ترەمپ رەخنەگرێکی سەرسەختی گووگڵ، ئەپڵ و مایکرۆسۆفت دەکاتە سەرۆکی ئاژانسی پەیوەندییەکان

18-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ترەمپ کەسێکی بۆ پۆستی سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵیی پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی دەستنیشان کردووە کە رەخنەگرێکی سەرسەختی گووگڵ، مێتا و کۆمپانیا زەبەلاحەکانی دیکەی بواری تەکنەلۆجیایە.
 
ئەو کەسەی لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکاوە بۆ پۆستی سەرۆکی ئاژانسی فیدراڵیی پەیوەندییەکان دەستنیشان کراوە، (براندن کار)ە، کۆمارییە و لەلایەن ئیلۆن مەسکیشەوە پشتیوانیی لێ دەکرێت.
 
رۆژی یەکشەممە، ترەمپ لە راگەیێندراوێکدا (براندن کار)ی بە "جەنگاوەری ئازادیی رادەربڕین" ناوبرد.
 
ترەمپ دەڵێت، (کار) دژی ئەو دامەزراوە دادوەریانە "شەڕی کردووە" کە هەوڵیان داوە "ئازادییەکانی هاووڵاتییانی ئەمریکی بخنکێنن." ئەرکی داهاتووی (کار)، بە گوتەی ترەمپ، کۆتاییهێنانە بەو "هێرشە"ی لە رێگەی یاسا و رێکارەکانەوە دەکرێتە سەر "داهێنکاران"ی ئەمریکا.
 
لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا (کار) نووسیویەتی، "هەست بە شانازی" دەکات کە دەبێتە سەرۆکی ئاژانسی فیداڵیی پەیوەندییەکانی ئەمریکا. راشیگەیاند، "پێویستە تۆڕە سانسۆرکارەکە هەڵبوەشێنینەوە و مافی ئازادیی رادەربڕین بۆ ئەمریکییەکان بگەڕێنینەوە."
 
(کار) بەردەوام دەستەواژەی "تۆڕە سانسۆرکارەکە" وەک ئاماژەیەک بۆ گەورە کۆمپانیاکانی بواری تەکنەلۆجیا بەکاردەهێنێت.
 
رۆژی هەینی لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا (کار) گوتی، "فەیسبووک، گووگڵ، ئەپڵ، مایکرۆسۆفت و ئەوانی دیکە رۆڵی سەرەکییان لە تۆڕە سانسۆرکارەکەدا بینیوە و پێویستە هەڵبوەشێندرێتەوە."
 
(کار) پێشتر گەورەترین بەرپرسی کۆمارییەکان بوو لە ئاژانسی فیدراڵیی پەیوەندییەکان. کاری ئاژانسەکە رێکخستنی مۆڵەتی تەلەڤزیۆن و رادیۆ، دیاریکردنی نرخی ئینتەرنێتی ماڵان و کاروباری دیکەی پەیوەست بە پەیوەندییەکانە.
 
لەمێژە دەنگۆی ئەوە هەبوو (کار) دەکرێتە سەرۆکی ئاژانسەکە و لەگەڵ مەسک ببوونە هاوپەیمان.
 
مەسک دەوڵەمەندترین پشتیوانکاری ترەمپەوە و چاوی لەوەیە بتوانێت پشتگیریی ئاژانسی فیدراڵیی پەیوەندییەکان بۆ کۆمپانیاکەی کە ستارلینکە بەدەستبێنێت، کە لە رێگەی کۆمەڵێک مانگی دەستکردەوە لە ئاسمانەوە ئینتەرنێت دابین دەکات.
 
میدیای ئەمریکی دەڵێت، لە کۆتایی ساڵی 2020 کە هێشتا ترەمپ لە دەسەڵاتدا بوو، ئاژانسەکە 885 ملیۆن دۆلاری بۆ ستارلینک 885 دانا، بەڵام دواتر کە ئیدارەی جۆ بایدن دەسەڵاتی گرتەدەست، بڕیارەکەی هەڵوەشاندەوە چونکە کۆمپانیاکەی مەسک نەیتوانی بیسەلمێنێت وەک پێویست دەتوانێت ئینتەرنێت بۆ ماڵە گوندنشینەکان دابینبکات. (کار) دژی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەکە بوو.
 
مانگی رابردوو، (کار) لە گوتارێکدا لەو بارەوە نووسی: "بە تێڕوانینی من، ئەوە هیچ نەبوو جگە لەوەی شەڕێک بوو لە رێگەی یاساوە دژی یەکێک لە ئامانجە هەرە سەرەکییەکانی چەپەکان کرا، کە ئەویش بەڕێز مەسکە."
 
(کار) هەروەها لەگەڵ بەڵێن و پلانەکانی ترەمپ هاوڕایە بۆ سزادانی ئەو کەناڵە تەلەڤزیۆنانەی کە سەرۆکە هەڵبژێردراوەکە دەڵێت، لایەنگری و حیزبایەتی دەکەن.
 
ترەمپ چەندین جار داوایکردووە مۆڵەتی کارکردنی گەورە کەناڵەکانی وەک ABC، NBC و CBS هەڵبوەشێندرێنەوە.
 
لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەم ساڵدا، ترەمپ بە دیاریکراوی هێرشی کردە سەر CBS و گوتی، دەبێت مۆڵەتی کارکردنەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی پرۆگرامی "60 Minutes"ی کەناڵەکە هەڤپەیڤینی لەگەڵ کامالا هاریس، بەربژێری دیموکراتەکان کرد.
 
پڕۆژەی ترەمپ بۆ ساڵی 2025 کە روانگەی خولی دووەمی سەرۆکایەتییەکەی دەخاتەڕوو، یەکێک لە بەندەکانی لەلایەن (كار)ەوە نووسراوە و باس لە ئاژانسی فیداڵیی پەیوەندییەکان دەکات. لەوێدا، (کار) داوای رێکخستنەوەی کۆمپانیا زەبەلاحەکانی وەک مێتا، گووگڵ و ئەپڵ دەکات.
 
(کار) نووسیویەتی، پێویستە ئاژانسەکە چوار شت بکات: کۆمپانیا زەبەلاحەکان کۆنترۆڵ بکات، پەرە بە ئاسایشی نیشتمانی بدات، رێگە لەبەردەم خۆشگوزەرانیی ئابوورییدا بکاتەوە و ئاژانسەکە رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکاتەوە.
 
یەکەم جار لە ساڵی 2012دا (کار) بووە ئەندامی ئاژانسەکە.
 
لە ساڵی 2017، لە ماوەی ئیدارەی یەکەمیدا، ترەمپ ئەوی کردە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیی ئاژانسەکە.
 
پێش ئەوە، (کار) وەک پارێزەر لە بواری رێکخستنی کۆمپانیا و دامەزراوەکاندا کاری دەکرد.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە