رووداو دیجیتاڵ
ئەنتۆنی بلینکن بەربژێری جۆ بایدن بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە گوتارێکیدا لە کۆنگرێسی وڵاتەکەی ئاماژەی بە گۆڕینی پلانەکانی وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی کرد، ئەو دەیەوێت دووبارە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لەگەڵ هاوپەیمانانی بونیاتبنێتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رکابەرەکانی ئەمریکا وەکو چین، رووسیا و کۆریای باکوور.
بلینکن پێشتر لە ئیدارەی ئۆباما جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بووە، دوێنی سێشەممە لە ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکا باسی بەشێک لە پلانەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکای کرد و ئاماژەی بەوەدا هەوڵەکانی بلینکن ئەوەیە کە پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەمریکا بگەڕێنێتەوە بۆ سەردەمی ئۆباما، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا سوپاسی بەشێک لە هەوڵەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکات لە رووبەڕووبوونەوەی چین و ئێران.
بەربژێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە ئاماژەدان بەوەی دۆناڵد ترەمپ چەندجارێک چینی تۆمەتبارکردووە بە هۆکاری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا دەڵێت: "پێموایە کارەکەی سەرۆک ترەمپ راست بوو لەوەی کە بەو شێوە تووندە رووبەڕووی چین بووەتەوە، هەرچەندە بەشێک لە هەنگاوەکانی باش نەبوون، بەڵام بنەمایەکی باشی هەبوون و یارمەتیدەر بوون لە کاروبارەکانی وەزارەتی دەرەوە".
ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ گرژییەکانی لەگەڵ ئێران گەیاندە لووتکە، کشانەوە لە رێککەوتننامەی ئەتۆمیی 2015 یەکێک بوو لە هەنگاوەکانی ترەمپ بۆ رێگریکردنی ئێران لە چالاکییە ئەتۆمییەکانی، ئەو رێککەوتنە پێشتر لە ئیدارەی ئۆباما واژۆکرابوو، بە گەڕانەوەی جێگرەکەی ئۆباما بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا، ئێران ئومێدی ئەوەی هەیە کە ئەو رێککەوتنە زیندووبکرێتەوە، جۆ بایدن ئاماژەی بەوە داوە کە ئەگەر ببێتە سەرۆکی ئەمریکا دەگەڕێنەوە سەر رێچکەی رێککەوتنی ئەتۆمی، بلینکنیش رایگەیاند کە ئیدارەی نوێی ئەمریکا داوای رێککەوتنێکی درێژخایەن و بەهێزتر دەکات.
هەروەها بلینکن ئاماژە بەوەش دەدات، دوای کشانەوە لە رێککەوتنی ئەتۆمی، ئێران کاتی زۆری لەبەردەستدا بوو بۆ دروستکردنی چەک، بەڵام ئەوان هەوڵدەدەن بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیان رێککەوتنێکی کۆنکرێتی لەبارەی دروستکردنی چەکەکانی ئێران بکەن.
یەكێکی دیکە لە تەوەرەکانی بلینکن کە تیشکی خستەسەر پەیوەندییەکانی ئەمریکا و تورکیا بوو، ئەو پێیوایە کە تورکیا وەکو هاوپەیمانێکی ناتۆ رەفتار ناکات، هەروەها پێداچوونەوە بەوەدا دەکەن کە ئەگەر پێویست بکات سزای زیاتر بەسەر تورکیا بسەپێنن بەهۆی کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی ئێس 400 لە رووسیا.
مانگی رابردوو دوای کڕینی سیستەمی دژە مووشەکی رووسی لەلایەن تورکیاوە، ئەمریکا گەمارۆی ئابووری خستەسەر وەزارەتی بەرگریی تورکیا، ئەنتۆنی بلینکن لەبارەی هەنگاوەکەی تورکیا دەڵێت: "ئەوە جێگای قبووڵ نییە کە تورکیا لەسەر یەک هێڵ بێت لەگەڵ گەورەترین رکابەری ستراتیژیمان کە مۆسکۆیە".
لە ساڵی 2017 دۆناڵد ترەمپ ئۆرشەلیمی وەکو پایتەختی ئیسرائیل ناساند هەروەها باڵیۆزی وڵاتەکەشی گواستەوە بۆ ئەو شارە، هەنگاوەکەی ترەمپ ئاڵنگاری و رەخنەی زۆری بەدوادا هات، چونکە فەلەستین و ئیسرائیلیش بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ئەو شارە هیی خۆیانە. لەو بارەیەوە پرسیار لە بلینکن کرا کە ئایا وەکو پایتەختی ئیسرائیل مامەڵە لەگەڵ ئۆرشەلیم دەکات، ئەو لە وەڵامدا گوتی: "بەڵێ"، هەروەها باڵیۆزی ئەمریکا لەوێ دەمێنێتەوە.
بلینکن ستایشی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و بەشێک لە وڵاتە عەرەبییەکانی کرد کە دۆناڵد ترەمپ و جەیرد کوشنەری زاوای پلانداڕێژەری ئەو رێککەوتنانە بوون، بەڵام لە هەمان کاتدا رەخنەی لەوە هەیە کە ئەو رێککەوتنانە هێندەی دیکە پەیوەندییەکانی ئیسرائیل و فەلەستین ئاڵۆز دەکات، بلینکن پێیوایە: دەبێت رێککەوتنێک بە هاوئاهەنگی فەلەستین و ئیسرائیل بکرێت، چونکە ئەوە تاکە رێگەیە بۆ دەستەبەرکردنی ئایندەی جووەکانی ئیسرائیل و پێدانی ئەو خاکەی کە فەلەستینییەکان داوای دەکەن".
ئەو لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکای کرد لە ئەفغانستان و رایگەیاند: سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دەیەوێت ئەوەندە هێز لە ئەفغانستان بهێڵێتەوە کە توانای رووبەڕووبوونەوەی هێزێکی هەبێت کە لەو وڵاتە سەرهەڵدەداتەوە. هەروەها ئاماژەشی بەوەدا زانیاریی تەواویان نییە لەبارەی رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ تاڵیبان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ