سامسۆنگ Galaxy S24 دەخاتەڕوو؛ لەکاتی تەلەفۆندا خۆی وەرگێڕان دەکات

19-01-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
گالاکسی ئێس 24.
گالاکسی ئێس 24.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سامسۆنگ دەیەوێت بە نوێترین بەرهەمی، تەختی پڕفرۆشترین مۆبایل بە ئایفۆن چۆڵ بکات. جگە لە بازدانێکی گەورە لە رووی کامێرا، پاتری، پڕۆسێسەر و شاشەوە، زنجیرەی گالاکسی ئێس 24 وەک یەکەمین مۆبایل، بە هاوبەشییەک لەگەڵ کۆمپانیای گووگڵ، بە زۆرترین تایبەتمەندیی ژیری دەستکرد بەهێزکراوە. 
 
ئێستا تەنیا بە کێشانی بازنەیەک بە دەوری هەر نووسین و شتێکی سەر شاشەدا دەتوانی یەکسەر لە ئینتەرنێت بەدوایدا بگەڕێیت.
 
کەیتی ئێدواردز، جێگری سەرۆکی بەشی گەڕانی گووگڵ لەبارەی تایبەتمەندییەکانی موبایلە نوێیەکەوە دەڵێت، "ئەمڕۆ ئەگەر شتێکم بینی و حەزم لێی بوو، پێویستە سکرینشۆتێک بکەم و دواتر لە ئەپەکە بڕۆمە دەرەوە تاوەکو لە ئینتەرنێت بەدوایدا بگەڕێم. رۆیشتن لە ئەپێکەوە بۆ ئەپێکی دیکە تا رادەیەک ناخۆشە و سەرنجت تێکدەدات. بەڵام ئێستا، تەنیا دوگمەی سەرەکیی دادەگری بۆ ئەوەی بازنەیەک بکێشی و بگەڕێی. لەو رێگەیەوە، هەرشتێکت ویست، دەتوانی دەستنیشانی بکەیت، وەک ئەم چاویلکانە".
 
هەروەها ئیدی خەمی ئەوەت نابێت تەلەفۆنێکت بۆ بێت و لە زمانەکەی تێنەگەیت. گالاکسی ئێس 24 خۆی وەرگێڕان لە نێوانتاندا دەکات. ئەم تایبەتمەندییە ئێستا بۆ 13 زمان بەردەستە. 
 
ئێس 24 ئەڵترا، رکابەرە بەهێزەکەی ئایفۆنە؛ کامێراکەی 200 مێگا پێکسڵە و بە ژیریی دەستکرد بەهێزکراوە. دەتوانی تاوەکو 100 جار وێنەکانی زووم بکەی، ڤیدیۆ بە 4K و 8K تۆماربکەیت. 
 
کامێراکەی بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، دەتوانێت لە شوێنە تاریکەکانیشدا روونتر لە هەر مۆبایلێک ڤیدیۆ تۆماربکات. 
 
هەروەها دەتوانی بە ژیریی دەستکرد، شتەکان لە ناو وێنەکاندا بسڕییەوە، شوێنیان بگۆڕی یان پشتەوەی وێنەکانت دەستکاری بکەیت، ئەمە جگە لەوەی کە رەنگەکانیشت بۆ جوانتر دەکات. 
 
رۆهـ تایموون، سەرۆکی بەشی ئەزموونی بازرگانیی موبایل لە کۆمپانیای سامسۆنگ باس لەوە دەکات، "ژیریی دەستکرد گۆڕانکاریی گەورە لە پیشەسازیی مۆبایلدا دروست دەکات. پێمان وایە سامسۆنگ گالاکسی ئەم گۆڕانکارییە بە دیموکراسی دەکات. لە کاتێکدا مۆبایلەکان دەبنە خاڵی سەرەکیی گەیشتنمان بە ژیریی دەستکرد، سامسۆنگ گالاکسی دەبێتە دەروازەیەکی کراوە بۆ ئەزموونکردنی سەلامەت و واتاداریی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاستی جیهان".
 
نوێبوونەوەی شاشەکەی 120 هێرتزە و رۆشناییەکەی دوو هەزار و 600 نیت-ـە، واتە رووناکی شاشەکە لە بەر هەتاویش بە بەرزی دەمێنێتەوە. 
 
رامەکەی 12 گێگابایت و پڕۆسێسەرەکەی لە جۆری نەوەی سێیەمی سناپدراگۆن 8ــە. پاترییەکەی 5000 ملی ئەمپێرە و شێوازی بەکاربردنی وزەی باشترکراوە بۆ ئەوەی 15٪ زیاتر بەراورد بە S23 بمێنێتەوە. 
 
سامسۆنگ گالاکسی ئێس 24 نرخەکەی لە 799 دۆلار دەستپێدەکات؛ گالاکسی ئێس 24 پڵەس، لە 999 دۆلار و گالاکسی ئێس 24 ئەڵتراش لە هەزار و 299 دۆلار دەستپێدەکات. 
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە