رووداو دیجیتاڵ
لە قۆناخێکی دیکەی پڕ لە ئاڵنگاریی سیاسی و ئابووریدا بۆ هەرێمی کوردستان، واشنتن پشتیوانی خۆی بۆ هەولێر دووپاتدەکاتەوە.
پەیامی پشتیوانیی ئەمجارە لەلایەن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی وڵاتەکەوە دێت.
بەگوێرەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە کۆبوونەوەیەکی نێوان ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ بلینکن جەختی لە پشتیوانیی ئەمریکا بۆ کردنەوەی بۆریی نەوتی [عێراق] - تورکیا کردەوە. هەروەها "بلینکن داوای لە حکومەتی عێراق کردووە، بەردەوام بێت لە پێکەوەکارکردن لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی سەقامگیری و خۆڕاگریی حکومەتی هەرێمی کوردستان."
لە ئاداری ئەمساڵەوە، هەرێمی کوردستان هەناردەی زیاتر لە 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی لەدەستداوە، کە سەرچاوەی سەرەکیی داهاتی بوو و لە سێ مانگی رابردووشدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ بەغدا لەسەر بودجەیەکی سێ ساڵەی فیدراڵی، گرژییان تێکەوت.
لە نامەیەکیاندا، سەرۆک و دوو ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بۆ سەرۆکی وڵاتەکەیان نووسیوویانە، "لایەنەکانی هاوپەیمانیی ئێران، مامەڵەیەکی قبوڵنەکراو لەگەڵ کورد و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن."
ئەو سێ کۆنگرێسمانە کۆمارییە دەڵێن: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لە لایەنی ئابوورییەوە خەریکە دەخنکێنرێت و لە لایەنی سیاسی و یاساییشەوە گوشاری لێ دەکرێت، لەوانەش دەگوترێت لە لایەن فایق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هەروەها لە لایەنی سەربازیشەوە لەلایەن ئێران و گرووپەکانی پشتیوانکراوی ئێرانەوە لە بەغدا هەڕەشەی لێ دەکرێت."
دەشڵێن هەوڵەکانی ئەنتۆنی بلینکن بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بۆریی نەوتی عێراق - تورکیا شکستی هێناوە و پێویستە ئەمریکا ستراتیژیێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ عێراق دابنێت.
دۆگڵاس سیلێمان، باڵیۆزی پێشووتری ئەمریکاش لە عێراق پێشتر بە رووداوی راگەیاند، دیارە هەندێ لایەن لە بەغدا و ئێران دەیانەوێت هەرێمی کوردستان و ئۆتۆنۆمییەکەی لاواز بکەن، بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد کە کێشەی سەرەکیی هەرێمی کوردستان نەبوونی یەکگرتوویی نێوخۆییە.
دۆگڵاس سیلێمان دەڵێت، "کێشەکە بە بڕوای من ئەوەیە کە سەرکردایەتیی هەرێمی کوردستان، هیچ کات ئەو هێزەی بەکارنەهێناوە کە لەنێو دەستووری عێراق دا بە هەرێمی کوردستان دراوە وەک هەرێمێک و کوردیش وەک گەلێک. بۆ ماوەی چەندین دەیە، ناکۆکی هەبووە لەنێوان بەشە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان و هەروەها لەنێوان لایەن جیاجیاکانی دا. هەندێجاریش بەغدایان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی خۆیان بەسەر لایەنێکی دیکەی کوردی دا بەهێز بکەن. بۆیە، بە بڕوای من، رەنگە باشترین ستراتیژی بۆ هەرێمی کوردستان ئەوەبێت کە بەدەنگێکی یەکگرتوو لەگەڵ بەغدا قسە بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ