "دۆخەکە زۆر ئارام بووەتەوە و هیچ کێشەمان نەماوە لەدوای پرۆسەی ئاشتی کەمتر دەنگی تەقە و دەنگی تۆپ لە چیاکان دەبیستین."
دوای پەیامەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە و ئاگربەستی تاکلایەنەی پەکەکە، دۆخەکە لە ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای دهۆک ئارامتر بووە. بەپێی رێکخراوی CPTی ئەمریکی، 48 کاژێرە هیچ شەڕ و بۆردوومانێک رووینەداوە.
لە گوندێکی بناری چیای مەتین لە دەڤەری نهێلی، کە دوو ساڵە شەڕ لەنزیکی هەیە، ئێستا بێدەنگ و ئارامە. پرۆسەی ئاشتی هیوای ئارامیی بۆ خەڵکی ناوچەکە هێناوە.
هاونیشتمانییەک دەڵێت، ئومێدیان هەیە کە خۆشی روویان لێبکات و ئەم دۆخە تێپەڕێنن، بەو شێوەیەش دەتوانن کار بکەن و مەڕ و ئاژەڵەکانیان ببەن بۆ لەوەڕاندن و ئارام بژین.
هاونیشتمانییەکی دیکە هیوای خواست کە پەیامەکەی ئۆجەلان ئەنجامی هەبێت و خەڵک و حیزبەکانی باشووری کوردستانیش پاڵپشتیی بکەن، بۆئەوەی ئەم ئاشتییە سەربگرێت.
بەپێی ئاماری CPTی ئەمریکی، بەهۆی شەڕی تورکیا و پەکەکەوە 107 گوند لە سنووری پارێزگای دهۆک چۆڵکراون؛ هەروەها 42 کەسیش بوونەتە قوربانی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ