رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی خەڵکی گەرمیان کە لە بەریتانیا دەژی، لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرێکدا بەهانای ئەو کەسانەوە چوو کە مەترسی لەسەر ژیانیان هەبوو و نزیکەی 30 کەسی رزگار کرد کە بەشێکیان ژن و منداڵ بوون. میدیای بەریتانیاش بایەخی بە هەوڵە مرۆڤدۆستانەکەی ئەو هاونیشتمانییە دا.
سەروەر مەحموود، هاونیشمانییەکەیە و لە شاری رێخسامی هەرێمی وێڵز لە بەریتانیا دەژی. سەروەر رۆژی هەینی، 19ـی ئایاری 2023 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "سوپەرمارکێتم لە سەنتەری شارەکە هەیە و کاژێر نزیک 10:00ـی شەوی چوارشەممە ئاگر لە دووکانێکی تەنیشتم کەوتەوە؛ سەرەوەی دووکانەکان باڵەخانەی نیشتەجێبوونن؛ یەکەم نهۆمی سەر دووکانەکان هەموویان خێزانیان تێدا دەژی؛ بۆیە پێش بڵاوبوونەوەی ئاگر و دووکەڵ چوومە نێو باڵەخانەکە و هەموو ماڵەکانم ئاگادار کردەوە".
لەگەڵ بڵاوبوونەوەی دووکەڵی رەشی ئاگرەکەدا و پێش ئاگاداربوونی تیمە فریاگوزارییەکان، سەروەر مەحموود چووە لە دەرگەی هەموو ماڵەکانی داوە و ئاگاداری کردوونەتەوە کە ئاگر هەیە و ژیانیان لە مەترسیدایە. سەروەر بە رووداوی گوت، "لەگەڵ هاتنە دەرەوەی ئەو کەسانەدا خۆشم منداڵم بە باوەش هێنایە دەرەوە تاوەکو مەترسی لەسەر ژیانیان نەبێت".
سەروەر مەحموود دەشڵێت، نزیک کاژێر 03:00ـی بەرەبەیان بە تەواوی ئاگرەکە لەلایەن تیمە فریاگوزارییەکانەوە کۆنترۆڵکرا؛ دڵخۆشیشە بەوەی هۆکاری رزگارکردنی کۆمەڵێک کەس بووە کە وەک خۆی گوتی، هەموو ئەو کەسانەی بووە هۆی رزگاربوونیان، خەڵکی وڵاتانی جیاوازی جیهان بوون.
ئەو هاونیشتمانییە کە پێش ئەوەی بگاتە ئەوروپا لە شاری کەلار نیشتەجێ بووە، گوتیشی، توانیویەتی نزیکەی 30 کەس لە مەترسییەکە رزگار بکات، کە لەنێویدا ژن و منداڵ هەبوون.
کارەکەی سەروەر مەحموود لە میدیای بەریتانیا بایەخی پێدراوە؛ رۆژنامەی زە لیدەری وێڵزی بڵاویکردەوە، ئاگر لە باڵەخانەیەکی شەقامی کینگ لە رێخسامی هەرێمی وێڵزی بەریتانیا کەوتەوە و هاووڵاتییەک بە ناوی سەروەر مەحموود ژیانی خۆی خستە مەترسییەوە و ژمارەیەک ژن و منداڵی لە نێو ئاگر و دووکەڵی باڵەخانەکە رزگارکرد.
رۆژنامە بەریتانییەکە لە سەروەری پرسیوە کە ئایا نەترساوە هەوڵی رزگارکردنی خەڵکەکەی داوە؟ سەروەر لە وەڵامدا گوتوویەتی، "بیرم لێ نەکردەوە. هەر کە هەستم کرد پێویستیان بە هاوکارییە یەکسەر رامکردە سەرەوە".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ