سکرتێری گشتیی ناتۆ بۆ رووداو: پێویستە رێگەنەدەین پووتین سەربکەوێت

دوێنێ کاژێر 01:15
زنار شینۆ
زنار شینۆ @ZinarShino
سکرتێری گشتیی ناتۆ وەڵامی رووداو دەداتەوە
سکرتێری گشتیی ناتۆ وەڵامی رووداو دەداتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

ئەمڕۆ هەزار رۆژ بەسەر دەستپێکردنی هێرشی رووسیا بۆ سەر ئۆکراینا تێدەپەڕێت. مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ بە رووداوی راگەیاند، دەیانەوێت دڵنیابنەوە لەوەی ڤیلادمیر پووتین، سەرۆکی رووسیا لە جەنگی دژی ئۆکراینادا "سەرناکەوێت."
 
مارک رووتە پێش دەستپێکردنی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی یەکێتیی ئەورووپا لە برۆکسل، ئەمڕۆ (سێشەممە، 19-11-2024) قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کرد. 
 
لە وەڵامی پرسیارێکی زنار شینۆ، پەیامنێری رووداو، سکرتێری گشتیی ناتۆ گوتی "زۆر شانازی بەو کارەوە دەکەم کە ئۆکراینا لەپێناو سەرکەوتندا کردوویەتی، لەکاتێکدا چوار جار لە رووسیا بچووکترە و ئابوورییەکەی تەنیا دەکاتە 25٪ـی ئابووریی رووسیا."
 
سکرتێری ناتۆ هەروەها بە رووداوی گوت "رووسیا نەیتوانی سەربکەوێت، چونکە ئێمە لە رۆژئاوا و ئەوانی دیکەی سەرانسەری جیهان، ئامادە بووین ئەو شتانەی پێویست بوون بۆ ئۆکراینا دابین بکەین تاوەکو سەربکەوێت و، رێگری لە سەرکەوتنی پووتین بکات."
 
رووتە پێیوایە "گرنگە پووتین سەرنەکەوێت." و دەڵێت "ئەگەر وابێت، رووسیایەکی بەهێزتر لەسەر سنوورەکانمان دەبێت، بە رووبەر و توانای سەربازیی زیاترەوە. من بڕوای تەواوم هەیە بەوەی، رووسیا لەوێ ناوەستێت، بەڵکو دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر هەموومان لە رۆژئاوا. بۆیە پێویستە رێگریی لێبکەین، چونکە بەهاکانمان لە مەتریسدان، هەروەها سەلامەتیی هەموومان لە مەترسیدایە."
 

دەقی پرسیاری رووداو و وەڵامی سکرتێری گشتیی ناتۆ:

رووداو: سکرتێری گشتی، دوایین پرسیار، هەزار رۆژ دوای دەستپێکردنی جەنگی ئۆکراینا، لە پۆستی پێشووتدا وەک سەرۆکوەزیرانی هۆڵەندا و ئێستاش وەک سکرتێری گشتیی ناتۆ، پێتوایە ئەم جەنگە کۆتایی دێت یان مەترسی هەیە بۆ وڵاتانی دراوسێی ئۆکراینا، ئەندامانی ناتۆ و یەکێتیی ئەورووپا؟
 
مارک رووتە، سکرتێری گشتیی ناتۆ: لە 2014، رووسەکان کریمیایان گرت، دواتر جەنگ دەستیپێکرد. هێرشە سەرتاسەرییەکە لە کۆتایی شوباتی 2022 دەستیپێکرد، واتە هەزار رۆژ لەمەوبەر. زۆر شانازی بەو کارەوە دەکەم کە ئۆکراینا لەپێناو سەرکەوتندا کردوویەتی، لە کاتێکدا چوار جار لە رووسیا بچووکترە و ئابوورییەکەی تەنیا دەکاتە 25٪ـی ئابووریی رووسیا. رووسیا نەیتوانی سەربکەوێت، چونکە ئێمە لە رۆژئاوا و ئەوانی دیکەی سەرانسەری جیهان ئامادە بووین ئەو شتانەی پێویست بوون بۆ ئۆکراینا دابینی بکەین تاوەکو سەربکەوێت و، رێگری لە سەرکەوتنی پووتین بکات. بۆچی گرنگە پووتین سەرنەکەوێت؟ چونکە ئەگەر وابێت، رووسیایەکی بەهێزتر لەسەر سنوورەکانمان دەبێت، بە رووبەڕ و توانای سەربازیی زیاترەوە. من بڕوای تەواوم هەیە بەوەی، رووسیا لەوێ ناوەستێت، بەڵکو دەبێتە هەڕەشەیەکی مەترسیدار بۆ سەر هەموومان لە رۆژئاوا. بۆیە پێویستە رێگریی لێبکەین، چونکە بەهاکانمان لە مەتریسدان، هەروەها سەلامەتیی هەموومان لە مەترسیدایە. بۆیە پێویستە دڵنیابینەوە لەوەی ئۆکراینا سەردەکەوێت، ئەوە تەوەری یەکەمی ئەجێنداکەمانە، بە تایبەتی بەهۆی تێوەگلانی کۆریای باکوور و هێرشە ئاسمانییە گەورەکەی کۆتایی هەفتەی رابردوو. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

محەممەد جەنگیز ئۆز ناسراو بە (دکتۆر ئۆز). وێنە : AP

دکتۆر ئۆز بناسە؛ ئەندامی نوێی کابینەکەی ترەمپە

رووداو دیجیتاڵ محەممەد جەنگیز ئۆز ناسراو بە (دکتۆر ئۆز)، لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا، وەکو سەرپەرشتیاری ناوەندی چاودێری و خزمەتگوزارییە تەندروستییەکانی ئەمریکا دیاریکراوە.