رووداو دیجیتاڵ
ئەمریکا لە بابەتی کوژرانی جەمال خاشوقچیدا پارێزبەندیی دەداتە محەممەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعودیە. ئەوە لەکاتێکدایە پێشتر ئەمریکا بەهۆی رووداوەکەوە سعودیەی بە وڵاتێکی "نەویستراو" ناودەبرد.
لە شوباتی 2021دا نووسینگەی بەڕێوەبەرایەتیی هەواڵگریی نیشتیمانیی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا شازادەی جێنشینی سعودیەی بە سەرپەرشتیکاری کوشتنی جەمال خاشوقچی تۆمەتبارکرد. ئەو کاتەشی کە بایدن بۆ پۆستی سەرۆکایەتیی ئەمریکا بەربژێر بوو، گوتی، ئەو تاوانە کە لە ساڵی 2018 لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ کرا، سعودیەی کردووەتە وڵاتێکی "بێزراو."
محەممەد بن سەلمان لە کۆتایی مانگی ئەیلوولدا لەلایەن شا سەلمان، شای سعودیە بە بڕیارێکی شاهانە بە سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکە دیاریکرا. لەدوای دەستبەکاربوونی محەممەد بن سەلمان وەکو سەرۆکوەزیرانی سعودیە، پارێزەرانی رایانگەیاند کە "ئێستا ئەو لووتکەی دەسەڵاتی سعودیەی گرتووە" و بەوپێیەش دەچێتە ژێر سایەی ئەو پارێزبەندییەی کە دادگەی ئەمریکا بۆ سەرکردەی وڵاتان و بەرپرسە پلە باڵاکان دیاریکردووە.
لە نووسراوێکی رۆژی پێنجشەممەدا کە لەلایەن ئیدارەی بایدنەوە رەوانەی دادگەی واشنتن کراوە، هاتووە: "ویلایەتە یەکگرتووەکان دادگە ئاگاداردەکاتەوە کە محەممەد بن سەلمان، سەرۆکوەزیرانی شانشینی سعودیە ئێستا سەرۆکی حکومەتە و بەوپێیەش لەم کەیسەدا پارێزبەندی هەیە." ئەوەش واتای ئەوەیە کە هیچ رێکارێکی یاسایی لەنێوخۆی ئەمریکادا بەرامبەری ناگیرێتەبەر.
بەڵام ئاماژە بەوەش کراوە کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا دووپاتیدەکاتەوە کە سەرکۆنەی کوژرانی "قێزەونانەی" جەمال خاشوقچی دەکات.
ئەم هەنگاوەی ئیدارەی بایدنیش ناڕەزایەتیی لێکەوتەوە. هەریەکە لە خەدیجە جەنگیزی دەستگیرانداری خاشوقچی و لایەنگرانی کەیسەکە و نوێنەرانی رێکخراوی دیموکراسی بۆ جیهانی عەرەبی کە لەلایەن خاشوقچییەوە لە ئەمریکا دامەزراوە، سەکۆنەی ئەم هەنگاوەی ئەمریکایان کرد. خەدیجە لە تویتێکدا گوتی: "ئەمڕۆ جەمال جارێکی دیکە مردەوە."
سارا لیا ویستن، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری رێکخراوی دیموکراسی بۆ جیهانی عەرەبی گوتی: "ئیدارەی بایدن لە رێچکەی خۆی لایدا، دوای ئەوەی پێشنیازی پارێزبەندی بۆ محەممەد بن سەلمان کرد و لە لێپرسینەوە پاراستی."
جەمال خاشوقچی لە ساڵی 2018 لە کۆنسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبووڵ کوژرا. دەسەڵاتدارانی سعودیە سەرەتا نکۆڵیان لە کوشتنی خاشوقچی لە کۆنسوڵخانە کرد، بەڵام دواتر کوشتنەکەیان بۆ ئۆپەراسیۆنێكی تیمێکی هەواڵگری گەڕاندەوە کە بە "ئۆپەراسیۆنێكی دڕندە" ناویان برد. دادگەی سعودیە 5 کەسی بە تۆمەتبار لە قەڵەمدا، دوای دادگاییکردنیان بە 20 ساڵ بەندکردن، سزای دان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ