لە دوو رووداوی تەقەکردن لە ئەڵمانیا 11 کەس کوژران؛ لەنێویاندا کورد هەن

20-02-2020
رێکار عەزیز @Rekar_Azeez
پۆلیسی ئەڵمانیا: یەکێک لە تەقەکەرەکان لەنێو ماڵەکەی خۆی بە مردوویی دۆزراوەتەوە
پۆلیسی ئەڵمانیا: یەکێک لە تەقەکەرەکان لەنێو ماڵەکەی خۆی بە مردوویی دۆزراوەتەوە
نیشانەکردن ئەڵمانیا
A+ A-
رووداو - ئەڵمانیا

11 کەس لە دوو رووداوی تەقەکردن لە ناوچەی هاناو لە فرانکفۆرتی ئەڵمانیا کوژران. بەپێی زانیارییەکانی رووداو چەند کەسێک لەوانەی کوژراون کوردن و پۆلیسی ئەڵمانیاش رایگەیاند، "تەقەکەرەکە لەنێو ماڵەکەی خۆی بە مردوویی دۆزراوەتەوە".
 
هەردوو رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو (چوارشەممە 19-02-2020) لە دوو کافێی جیاواز روویانداوە، پۆلیسی ئەڵمانیا رایدەگەیێنێت "رووداوی یەکەم کاژێر 9:00ـی شەو بەکاتی ئەڵمانیا بووە، کەسێک تەقەی کردووە و هەڵاتووە، دواتر چووەتە کافێیەکی دیکە لە کورت شوماخەر پلاتز (لە نزیک فرانکفۆرت)، جارێکی دیکە تەقەی کردووە و بەهۆیەوە چەند کەسێک کوژراون و برینداربوون".
 
پەیامنێری رووداو لە ئەڵمانیا رایگەیاند، پۆلیسی ئەو وڵاتە رایگەیاندووە تەقەکەرەکە بەرلەوەی تەقە بکات قسەی کردووە و پەیامێکی ڤیدیۆیی بڵاوکردووەتەوە. گوتیشی: "تەقەکەرەکە کەسێکی راستڕەوی ئەڵمانی بووە".
 
پەیامنێری رووداو دەشڵێت، تەقەکەرەکە 9 کەسی کوشتووە، دواتر لەنێو ماڵەکەی خۆیدا خۆی و دایکیشی کوشتووە، لە ڤیدیۆیەکدا پەیامێکی ئاراستەی حکومەتی ئەڵمانیا کردووە، تێیدا رەخنەی لە مامەڵەی وڵاتەکەی لەگەڵ کۆچبەران و خەڵکی بیانی گرتووە.
 
محەممەد رەشید، هاونیشتمانییەکی باشووری کوردستانە و لە شارۆچکەی هاناو-ی ئەڵمانیا دەژی، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "هێرشەکە لەلایەن چەند کەسێکەوە ئەنجامدراوە و  هێرشیانکردووەتە سەر دوو کافتریا، لە کافتریای یەکەمدا پێنج کەس کوژران و سێی دیکە بریندارن، کە هەر پێنج کوژراوەکە کوردن و خەڵکی باکوور و رۆژئاوای کوردستانن. لە کافتریاکەی دیکەش سێ کەس کوژراون کە یەکێک لە کوژراوەکان کوردە".
 
بە گوتەی محەممەد رەشید، هەفتەی رابردوو لە یەکێک لەو دوو کافتریایە، شەڕە چەقۆ روویداوە و بەهۆیەوە سێ کەس برینداربوون.
 
شاری هاناو دەکەوێتە باشووری ئەڵمانیا و 20 کیلۆمەتر لە رۆژهەڵاتی فرانکفۆرت دوورە و زیاتر لە 96 هەزار کەس لێی دەژین.
 

 

شوێنی رووداوەکە، وێنە؛ AFP

 
نوێدەکرێتەوە ..
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە