یەكەم هێلیكۆپتەر لە مەریخ فڕی

19-04-2021
لهۆن نەسرەدین
نیشانەکردن مەریخ ناسا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

هێلیكۆپتەری (ئینجنویتی) بووە یەكەم هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لە ئاسمانى مەریخ فڕی.
 
هێلیكۆپتەرەکەی ئاژانسی ناسا بە ئاسمانی مەریخدا فڕی و بەو جۆرەش چووە مێژووی مرۆڤایەتی وەک یەکەمین فڕین بە ئاسمانی ئەو هەسارە سوورەدا.
 
دیمەنی فڕینی هێلیكۆپتەرەکەی ئینجنویتی لەلایەن خودی هێلیکۆپتەرەکەوە رەوانەی ئاژانسی ناسا کرا و تێیدا دەردەکەوێت کە هێلیکۆپتەرەکە بە بەرزی چەند سانتیمەترێک بەرزدەبێتەوە و دواتر دەنیشێتەوە.
 
پێشتر ئاژانسی ناسا رایگەیاندبوو، قۆناخی یەکەمی فڕینی هێلیکۆپتەری ئینجنویتی بە بەرزی سێ مەتر و بۆ ماوەی 30 چرکە دەبێت و تێیدا 90 وێنە دەگرێت و رەوانەی زەوییان دەکات.
 
فڕینی هێلیکۆپتەری ئینجنویتی، یەکەمین جارە لە مێژووی مرۆڤایەتیدا روودەدات و بە داهێنان لە زانستی بۆشایی ئاسمان دادەنرێت.
 
فڕینی هێلیکۆپتەرەکە لەدواى ئەنجامدانى زنجیرەیەك تاقیكردنەوەى سەركەوتووانەى پرۆگرامى بەگەڕخستنى نوێ كە لە هەفتەى رابردوودا لەلایەن تیمی ناساوە ئەنجامدران.
 
پسپۆڕانی ناسا پێشتر رایانگەیاندبوو، پرۆسەى رەوانەكردنەوەى داتا و وێنەكان بە كوالێتیی ئاسایی لەنێوان هێلیكۆپتەرەكە و گەڕۆكى (پێرسیڤیرانس) و گەیشتنى بۆ زەوى چەند كاژێرێك دەخایێنێت و دواى تەواوبوونى پرۆسەى فڕینەكە، ناسا جارێكی دیکە نوێكردنەوەیەكى دیکە دەکات و دوایین داتا بڵاودەكاتەوە.
 
رۆژی 20ی شووبات، ئاژانسی فڕین و بۆشاییگەریی نیشتمانیی ئەمریكا (NASA) یەکەم گەڕۆکی گەیاندە سەر هەسارەی مەریخ.
 
لە 23ی شووبات، ئاژانسی ناسا یەکەم ڤیدیۆی کاتی نیشتنەوەی گەڕۆکەکەی لەسەر مەریخ بڵاوکردەوە، لەکاتی نیشتنەوەیدا گەڕۆکەکە تەپوتۆزی لەسەر هەسارەکە دروستکردووە. لەگەڵ نیشتنەوەشی کارمەندانی ئاژانسە ئەمریکییەکە دەست بە هاوارکردن و دەربڕینی خۆشی و چەپڵەلێدان دەکەن.
 
ئەمریکا بووە یەکەم وڵات لە جیهاندا وێنە و ڤیدیۆی سەر مەریخ لە نزیکەوە نیشانبدات. ناسا 25 کامێرا و دوو مایکی بە گەڕۆکەکەوە لکاندووە.
 
ئاژانسی ناسا تاوەکو ئێستا دوو ملیار و 400 ملیۆن دۆلاری خەرجکردووە بۆ ناردنی رۆبۆت و لێکۆڵینەوەکانی لەسەر ئەگەری ژیان لەسەر ئەو هەسارەیە و بەدوای ئاسەواری ژیاندا دەگەڕێت.
 
بەشێک لە زانایانی ناسا پێیانوایە بەر لە دوو ملیار و 500 ملیۆن ساڵ، ژیان لەسەر هەسارەی مەریخ هەبووە. ستیڤ جورزیک، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی ناسا ئاماژە بەوە دەکات، "لەوانەیە لە ناوەڕاست تاوەکو کۆتایی 2030 بتوانین لە چوارچێوەی زەوی و مانگ بچینە دەرەوە و مرۆڤ بنێرینە سەر مەریخ".
 
لەبەرئەوەی هیچ گرفتێك رووینەدا، (ئینجنویتی) بووە یەكەم هێلیكۆپتەر و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان كە لە ئاسمانى هەسارەیەكى دیكەدا فڕی. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە