رووداو دیجیتاڵ
دوای چەند هەفتەیەکی پڕ لە بوومەلەرزەی بچووک، گڕکانێكی گەورە لە ئایسلاند تەقییەوە.
ئاژانسی کەشناسیی ئایسلاند دەڵێت، گڕکانەکە دووشەممە، کاژێر 10:17 خولەکی شەو بەکاتی نێوخۆ (واتە کاژێر 01:17ی بەرەبەیانی سێشەممە بەکاتی هەولێر) لە نیمچە دوورگەی ریکیانس لە باکووری شاری گرینداڤیک تەقییەوە.
دیمەنی ڤیدیۆیی گڕکانەکە پێشانیدەدات کە بڵێسە و پڕژەی بەردە تواوەکانی، لە ئاسمانی تاریکی ناوچەکەدا سوور دەچنەوە.
هەروەها دووکەڵێکی گەورە لە شوێنی گڕکانەکە بەرزبووەتەوە.
کاترین یاکۆبسدۆتیر، سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە لە پۆستێکی فەیسبووکدا دەڵێت: "هیوای باشترین دەخوازین، بەڵام دیارە کە ئەمە گڕکانێکی گەورەیە."
ئەو وڵاتەی باکووری ئەوروپا چەند هەفتەیەک بوو پێشبینی تەقینەوەی گڕکانەکەی دەکرد، چونکە بوومەلەرزەی بچووک لەو ناوچەیە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکردبوو، هەر بەو پێیەش، حکومەتی ئایسلاند هەزاران کەسی هاوینەهەواری بلوو لاگوون گواستنەوە کە بە ئاوە ساماڵییەکەی بەناوبانگە.
ئاژانسی کەشناسیی ئایسلاند وا مەزەندە دەکات کە درزێکی 2.8 کیلۆمەتری بەهۆی گڕکانەکەوە دروستبووبێت.
گودنی یۆهانسۆن، سەرۆکی ئایسلاند لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئێستا چاوەڕێدەکەین بزانین هێزی سرووشت چی لە هەگبەدایە،" هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە پاراستنی ژیانی خەڵک و ژێرخان، کاری لە پێشینەیان دەبێت.
پێشتر مەترسیی دەکرا بەهۆی بەرزبوونەوەی گڕ و دووکەڵی گڕکانەکە کێشە بۆ گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان دروستبێت، بەڵام فڕۆکەوانەی نێودەوڵەتی ریکیاڤیکی پایتەختی وڵاتەکە رایگەیاند، گەشتەکانیان بەردەوامن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ