سەرکردەکانی گرووپی 20 لە بەرازیل کۆدەبنەوە

18-11-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرکردەی 20 ئابوورییە گەورەکەی جیهان کە بە G20 دەناسرێن، بۆ کۆبوونەوەیەکی دوو رۆژی لە بەرازیلن.
 
جۆ بایدن و شی جینپینگ، سەرۆکەکانی ئەمریکا و چین بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنە شاری ریۆ دی جانێرۆی بەرازیل.
 
بڕیارە بەرەنگاربوونەوەی هەژاری، دابینکردنی پارە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و ژمارەیەک دەستپێشخەریی دیکەی فرەنەتەوەیی تەوەری سەرەکیی سەر مێزەکەیان بێت.
 
بۆ بایدن، ئەمە دوایین لووتکەی جیهانە کە تێیدا بەشدار دەبێت، لە کاتێکدا سەرکردەکانی جیهان چاوەڕێی ئەوە دەکەن بزانن لەدوای ئەو، بە گەڕانەوەی دۆناڵد ترەمپ بۆ کۆشکی سپی چی روودەدات.
 
سەرکردەیەکی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، سەرۆکی چینە کە تاوەکو ئێستا خۆی وەکو سیاسەتڤانێکی جیهانی و پارێزەری بازرگانیی ئازاد پێشانداوە.
 
لویز ئیناکۆی لولا دا سیلڤیا، سەرۆکە چەپەکەی بەرازیل میوانداریکردنی ئەم لووتکەیە وەکو دەرفەتێک بەکاردەهێنێت بۆئەوەی تیشک بخاتە سەر رۆڵی خۆی لە بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا.
 
کۆبوونەوەی لووتکە لە مۆزەخانەی هونەرە هاوچەرخەکانی ریۆ دی جانێرۆ دەکرێت.
 
ئاساییشی شوێنەکە تووندکراوە، بە تایبەتی لە کاتێکدا کە کۆبوونەوەکە چەند رۆژێکی کەم دوای ئەوە دێت کە کەسێکی راستڕۆی تووندڕۆ هەوڵیدا بە بۆمب هێرش بکاتە سەر دادگەی باڵای بەرازیل لە بەرازیلیای پایتەخەتی وڵاتەکە و دواتر خۆی کوشت.
 
لووتکەکە دەبێتە دوا لاپەڕەی گەشتی دیپلۆماسیی خاترخواستنی بایدن، کە لەو گەشتەدا چووە لیمای پایتەختی پیرۆ بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەی ئاسیا و زەریای هێمن کۆبێتەوە و دواتریش چووە دارستانەکانی ئەمازۆن.
 
بایدن هیواخوازە ئەو یاسا و رێکارانەی لە چوار ساڵی رابردوودا بۆ پاراستنی کەشوهەوا چەسپاندبوونی، بتوانن بەرگەی چوار ساڵی داهاتووی ترەمپ بگرن.
 
لووتکەی G20 هاوکاتە لەگەڵ کۆنفرانسی جیهانیی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان COP29 کە لە ئازەربایجان بەڕێوەدەچێت.
 
سەرنجی سەرەکی COP29 لەسەر دابینکردنی پارەیە لە لایەن وڵاتە دەوڵەمەندەکانەوە بۆ وڵاتە تازە گەشەسەندووەکان بۆ ئەوەی بتوانن بەرەنگاری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ببنەوە.
 
ئێستاش هەموو چاوەکان لەسەر ریۆ دی جانێرۆن بۆ ئەوەی سەرکردەکانی جیهان لەو پێناوەدا کارێک بکەن.
 
ئەنتۆنیۆ گوتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە سەرکردەکانی G20 کردووە "سەرکردایەتی و سازش" بنوێنن بۆ ئەوەی گەیشتن بە رێککەوتن ئاسان بێت.
 
وڵاتانی G20 لە دەردانی 80%ی ئەو گازانە بەرپرسن کە دەبنە هۆی گەرمبوونی گۆی زەوی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە