رووداو دیجیتاڵ
شەپۆلێکی چڕی بەفربارین بەشێکی بەرفراوانی رۆژئاوا و باشووری ئەڵمانیای گرتووەتەوە و بووەتە هۆی پەککەوتنی هاتووچۆ و گەشتە ئاسمانییەکان.
بەهۆی بەفر و بەستنی رێگەکانەوە، چەندین رووداوی هاتووچۆ دروستبوون؛ هەروەها چەندین ئۆتۆمبێل و بارهەڵگر لە نێو بەفرێکی زۆردا چەقیون.
لە هەندێ شوێنیش ئەو ئامێرانەی خوێ و لم بە رێگەکاندا دەکەن، نەیانتوانی کاری خۆیان بکەن بەهۆی ئەوەی رێگەکان لە ئەنجامی گیرخواردنی ئۆتۆمبێلەکان داخراون.
تیمەک فریاگوزارییەکان، بەتانی و خواردنەوەی گەرمیان بەسەر ئەو کەسانەدا دابەشکرد کە لە ئۆتۆمبێلەکانیاندا لەنێو بەفردا گیریان خواردووە.
فەرمانگەی کەشوهەوای ئەڵمانیا پێشبینی دەکات لە چەند بەشێکی وڵاتەکە بۆ ماوەی چەند رۆژێکی دیکە بەفربارین بەردەوام بێت و تاوەکو سبەی شەممەش لە هەندێ شوێن نزیکەی 30 سەنتیمەتر بەفر ببارێت.
دۆخی خراپی کەشوهەواکە بووەتە هۆی پەککەوتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش.
لە فڕۆکەخانەی فرانکفۆرت، کە قەرەباڵخترینی ئەڵمانیایە، تەنیا رۆژی پێنجشەممە، زیاتر لە 300 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنرانەوە.
فڕۆکەخانەکە بڵاویکردەوە، بەهۆی بەفرەوە، رێڕەوی فڕۆکەخانەکە بۆ هەستان و نیشتنەوە مەترسیدارە، داواشی لە گەشتیاران کرد، پێش ئەوە بڕۆنە فڕۆکەخانە، دڵنیاببنەوە لەوەی گەشتەکەیان هەڵوەشێنراوەتەوە یان نا.
دۆچە بان، دامەزراوەی نیشتمانیی هێڵی ئاسمانیی ئەڵمانیاش، لە رۆژی چوارشەممەوە، چەندین شەمەندەفەری وەستاندووە؛ هەروەها خێرایی شەمەندەفەرە خێراکانی بۆ 200 کیلۆمەتر لە کاژێرێکدا سنوردار کردووە. دامەزراوەکە دەڵێت، هێڵی نێوان شتوگارت و پاریس، هەروەها فرانکفۆرت و پاریس زۆرترین کاریگەری بەفری لەسەر دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ